زووم

کاریگەری میدیا لەسەر ئەستێرەکان

10:46 - 2023-05-29
رۆزا دڵشاد مەریوانی
255 خوێندراوەتەوە

لە 16 ئایاردا فێستیڤاڵی کان-ی نێودەوڵەتی لە خولی 76 یدا کرایەوە ئەو ئەستێرەیەی ئەمساڵ رووناکی کامێراکانی بۆلای خۆی راکێشا دوای دابڕانێکی زۆر لە سینەما و فێستیڤاڵەکان و ئەمساڵ فیلمەکەی ئەو دەستپێکی کردنەوەی فێستیڤاڵەکە بوو ئەویش ئەکتەری ئەمریکی جۆنی دیپ-ە  کە فیلمی « Jeanne Du Barry جەین دو باری « یە تێیدا رۆڵی لویسی پانزەیەمی فەرەنسا دەگێڕێت، ئەوەی جێگەی سەرنجە دوای ئەوەی چەندین ساڵە ئەم ئەستێرەیە بەهۆی پڕوپاگەندە و تۆمەتبارکردنی لەلایەن ژنەکەیەوە هۆڵیوود لەهەموو کار و چالاکییەکی هونەری دووریخستبۆوە، بەڵام دوای زنجیرە داوا بەناوبانگەکەی دژی ژنەکەی و بردنەوەی داواکە هەوڵیاندا بیگەڕێننەوە، بەڵام بە پێی وتەکانی جۆنی دیپ بێت تازە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە هۆڵیوود، ئەم کارەشی بەڵگەیە بۆ ئەو قسەیە کاتێک رۆڵی لویسی فەرەنسای وەرگرت لە فیلمێکدا دەرهێنەرەکەی ژنە دەرهێنەری فەرەنسی «مایوین» ە و یەکەم بەرهەمی فێستیڤاڵی دەریای سووری سینەمایی نێودەوڵەتی و فەرەنسایە پێکەوە و لەلایەن شانشینی سعودییەوە خەرجی بۆ کراوە، دوای نمایشکردنی فیلمەکە ئامادەبوان حەوت دەقیقە چەپڵەیان بۆ جۆنی دیپ و فیلمەکە لێدا بەجۆرێک جۆنی دیپ هەستەکانی وروژاو دڵی پڕ بوو.
جۆنی دیپ نموونەیەکە بۆ ئەوەی هەندێکجار ئەستێرەیەک بەهۆی پڕوپاگەندە و تاوانبارکردنی بێ بنەماوە ژیانی هونەری دەشێوێنرێت و ئەستێرەی دەکوژێتەوە، ئەمە ئەوەیە کاتێک میدیای ئازاد بە دیوە خراپەکەیدا بەکاردەهێنرێت و لەلایەن کەس یان لایەنێکەوە هاندەدرێت یان فریودەدرێت بۆ وێرانکردنی ژیان هونەرمەندێک و دەیکاتە قوربانی، رەنگە زۆر نموونەی لەو جۆرە هەبێت، بەڵام وەکو جۆنی دیپ چانس و توانا و ئازایەتی ئەوەیان نەبووبێت لەبەردەم خەڵکی و میدیاکاندا بێ تاوانیی خۆیان بسەلمێنن و دواجار تا کۆتایی ئەستێرە و ناوبانگیان بکوژێتەوە.
هاوکات وەکو هەوادارێکی ئەم هونەرمەندە ئەم فیلمە نوێیەی جۆنی دیپ هەر کاتێک بەردەست بێت بۆ تەماشاکردن تەماشای دەکەم بێگومان ئەگەر لە سینەما بێت باشترە، چونکە ئەو جۆرە فیلمە مێژووییانە لە سینەما چێژبەخشتر دەبن بۆ بینین، وەکو باسیش دەکرێت ئەم فیلمە لەسەر ژیانی تایبەتی لویسی پانزەیەمە، کاتێک لە قۆناغێکدا بێ هیوا دەبێت لە ژیان، ژنێکی چینی کرێکار کە دەرهێنەری فیلمەکە رۆڵی دەگێڕێت بە زیرەکیی و سەرنجڕاکێشیی خۆی وردە وردە پلە کۆمەڵایەتییەکان دەبڕێت و سەردەکەوێت تا لە کۆتاییدا دەبێتە کەسی دڵخوازی لویسی پانزەیەم و بەهۆی ئەوەوە حەزی بۆ ژیان دەگەڕێتەوە.
بەپێی کاردانەوەی ئامادەبوانی فێستیڤاڵەکە بێت فیلمێکی مەزنە، بەڵام تەماشاکردنی باشترین بەڵگە دەبێت و بە رای من بوونی جۆنی دیپ لە هەر فیلمێکدا وادەکات کارێکی جیاواز و  سەرنجڕاکێشی لێدەربچێت.

وتارەکانی نوسەر