لە رۆژئاڤاوە

رێڕەوێكی نوێ لە پەیوەندییەكانی سوریا و توركیادا

10:17 - 2023-06-06
فەتحوڵڵا حوسێنی
281 خوێندراوەتەوە

بە پێی قسەكانی ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سەرۆكایەتیی توركیا، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و دیمەشق پەیوەستە بە سێ بابەتەوە، یەكەم: شەڕی دژبە تیرۆر، دووەم: گەڕانەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ ناوچەكانی خۆیان، سێیەم: بەردەوامبوونی دانوستاندنی نێوان حكومەتی سوریا و ئۆپۆزسیۆن.
بێگومان قسەكانی كاڵن دوای بردنەوەی حزبەكەی دێـت لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی توركیادا و لە سایەی بەردەوامیی كێشەكانی ئەنقەرە و دیمەشقدا دێت، بەهۆی ئەو مەرجانەی هەردوولا سوورن لەسەری.
ئەگەر قۆناغی داهاتووش، كرانەوەیەك لە پەیوەندیی نێوان ئەردۆغان و ئەسەددا بەخۆوە ببینێـت، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە پرۆژەی توركیا لە سوریا سەركەوتوو بووە، چونكە تائێستا دیمەشق داوای كشانەوەی سوپای توركیا دەكات لە خاكەكەی، ئەنقەرەش باس لە گەڕانەوەی پەنابەران بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكات، پرسیارەكەش لێرەدا ئەوەیە كام ناوچە؟
توركیا دەیەوێت بەزۆر پەنابەران بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو ناوچانەی خۆی داگیریكردوون لە سوریا، پەنابەرانیش بەوە رازی نین، چونكە ئەوان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچە راستەقینەكانی خۆیان و دووربن لە مەترسیی جەنگ.
سوریا داواكەی توركیا بە ئیستفزازێكی روون تێدەگات بۆیە بە گشتی نە ئاوارەکان و نە دیمەشقیش پێی رازی نین، بەتایبەتی بەشێك لەو ناوچانەی توركیا داگیریكردوون بوون بە وێرانە بەهۆی پێکدادانەکانی نێوان سوپا و ئۆپۆزسیۆنی سەربە ئەنقەرە، بانگەشەی ئەنقەرەش بۆ شەڕ دژبە تیرۆر، جۆرێكە لە پڕوپاگەندەی لەرزۆک کە هیچ چاودێرێكی بارودۆخی سوریا و وڵاتانی عەرەبی بڕوای پێناکەن، ئەوە چ جای ئەوەی ئەمریكاش دركی بەوە كردووە، کە توركیا خۆی لە كارەكانی لەناو ناتۆدا دەدزێتەوە و لە شەڕی دژبە داعشدا و گومانیش دەكرێت یارمەتی لۆجستی پێشكەش بە گروپە توندڕەوەكان كردبێت.
هەرچەند مەولود چاوش ئۆغڵو-ی وەزیری دەرەوەی توركیا پێشتر رایگەیاندبوو کە وڵاتەكەی هەوڵدەدات پەنابەرانی سوریا بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا و بەشێوەیەكی  پارێزراو بگێڕێتەوە، دوای رێكەوتنیان لەگەڵ روسیا و ئێران و لە چوارچێوەی دانوستانەكانی «ئاستانە - سوچی»، بەڵام ئەمەش واتای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەنقەرە نیازی خراپ و نهێنی نییە لە قووڵكردنەوەی قەیرانی سوریادا،  بەڵكو بە پێچەوانەوە، بەكارهێنانی دۆزی پەنابەران تەنها ئیستفزازێكی سیاسیی توركیایە كە وەكو مەرج بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ سوریادا خستوێتیەڕوو.
لە بەیاننامەی كۆتایی كۆبوونەوەی چوارقۆڵی روسیا و توركیا و ئێران و سوریاشدا، كە لە 10 ئایاری رابردوو لە مۆسكۆ بەڕێوەچوو، وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە ئاشكرایان كرد کە رێكەوتوون لەسەر ئاسانكاریی بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکانی سوریا بەشێوەیەكی پارێزراو و شکۆمەندانە، بەبێ خستنەڕووی نەخشەڕێگایەك بۆ ئایندەی سوریا بە گشتی و پێویستی دۆزینەوەی رێكەوتنێكی سیاسیی، پێش گێڕانەوەی ئەو پەنابەرانە، كە لە بنەڕەتدا لەدەست ئەو جەنگە هەڵاتوون، كە خودی ئەو وڵات و لایەنانە هۆكاری بەردەوامبوونی و ئاوارەكردنیان بوون.
لەبەر هەموو ئەوانە، دەبێت سەرەتا رێكەوتنێكی سیاسیی و دواتر ئاشتەوایی ناوخۆیی بكرێت، دواجار پەنابەران بگەڕێنرێنەوە بۆ سوریا، ئەمەش داواكاریی هاووڵاتی بێ دەرەتانی سوریایە، كە باجی ئەجێندا دەرەكییەكانیان داوە لە وڵاتەكەیاندا و بەبێ خواستی خۆیان.

وتارەکانی نوسەر