بە ھەموو جۆرەکانی یەکێتیبوون

10:41 - 2023-05-27
ستران عەبدوڵڵا
173 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا
بە تیلەی چاوی رابردووی سەروەری، بە چاوی تیژی داھاتووی چارەنووس، بە برژانگی پارێزگاری لەم باسکە بە ھێزەی کوردایەتی نوێباو لەسەدەی بیستویەکدا
1
یەکێتی ... ھەموو ھەقیانە شانازی بەم تۆمارە مێژووییەوە بکەن، بەم رووباری خوێنەی دیجلە و فوراتی کوردەواری و کوردایەتییەوە بنازن. لەم تابلۆ گەورەیەی خەبات و تێکۆشانی 48 ساڵەدا خوێنی شەھید ئەستێرەی سوور، ئاڵایە، گۆچانەکەی مام دارعەسای دەست و پەنای حەسانەوەیە، کلێتەی سەری پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و جامانەی سەری تێکۆشەرانی دێرین، میدالی سەر سینگی دامەزرێنەران و کاسکێتی سەری سەرکردەکانی ناوەوەی وڵات و تەگبیری مەفرەزە سەرەتاییەکانی بادینان و شارەزوور و قوربانی فەیلییەکان و پارتیزانەکانی دوای ئەنفال و کیمیاباران، ئەمانە ھەمووی دیمەنی شۆڕشی نوێن. 
لەم ئەلبومەدا کادێرە بزۆز و بژووێنەکانی چەپ و کادێرە سەرڕاستەکانی کوردایەتیش ھەن، نامیلکەی ناو کەشکۆڵی پێشمەرگە و شارلستۆن لەپێی رێکخستنەکان و کچانی رووسوری نامەی چوکلێتی و نووسینی سەر دیواری زیندانەکان و دیواری لا کۆڵانەکانیش ھەن: کەم ژیان و کەڵ ژیان و کرێکارێکی ھەژاری کوردم و ھیچ پەشیمان نیم لەوەی کە کردم و یا کوردستان یان نەمان و یا کەرکوک و خانەقین یان تاماوین ئەجەنگینیش ھەیە، لەم تابلۆیەدا توڵەیتڵە ھەیە، کانی موراد و زەڵێ و دەباشان، خانووە قوڕەکان و سەنگەری ئاوەدان و گوندی خاپوور کراوی پورە مەنیج و پلکە بەسێ و میمکە غەزێم و یا عایشێ و داک میرخاس ھەیە.
2
لەم دیمەنە چڕ و پڕەدا ئێزگەکە و دیپلۆماسی و موفاوەزاتە حەیاتەکە و ئاسوودە بن و نەبەردی و نەبەزین و نەوەستان ھەیە. ئەنجومەنی گوند و ئەنجومەنی نیشتمانی و نوێنەران و باڵەخانەی حکومەتاتی و گربوونەوە و مانگرتن و «لێرە ناڕۆم ھەیە»
3
لەم دیمەنەدا دەخیلەی رەنجی رۆژھەڵات، باکوور و رۆژئاڤا ھەیە کە میوانی باشوور نین و خاوەن ماڵن، رەوتی دیموکراتی و نیشتمانی عیراق ھەیە کە نابێت لێڵی شۆڤێنیزم و تایفەگەری عیراقی قەت بەرچاومان لێڵ بکات، ئەزموونی شۆڕشگێری جەنگی گەلی جیھانی و جەنگەڵەکانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە لە خەباتیان بۆ داد و یەکسانی و ئازادی.
بەڵام یەکێتی لە بنچینە و لە کۆتایشدا ھەر یەکێتییەکی خۆمانییە، کە کوردستانییان لە جوتیار و کرێکار و ئەفەندی و کچان و کوڕانی نەوەدوای نەوە پێکیانھێناوە، یەکێتی بەری رەنجی ھەموو ئەمانەیە، ژانێکی مێژوویی نەتەوەی کوردە، کۆکتێلی گوشراوی رێکخستنی مۆدێرنی کوردەواری و دامەزراوەیی کوردایەتییە دوای دەیان ئەزموونی ناکام
4
وەکو مامۆستا گۆرانی شاعیر دەڵێت:
ئەمانەھەمووی جوانن شیرینن
رۆشنکەرەوەی شەقامی ژینن
بەڵام تەبیعەت ھەرگیزا و ھەرگیز 
بێ رووناکییە بێ بزەی ئازیز 
کە ئازیزی ھەموومان لەم حوزەیرانە دوور و درێژەی تێکۆشاندا ئایندە و نوێبوونەوەی یەکێتییە و گرەوی گەورەش ھەر ئەمەیە یاران
5
لەم تابلۆیەدا ئێوە و ئێمە و ئەوانیش هەیە.
كەمێكی ئەو سەروەریانەمان بەردەكەوێت. كە هی رابردووی دێرینە و پێكەوەش با شەڕ بۆ داهاتووەكەی بكەین كە هەر دەبێت داهاتووەیەكی زێڕین بێت. زۆری مێژوو ریشتووە و زۆر تری داهاتووی ئەو كاروانەمان ماوە.
وەزیفە و جەدوای مانەوەمان ئایندەکەیە، بۆیە با پێشمەرگەی ئەو داھاتووە بین.

وتارەکانی نوسەر