واز لە وشەی كۆتا بهێنن!

10:15 - 2023-05-31
مەریوان مەسعود
247 خوێندراوەتەوە

وشەی (كۆتا) یەكێكە لەو وشە نوێ‌ و نامۆیانەی سەرەتا لە بواری میدیای بینراو بەكاردەهات، ئێستاش بەشێوەیەكی فراوان هاتۆتە نێو بواری میدیای نووسراو، بێگومان یەكەمجار لە دیجیتاڵ میدیا و دواتر هاتە نێو رۆژنامە و گۆڤار و كتێبەكانیش.
كۆتا، ئەوەندەی من سەرو دەر لەگەڵ زمان دەربكەم، نەمبیستووە لە هیچ سەردەمێك و لە هیچ سەرچاوەیەك بەكارهاتبێت، بۆ نموونە ئێستا دەوترێت: كۆتا پرسیار، لە كاتێكدا پێشتر خۆی دوا پرسیار یان پرسیاری كۆتایی یان ئەخیر پرسیار بەكاردەهات.
یان دەوترێت: كۆتا ژمارە، پێشتر دەنووسرا: دوا ژمارە یان ژمارەی كۆتایی
كۆتا وتەت چییە؟ پێشتر دەنووسرا: دوا وتەت؟ 
سەرتان نەیەشێنم ئەم وشەیە لە هیچ زاراوەیەکی كوردیی و لە هیچ ناوچەیەك لە نێو خەڵك و تەنانەت بە نووسینیش بەكارنەهاتووە، ئیتر نازانم لە كوێ‌ داتاشراوە و تەرجەمەی سەقەتی چ زمانێكی ترە بۆ كوردی.
بەهیوام ئەوانەی زمانزانن، لەم وشە و زاراوانە بێدەنگ نەبن، چونكە لەم رۆژانەدا پۆستی نووسەرێكی باشم بینی لە وەسفی گۆڤارێك نووسیبووی (كۆتا ژمارەی ساڵ) لە كاتێكدا بەسانایی دەیتوانی بنووسێت: دوا ژمارەی ساڵ یان ژمارەی كۆتایی ئەم ساڵ!
لە كۆتاییدا یان بە زمانە ناخۆشەكە بڵێم (لە كۆتادا)، بەهیوام میدیا كوردییەكان وەكو سەریان لە هەموو شتێك تێكداوە و رەچاوی كەمترین ئیتیك و یاسا و هەستی مرۆڤەكان دەكەن، با واز لە زمان بهێنن و ئەویش سەقەت نەكەن و داهێنانی نامۆمان بۆ نەكەن و وشە و زاراوەی داتاشراو نەهێننە نێو زمانی كوردییەوە، چونكە بوون و مانەوەی نەتەوەیەكی وەكو كورد، فاكتەری سەرەكی (زمان)ە، نەك شتی تر.

وتارەکانی نوسەر