نامە چوكلێتییەكان و تەتەر و بێتەل لە شۆڕشی نوێدا

11:26 - 2023-06-01
وتار
573 خوێندراوەتەوە

بەهادین محەمەد

لە میژووی مرۆڤایەتیدا، دەسەڵاتداران  بە مەبەستی ئاگاداربوون لە كار و فەرمانەكانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان و بەستنەوەی بەشەكانی هێز و كارگێڕییەكانیان، پێویستیان بە رایەڵەیەكی گەیاندنی پەیام هەبووە، لە سەرەوە بۆ خوارەوە و بە پێچەوانەشەوە.
لە كوردستانیشدا، هەموو جووڵانەوە و بزووتنەوە و شۆڕشەكان، پێویستیان بە رایەڵەیەكی گەیاندن و راگەیاندن هەبووە، لە كۆندا هیچ ئامرازێكی گەیاندن و راگەیاندنی پێشكەوتوو لای شۆڕشگێڕان لە ئارادا نەبووە، دەسەڵاتداران پشتیان بە تەتەر بەستووە، تا بەو هۆیەوە پەیام و زانیارییەكانیان بگەیەنن بە هەڕەمی خوارەوە و هەر لە رێگای ئەو تەتەرانەشەوە لە هەڕەمی خوارەوە بۆ سەرەوە پەیام و زانیارییەکانیان گواستۆتەوە.
لە شۆڕشی نوێشدا، لەبەر نەبوونی هۆیەكانی گەیاندن و راگەیاندن، پەنا براوەتە بەر تەتەرەكان (خۆشڕۆكان)، بۆ هێنان و بردنی پەیامەكان، لە شێوەی زارەكی و نامە و نامە چوكلێتییەكاندا. تەتەرەكان چەند رەهەندێکیان لەخۆگرتبوو کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێدەکەین:
 یەكەم- تەتەری پیادە و سوارە، تەتەری پیادە زیاتر ژنان و پیاوان و هەندێكجار منداڵ و مێردمنداڵانی دەگرتەوە. تەتەری سوارە، بەو کەسانە دەگوترا وڵاخ و ئۆتومبێل و...هتدیان بەکاردەهێنا.
دووەم- تەتەری بەپێی شوێن، بۆ نموونە تەتەری ناوچە رزگاركراوەكان، یان شوێنی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و...هتد. هەروەها تەتەری ناوچە نیمچە رزگاركراوەكان، ئەو ناوچانەی بە شەو پێشمەرگەی تێدابووە و بە رۆژ هێزەكانی حكومەت دەیانگرتەوە. جۆری سێیەمیش تەتەری ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند بوون.
سێیەم: جۆرەكانی تەتەر لەسەر بنەمای كەسی، بۆ نموونە كەسانی ناو ریزەكانی رێكخستن، بەتایبەتی ئەو کەسانەی لە ناوچە رزگاركراوەكان یان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندیدا دەژیان. جۆرێکی تریان كەسوكاری پێشمەرگە و ئەو کەسانەی لەناو رێكخستنەکاندا بوون. هەروەها كەسانی هاوسۆزی جووڵانەوەكە یان دانیشتوانی گوندەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە کە وەك خۆبەخش ئەو کارەیان دەکرد. هەروەها دانیشتوانی گوندەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەند و ئەو كەسانەی لە داگیركەران بێزاربوون. سەرەنجام كەسانی دوولایی (موختارەكان).
