وردتر

لە پێشوازیی جەنگی ئەتۆمیدا

10:29 - 2023-06-06
لەشکر حەمە ساڵح
325 خوێندراوەتەوە

حكومەتی مۆسكۆ گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكدا ئیمزا كردووە بۆ دروستكردنی پەناگەیەكی دژە چەكی ئەتۆمی لە ژێر نەخۆشخانەیەكی پایتەختدا كە بڕیارە بەر لە كۆتایی ئەمساڵ ئامادەبێت و رادەستی حكومەت بكرێتەوە.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی مۆسكۆ تایمز-ی روسیایی، حكومەتی ئەو وڵاتە لە رۆژی 26ی مانگی ئایاری رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ كۆمپانیایەكی بیناسازیدا ئیمزا كردووە بۆ دروستكردنی پەناگەیەكی تایبەت لە ژێر نەخۆشخانەی ناوەندیی سەربە نووسینگەی تایبەتی سەرۆكایەتی یەكێتیی روسیای فیدراڵ لە مۆسكۆ.
بەپێی رۆژنامەكە، ئەو پڕۆژەیە تایبەت و بەپەلەیە بۆ حكومەتی مۆسكۆ و پێویستە لە ماوەیەكی پێوانەییدا دروست بكرێت كە ئەوپەڕەكەی بگاتە رۆژی 20ی مانگی كانوونی یەكەم واتە چەند رۆژێك بەرلە كۆتایی هاتنی ئەمساڵ.
پەناگەكە تایبەتە بە لێپرسراوانی باڵای حكومەتی مۆسكۆ و جێگەی 800 كەسی تێدا دەبێتەوە و بەتایبەتی دژی چەكی ئەتۆمی و تیشكدانەوەی ئەتۆمی تا نزیكەی 10 کیلۆمەتر دروست دەكرێت. بەپێی سایتی سەرۆكایەتی روسیا، بودجەی پڕۆژەكەش بریتییە لە 35 ملیۆن رۆبڵی روسی (433 هەزار دۆلاری ئەمریكی).
ئەو پەلەپەلەی مۆسكۆ لە دروستكردنی پەناگەیەكی تایبەتی دژە چەكی ئەتۆمی و هەروەها ئاشكراكردنی وردەكارییەكەی لەلایەن رۆژنامەیەكی روسیا و خستنەڕووی تێچووەكەی بەشێوەیەكی شەفاف لە بەشی خەرجییەكانی سایتی سەرۆكایەتی روسیادا، مایەی تێڕامان و هەڵوێستەكردنە، پێدەچێت مەسەلەكە هەر دروستكردنی پەناگەیەكی دژە چەكی ئەتۆمی نەبێت، بەڵكو هێنانی ئەو باسە بۆ بەر رۆشنایی میدیا و سیاسەت و كردنێتی بە رۆژەڤ لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان. 
واتە، رەنگە دزەپێكردنی هەواڵەكە و ئاشكراكردنی وردەكارییەكانی؛ خۆی لە خۆیدا بەشێك بێت لە پلانی روسیا بۆ دروستكردنی ئەو پەناگەیە؛ روونتر پڕۆژەكەی مۆسكۆ هەر تەنها دروستكردنی پەناگەیەك نییە دژبە چەكی ئەتۆمی و تیشكدانەوەی ئەتۆمی، بەڵكو ناردنی پەیامێكە بۆ لایەن و وڵاتانی پەیوەندیدار وەك ئامادەكاریی روسیا بۆ ئەگەری جەنگ و هێرش و پەلاماری ئەتۆمی.
لەوەتەی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا لە مانگی شوباتی ساڵی 2022ەوە دەستیپێكردووە، چەند جارێك مۆسكۆ بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بە ئەگەری جەنگ و روبەڕوبوونەوەی ئەتۆمی داوە. هەرلە خستنەڕووی توانا و چەك و كڵاوە ئەتۆمییەكانەوە تا دەگاتە هەڕەشەكردن بە ئامادەكردنی پلانی بەكارهێنانی ئەو چەكانە بۆ هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، یان جووڵەپێكردنی كەشتی ئەتۆمی، یان چەك و كڵاوە ئەتۆمییەكانی بەشێوەیەكی گشتی.
مەبەستی مۆسكۆ لە وروژاندنی چەند جارەی پرسی چەكی ئەتۆمی جێگەی سەرنجە، تەنانەت بۆ خودی وڵاتە زلهێزەكانی جیهانیش، بە نموونەی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا كە بە نیگەرانییەوە لە سیاسەت و ستراتیژی مۆسكۆ دەڕوانن و رەچاوی درێژەكێشانی زیاتری جەنگەکە و روبەڕوبوونەوەی سەربازی دەكەن لە ئۆكرانیا. ئایا روسیا مەبەستێتی رای گشتی ناوخۆیی و جیهانی بۆ ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ئەتۆمی رابهێنێت یان بەپێچەوانەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە ئەو هێزێكی ئەتۆمیی زەبەلاحە و نابێت بوون و هەژموونی سیاسی و ستراتیژی ئەو لە مەسەلەی ئۆكرانیادا كورت بكرێتەوە!

وتارەکانی نوسەر