یه‌كێتیی دوای ساڵێک لە دامەزراندنی، خەباتی چەکداریی لە چەند مه‌فره‌زه‌یەکی بچووكەوە دەستپێکرد و كه هێزی پێشمه‌رگه‌ش گه‌شه‌ی كرد، بەگوێرەی قۆناغەکان ناوی یەکە و ئۆرگانە عەسکەرییەکانی گۆڕانی بەسەرداهات.
قوه‌ته‌كان
وەک ئاماژەمان پێدا له سه‌ره‌تاوە مه‌فره‌زه‌ی سەرەتایی دروستکرد چ لە ناوەوەی وڵات و چ ناردنەوەی هێز لە سنووری شامەوە بەرەو شاخ.
ئه‌م مه‌فره‌زانه دواتر وردە وردە گه‌شه‌یان كرد و بە چەند مەفرەزەیەک (قوه‌ت)ێکیان پێکدەهێنا کە به ناوچه‌كاندا بڵاوببوونه‌وه.
دوای هەڵکشانی ژمارەی پێشمه‌رگه له رووی چه‌ندایه‌تی و چۆنایه‌تییه‌وه رێکخستنەوەی زیاتری پێشمه‌رگه‌ش گۆڕانكاریی له هێزەکاندا كرا و هه‌رێمه‌كان پێكهێنران.
هه‌رێمه‌كان به‌پێی ناوچه‌ی جوگرافی به‌سه‌ر ناوچه‌كاندا دابه‌شكران، هه‌ر هه‌رێمێك له چه‌ند كه‌رتێك پێكهاتبوو، باشووری کوردستان لە زاخۆوە بۆ خانەقین دابەشکرا بەسەر 10 هەرێمدا .
تیپه‌كان
دوای فراوانبوونی هەرێمەکان لەڕووی ژمارەی پێشمەرگە و فراوانبوونەوەی رووبەری ناوچە ئازادکراوەکان و زەرورەتی دابەزاندنی دەسەڵاتی بڕیاردان بۆ سەرکردە و فەرماندە مەیدانییەکان، سیستمی هه‌رێمه‌كان هەڵوەشێنرایەوە و له جێگه‌یاندا تیپه‌كان لە چوارچێوەی چوار مەڵبەنددا لەسەر ئاستی پارێزگاکانی باشووری کوردستان پێكهێنرا.
تیپه‌كان وەک یەکەی سەربازیی رێکخراو دابه‌شبوون به‌سه‌ر ئەو چوار مه‌ڵبه‌نددا كه بریتیبوون له:
مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك كه باره‌گای سه‌ره‌كی له گوندی حاجی مامه‌ند بوو له شارباژێڕ، دواتر گواسترایه‌وه بۆ گوندی به‌له‌كجار له بەری قه‌ره‌داغ.
تیپه‌كانی سه‌ربه مه‌ڵبه‌ندی یه‌ك بریتی بوون له 51ی گه‌رمیان، 53ی شێروانه، 55ی قه‌ره‌داغ، 17ی زمناكۆ، 33ی سلێمانی، 35ی سورێن، 37ی شارباژێڕ، 14ی کوڕەکاژاو 57ی سه‌گرمه، 59ی حه‌مرین، 11ی هه‌وارمان، 13ی شارەزوور و تیپی مه‌ڵبه‌ند کە دواتر هەردوو تیپی 13 و 11 لێکدران و کران بە تیپی 15ی شارەزوور.
مه‌ڵبه‌ندی دوو كه باره‌گای سه‌ره‌كی له گوندی سه‌رگه‌ڵو بوو تیپه‌كانی بریتیبوون له تیپی 21ی كه‌ركوك، 23ی سورداش، 25ی خاڵخاڵان، 27ی تۆکمە، 43ی ئاسۆس ، 44ی چه‌كوچ، 47ی پیره‌مه‌گرون، 49ی سارا 63ی جووتیاران، 68ی مامه‌نده، 61ی كوڕش، تیپی مەڵبه‌ند.
مه‌ڵبه‌ندی سێ كه باره‌گای له گوندی وه‌رتێ بوو له ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی، تیپەکانی بریتی‌بوو له 12ی سۆران، 14ی ئاكۆ، 19ی کۆڕەک 74ی باڵه‌ك، 77ی كۆدۆ، 78 كارۆخ، 79ی شەهیدان.
مه‌ڵبه‌ندی چواریش كه باره‌گای له گوندی سماقوڵی بوو، هەریەکە لە تیپەکانی 83ی هەورێ، 85ی بەڕانەتی، 86ی دەشتی هەولێر، 87ی قەرەچوغ، 90ی باواجی، 91ی سەفین، 93ی کۆیە، 97ی کۆسرەت، 99ی بیتوێن.
دواتر مه‌ڵبه‌ندی سێ و چوار كرا بە یه‌ك مه‌ڵبه‌ند به ناوی مه‌ڵبەندی سێ و هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ بووە لێپراسراوی مه‌ڵبه‌ندەکە و تیپەکانی هەردوو مەڵبەندەکە خرانە سەر مەڵبەندی سێ.
مەڵبەندی چوار لە 1987دا بۆ بادینان دروستکرا و شەهید ئازاد هەورامی کرایە بەرپرسی ئەو مەڵبەندە و هێزێکی 150 پێشمەرگەیی لەگەڵدا رەوانە کرا.
خه‌باتی پارتیزانی
دوای شاڵاوەکانی ئەنفالیش لەساڵی 1988 هێزی پێشمه‌رگه بەگوێری پێویستی و قەبارەیان هێزەکان لەسەر شێوازی رەتڵی پارتیزانی و بەتالیۆن رێکخرانەوە جگە لەوەش هێزێکی یەدەک لە رێکخستنە نهێنییەکان و پێشمەرگە دێرینەکان دروستکرا کە بەناچاری لەدوای ئەنفالەکان گەڕابوونەوە شار و شارۆچکە و ئۆردوگاکان بەناوی
(سوپای رزگاریی کوردستان - سرک) کە دواتر ئەو هێزە رۆڵی كاریگه‌ر و سه‌ره‌كی هه‌بوو له رزگارکردنی گشت شار‌و شارۆچكه‌كانی كوردستاندا لەکاتی راپەڕینی 1991دا.
سه‌رچاوه: سوود لە ئینسكلۆپیدیای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وەرگیراوە