چوارەم: تایبەتمەندییەكانی تەتەر، بۆ نموونە دەبوو لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە ساغ و سەلامەت بوونایە. هەروەها شارەزای رێگاكانی هاتن و چوون و مەترسییەكانی سەر رێگاکە بوونایە. ئەو کەسە دەبوو دوور لە گیانی خۆدەرخەری و بەرژەوەندیخوازی ئەو کارەی بکردبایە. دەبوو جێگای متمانە بوایە و هەستی بەرپرسیارێتی تێدا بەهێز بوایە.
پێنجەم: ئەركەكانی تەتەر بریتیبوون لە گەیاندنی پەیام و زانیارییەکان بە شێوەی زارەكی. واتە گەیاندنی نامە و نامە چوكلێتیەكان، گەیاندنی بڵاوكراوەكانی شۆڕش، بانگەشەکردن واتەواتی دژە دوژمن و پێچەوانەكەشی.
شەشەم: تەتەر لە رووی زمانەوانییەوە بە مانای پەیامبەر، وەڵامبەر، نامەبەر و تەتەر دێت، لە زمانی كوردیدا ئاماژەی پێكراوە، مەبەست لێی (خۆشڕۆیی)یە لە هاتن و چووندا، واتە بە مانای گوازەرەوەی پەیامی زارەكی و نووسراوەكان بووە، لە شارستانییەتە دێرینەكاندا، هۆكاری گواستنەوەكە لەبری تەتەر، كۆتری نامەبەر، شاپڵیتە، ئاوێنە، تەپڵ و شەیپور، ئاگر و دووكەڵ، راوەشاندنی ئاڵا و شمشێر و هەروەها لە رێگەی نەعرەتە و قریوە و قریشكەوە بووە. یەكەم تەتەریش كە بۆتە قوربانی لە مێژوودا و ناوی هاتووە، ئەو تەتەرە بووە هەواڵی سەركەوتنی سوپای ئەسیناییەكانی بەسەر سوپای داریوشی گەورەدا گەیاندووە و بە گەیشتنی و راگەیاندنی هەواڵەكە مردووە.
لە خۆرهەڵاتیشدا، دەستە و تاقمە یاخییەكان، بۆ ئاشكرا نەبوونیان پەڕلە (جفرە)یان لە نووسینی نامەدا بەكارهێناوە، (ئیخوان السفا) یەكێك لەو گروپانە بووە.
لە بزووتنەوەی كوردیشدا، تەتەرەكان رۆڵێكی كارایان هەبووە، لە گەیاندن و گواستنەوەی ئەو پەیامانەدا، لە دەرەوە و هەروەها لەناو زیندانیشدا هاتن و چوونی نامە چوكلێتیەكان، بەردەوام بووە كە تێیدا پەیام و زانیارییەكانی ناو زیندان و هۆنراوە و وەسێتەكانیان بەو تەتەرانەدا دەناردە دەرەوە و چەندین تەتەریش لەو نێوەدا گیراون و بوونەتە قوربانی.

