کۆمێنت

به‌ ره‌ش و سپی

11:21 - 2023-05-25
شیرین. ک
264 خوێندراوەتەوە

56

ئه‌مساڵیشم 2023 به‌خوێندنه‌وه‌ی رۆمانێكی ژاپۆنی ده‌ستپێكرد به‌ناوی (به‌ ره‌ش و سپی) نووسینی جوشنیرۆ تانیزاكی، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌سێ كۆڵه‌كه‌كه‌ی ئه‌ده‌بی ژاپۆنی سه‌رده‌مانی دوای جه‌نگ (یاسۆناری كاواباتا، یوكیۆ میشیما، تانیزاكی) پێنج رۆمانی كاواباتا و سێ رۆمانی میشیمام خوێندۆته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجارمه‌ ناوی تانیزاكی ببیستم له‌كاتێكدا چه‌ندین رۆمانی ته‌رجه‌مه‌ی زمانی عه‌ره‌بی كراون، هه‌رچه‌نده‌ تانیزاكی له ‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنیدا كه‌وتۆته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌دگار ئالان پۆ-ی ئه‌مریكی و قوتابخانه‌ی جوانناسی فه‌ره‌نسییه‌وه‌، به‌ڵام دواتر گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ نموونه‌ باڵاكانی ئه‌ده‌ب و هونه‌ری ژاپۆنی، له ‌رۆمانه‌كانیدا به‌دوای شوناسی رۆحیی ژاپۆنیدا ده‌گه‌ڕێ كه‌ له‌دوای یه‌كه‌م جه‌نگی جیهانییه‌وه‌ كه‌وتبووه‌ به‌ر مه‌ترسی شه‌پۆلی كەلتوری خۆرئاواوه‌، هه‌وڵده‌دا كەلتوری ژاپۆنی زیندوو بكاته‌وه‌و به‌رز رايگرێت، ره‌خنه‌ش له‌ شارستانیه‌تی خۆرئاوا ده‌گرێت كه‌ گه‌لێك له‌به‌ها جوانه‌ باڵاكانی مرۆڤایه‌تی له‌ق كردووه‌. 
له‌ده‌فته‌ری ئه‌مساڵمدا له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه‌ نووسیوومه‌: (شێوازی به‌ڕواڵه‌ت ئاسان و به‌ڵام له‌ڕاستیدا گران سیمایه‌كی هاوبه‌شی گه‌لێك له‌ رۆمانه‌ ژاپۆنییه‌كانه‌، ئه‌م رۆمانه‌ش له‌وبابه‌ته‌یه‌.. ته‌كنیكێكی ورد و تا راده‌یه‌ك ئاڵۆزی هه‌یه،‌ چونكه‌ رۆمانێكه‌ له‌ناو رۆمانێكی تردا.. ژیانی نووسه‌ری رۆمانی یه‌كه‌م تێكه‌ڵ به ‌ژیانی نووسه‌ری ناو ئه‌و رۆمانه‌ ده‌بێت كه‌ ده‌ینووسێت!!)
(دركی به‌وه‌ كرد قسه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌كات، چونكه‌ عاده‌ته‌ن ته‌نیایه‌، هاوڕێی راسته‌قینه‌ی نه‌بووه‌ و هه‌ر به‌ته‌نیا ژیاوه‌، رۆژانی به‌سه‌رده‌برد بێئه‌وه‌ی فرسه‌تی ئه‌وه‌ی هه‌بێت قسه‌ له‌گه‌ڵ كه‌س بكات..ل16)
كۆمێنت: (هه‌ر له ‌سه‌ره‌تاوه‌ منی خوێنه‌ر هاوسۆزیم بۆ میزۆنۆ كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌ نه‌بوو، كه‌سێتییه‌كی بێزراو، ناشيرین، ترسنۆك و ئه‌نتی سۆسیالی هه‌یه‌ سۆز و خۆشه‌ویستی بۆ هیچ كه‌سێك نییه‌و پێشیوایه‌ كه‌سیش ئه‌وی خۆشناوێ.. بێگومان ئه‌وه‌ی هیچ شتێكی نه‌بێت ناتوانێ هیچ ببه‌خشێت.. به‌ڵام رۆمانێكی سه‌رنجڕاكێشه‌ به‌ئاسانی خوێنه‌ر په‌لكێش ده‌كات تا كۆتایی، ئه‌و كۆتاییه‌ی هه‌ر شایانی كه‌سێكی وه‌كو میزۆنۆیه‌ كه‌ قاچی ده‌بێت به‌ته‌ڵه‌ی شه‌ڕانگێزیی و ده‌به‌نگی خۆیه‌وه‌..).

وتارەکانی نوسەر