لە رۆژئاڤاوە

پڕۆژەی كورد و چارەسەری سیاسیی لە سوریا

09:45 - 2023-05-29
فەتحوڵڵا حوسێنی
271 خوێندراوەتەوە

ئیدارەی خۆسەری كورد پێشوازی لە گەڕانەوەی دیمەشق بۆ جامیعەی عەرەبی كرد، راشیگەیاند دۆزی هاوبەش لە نێوان ئیدارەی خۆسەری و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە و دەتوانرێت پێكەوە كاری لەسەر بكرێت.
ئیدارەی خۆسەری پاڵپشتی خۆشی بۆ هەر هەوڵێكی عەرەبی راگەیاند كە خزمەت بە رێڕەوی چارەسەر لە سوریا بكات، بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی گەلی سوریاش واپێویست دەكات دیمەشق بگەڕێتەوە نێو جامیعەی عەرەبی، بەمەرجێك ئەو هەنگاوە نەبێت بە لەمپەڕێك لەبەردەم چارەسەری سیاسیی قەیرانی سوریا كە پێی ناوەتە ساڵی 13ـەمەوە، بەڵكو دەبێت بەپێی بەرنامەیەك كاری لەسەر بكرێت بۆئەوەی بڕیاری گەڕانەوەی سوریا، هەنگاوێكی گرنگ بێـت و پرۆسەی سیاسیی بەرەوپێش ببات و هاندەریش بێت بۆ چارەسەری سیاسیی قەیرانی سوریا، لەبەرئەوە گرنگە كۆدەنگییەكی عەرەبی هەبێت لەسەر دیدگایەکی سیاسیی واقیعیانە كە توانای چارەسەرێكی تەوافوقی هەبێت و مافی هەموو پێكهاتەكانی سوریا زامن بكات، دژی داگیركاری توركیاش بێت بۆ خاكی سوریا و كار لەسەر كۆتاییهێنان بەو داگیركارییە بكات.
بەهەرحاڵ ئیدارەی خۆسەری دەتوانێت رۆڵێكی گرنگ بگێڕێت لە قۆناغی داهاتوودا، چونكە تایبەتمەندی خۆی هەیە لە بواری سیاسیی و ئابووری و ئەمنی و سەربازی و مرۆییەوە، كە زۆر گرنگن بۆ وڵاتانی عەرەبی و هەروەها بۆ چارەسەر لەسوریا، لەبەرئەوە چارەسەری سیاسیی تەنها لە رێگەی دیمەشقەوە نابێت و دەبێت هەموو سورییەكان بەشداربن تێیدا. 
پێشبینی ئەنجامی راستەوخۆش بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی ناكرێت، چونكە ئەوە پەیوەستە بە كات و توانای حكومەتی سوریاوە بۆ جێبەجێكرنی داواكارییەكانیان و رازی بوون بە گۆڕانكاری، لەگەڵ ئەوەشدا نزیكبوونەوەی دیمەشق و وڵاتانی عەرەبی دەتوانێت لانیكەم گوشار و هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر سوریا رابگرێت.
چونكە هەڕەشە و هێرشی توركیا مەترسییەكی رۆژانە بوو بۆ سەر دانیشتوان و پێكهاتەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا، پیشنیازی عەرەبیش بۆ گێڕانەوەی سوریا، سەرەتایەكە بۆ نەهیشتنی مەترسیی هێرشی توركیا و نەخشەڕێگایەكیشە بۆ چارەسەر لەدوای بەدەستهێنانی پاڵپشتی ئەمریكا و روسیا.
 رۆژنامەی تایمزیش لەم رووەوە ئاماژەی بە ئامادەبوونی سەرۆكی سوریا كردووە لە لوتكەی عەرەبیدا، كە ئەوە كۆتاییهاتنی یەك دەیە لە پەراوێزیی سوریا دەگەیەنێت، لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی خۆرئاوا دژ بەو هەنگاوە بوون.
ئێستا زیاتر لە دەیەیەك تێدەپەڕێت بەسەر جەنگی ناوخۆی سوریادا، بێ ئەوەی هیچ پێشكەوتنێك بەرچاو و رێكەوتنێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی سەبارەت بە قەیرانی ئەو وڵاتە بەدەستهاتبێت، ئەسەدیش هیچ تەنازولێكی نەكردووە لەبەرامبەر گەڕانەوە بۆ كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی، ئەوەش لەلایەن هەندێك لە سەكۆكانی ئۆپۆزسیۆنی عەرەبییەوە بەگومانەوە لێی دەڕوانرێت، بەڵام هەنگاوەكە لەلایەن كوردەوە پێشوازی لێكراوە و نەك هەر ئەوەش بەڵكو كورد وەكو هێزێكی بنەڕەتی و پڕۆژەی سیاسیی كامڵ پیشنازی خۆشی ئامادەكردووە بۆ چارەسەری قەیرانەكە لەناوخۆی سوریادا.
و: گۆران


وتارەکانی نوسەر