نامە چوكلێتییەكان
ئەو نامانە بریتیبوون لەو نامانەی هەڵگری پەیام و زانیاری و فەرمانەكانی سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات و هەروەها خوارەوەی هەڕەمی دەسەڵاتیان بوون كە ناوەڕۆكی زۆریان وەك چوكلێت شیرین بوون. لە شۆڕشی كورددا، پەیامەكان لە رێگای نامەی ئاسایی، نامەی چوكلێتی یان لە شێوازی نوشتەدا ئامادە دەكران بۆ ناردنیان.
یەكەم: شێوازەكانی نامە چوكلێتییەكان بەمشێوەیە بوون، نامەكان لە شێوازی چوكلێت بۆ ئاسان قوتدان دەپێچرانەوە. هەروەها نامەكان لە شێوازی نوشتەدا ئامادە دەكران و دەدران لە تەوێڵی منداڵان. جگە لەمە لەبەرئەوەی ژنان كەمتر دەپشكێنران، نامەکانیان لەناو جلوبەرگەكانیاندا دەشاردەوە. جاری واش هەبوو نامە نوشتەییەكان لە تەوێڵی ئاژەڵەكان دەدرا، بە تایبەتی لە گوند و ئۆردوگاكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمدا، بەم شێوەیە نامەکان لە شاخ و هەردەكان پێشمەرگە وەری دەگرتن. زۆرجاریش نامەكان لەناو خواردن و دانەوێڵە و پێداویستییەكانی رۆژانەی گوندنشینەكاندا دەشاردرانەوە و دەگەیەنرانە جێگای مەبەست.
دووەم: جۆرەكانی نووسینی نامە چوكلێتەكان بەمشێوەیە بوو، سەردەمانێك، نامەكان بە دەرمانی تایبەت دەنووسران و لە شوێنی گەیشتنی دەكرانەوە. ئەو نامانەی بە وشەی (پەڕلە) دەنووسران و تەنها بەرامبەر بەپێی ئەو پەڕلەنامەیە دەیتوانی بیكاتەوە. 
كاتێك جووڵانەوەی كوردی توانی رادیۆ بخاتە گەڕ و دواتریش بێتەلی بەكارهێنا، تەتەرەكان بە خۆیان و نامە شیرینە چوكلێتیەكانیانەوە هەر لە هاتووچۆدا بوون.
پاش سەرهەڵدانی چاپ و نامە نووسین، بێتەل یەكێك بووە لە ئامرازەكانی گەیاندن و پێڕاگەیاندن لە سەرەوە بۆ دامێن و لە دامێنیشەوە بۆ سەرەوە. بەمشێوەیە توانراوە بەهۆی بێتەلەوە كارەكان و زانیاری و رێنمایی و فەرمانەكان و هەواڵی بەرەكانی شەڕ و لێكەوتەكانی بگەیەنرێتە جێگای مەبەست. 
سەرەتا بەكارهێنانی بێتەل بۆ كاری سەربازی و دواتریش بۆ راییكردنی كاری حكومی بەكارهێنراوە. لەناو حكومەت و شۆڕشیشدا، هەموو دامەزراوە و یەكە سەربازییەكان، لە رێگەی تۆڕەكانی پەیوەندییەوە بە یەكەوە بەسترابوونەوە و هەواڵ و زانیارییەكانیان دەنارد و وەردەگرت.
بە تایبەت لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێدا لە جووڵانەوە و شۆڕشەكانی كورددا، پاش دەستكەوتنی ئامرازی پەیوەندیی بێتەل، بە تایبەتی لە شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێدا، ئیتر پەیام و بڕیار و هەواڵ و زانیارییەكان، سەرەتا بەهۆی – داش-خاڵ-مۆرس)ەوە دواتر بە هۆی (پەڕلە-جفرە)وە دەنێردران، لە سەرهەڵدانەوەی شۆڕی نوێدا، هەوڵەكان خرانەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی بێتەل، لەلایەن هێزەكانی ی.ن.ک-ەوە کە بەم شێوەیە بووە، یەکەم: ساڵانی 1977-1978 هەوڵی بەدەستهێنانی بێتەل درا، چەند بێتەلێك دەسكەوتن، بەڵام لەبەر كەموكووڕییەكانیان نەتوانرا تۆڕی پەیوەندیی لێ دروست بكرێت. 
دووەم: ساڵی 1980 توانرا تۆڕێكی پەیوەندی لە نێوان هێزەكانی یەكێتیدا دابمەزرێنرێت. لە رێگای ئامڕازی بێتەلی (ووكی تۆكی)یەوە. كە بێتەلی دایكانەی لە شاخی مامەندە بوو، بۆ یەكەمجار لە (سێگرتكانی ناوچەی تەق تەق)ەوە، توانرا پەیام ئاڵوگۆڕ بكرێت، ئەویش لەسەر شەپۆلی كورت مەودای (V.H.F) كاری دەكرد. 
سێیەم: ساڵی 1981 یەكەمین دەزگای بێتەل بەم شێوەیە دابەشكرا:
ا-لە سەركردایەتی بێتەلێكی جۆری راكاڵ دانرا. 
ب-بێتەلێكی جۆری (بێڵ) لەلای هێزەكانی هەرێمی پێنجی قەرەداغ بووە. جـ-بێتەلێكی راكاڵ لە مەڵبەندی سێ دانرا. 
د-دواتر تۆڕێكی تر لە نێوان سەركردایەتی یەكێتیدا دامەزرا كە بێتەلی ناوەند بوو. هەروەها بێتەلێك لە هەرێمی چوار و بێتەلێك لای هێزەكانی چەمی رەزان. 
ساڵی 1982 كاتێك یەکێتی هێزەكانی لە هەرێم-ەوە گۆڕی بۆ مەڵبەند، دابەشكردنی بێتەلەكان بەم شێوەیە بووە: 
لە تشرینی دووەمی 1982دا لەگەڵ دامەزراندنی مەڵبەندەكاندا، هەموو تیپەكانی سەر بەو مەڵبەندانە، بێتەلی تایبەت بەخۆیان هەبوو، لێرەوە ئیتر پەیوەندیكردنی بێتەلەكان، بەم شێوەیە بوو، یەکەم: تەنها مەڵبەندەكان، دەیانتوانی پەیوەندیان لەگەڵ سەركردایەتی و مەكتەبی سەربازی و ناوەندی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و ناوەندی شۆڕشگێڕان و مەكتەبی دارایی و مەكتەبی سیاسی و راگەیاندن هەبێت. دووەم: هەر مەڵبەندە و لەگەڵ تیپەكانی خۆیدا پەیوەندیی دەکرد. سێیەم: هەموو مەڵبەندەكانیش پێكەوە پەیوەندییان هەبوو. 
چوارەم: ساڵی 1982 هەموو كەرەتەكانی سەربە تیپەكان بێتەلی خۆیان هەبوو، تەنها دەیانتوانی لەگەڵ تیپەكەی خۆیاندا پەیوەندییان هەبێت.
جۆرەكانی پەیوەندی
هەموو سەرە سەعاتێک پەیوەندیکردن بۆ مەڵبەندەكان و سەركردایەتی هەبوو. هەموو نیو سەعات جارێک بۆ مەڵبەندەكان و تیپەكان بوو. هەموو سەرە چارەكێكیش كەرتەكان و تیپەكان و مەڵبەندەكان پەیوەندیی تایبەت بە خۆیان هەبوو. 
تێبینی: جگە لەكاتی شەڕ و پێكدادانەكان، هەموان بۆیان هەبوو گوێگری هەموولایەك بن. 
لە سەرەتای بەكارهێنانی بێتەلدا پەڕلە (جفرە)ی سادە و ئاسان دروست دەكرا و كاری پێدەكرا. كە مەڵبەندەكان و تیپەكان دامەزران، هەر مەڵبەندە و لەگەڵ تیپەكەی خۆیدا پەڕلەی تایبەت بە خۆیان هەبوو. كەرتەكانی سەربە تیپەكان (پەڕلە)ی تایبەت بە خۆیان هەبوو. هەر مەكتەب و مەڵبەندەش لەنێوان خۆیاندا پەڕلەی تایبەتیان بەكاردەهێنا. 
سەركردایەتی، سكرتاریەتی سكرتێری گشتیی، لە پەیوەندیدا لەگەڵ هەر لایەكدا، پەڕلەی تایبەت بەخۆی هەبوو. كاتێك خۆهێما (مجفرە) لەناو هێزەكانی شۆڕشدا زۆر بوو، پەیوەندییە زۆر نهێنییەكان بە (پەڕلە- جفرە و خۆهێما-مجفرە)، دەکرا. کاتێ بەرەی كوردستانیش دامەزرا، حزبەکان، هەر یەكەو پەرلەی نێوان خۆیان بەكاردەهێنا، جگە لە پەڕلەی گشتی بەرەی كوردستانی کە لەلای هەموو حزبەکانی ناو چوارچێوەی بەرە هەبوو. 

 

پۆلێک پێشمەرگەی ی.ن.ک لە سەردەمی شاخدا

وتارەکانی نوسەر