ستراکچەرەکانی حزبی سیاسی

10:41 - 2023-06-06
كازم جه‌باری
321 خوێندراوەتەوە

حزب نوێنەرایەتیی کۆمەڵگە دەکات و رۆڵ لە زەمینەی سەرهەڵدانی ژیانی سیاسیدا دەبینێت و  یەکێکە لە هۆکانی بەشداریی سیاسی و پایەکانی بەڕێوەبردن، هەروەک پردی پەیوەندییە لە نێوان هاووڵاتیان و لە سیستمی فەرمانڕەواییدا نوێنەرایەتییان دەکات.
 کورتترین ئامانجی حزب کارکردنە بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و هۆشیاریی گشتی و دوورترین ئامانجیشی گەیشتنە بە دوا پلە کە گرتنە دەستی دەسەڵاتە بۆ پراکتیزەکردنی پەیام و دروشم و پڕۆگرامەکەی.
دوو پایە سەرەکییەکەی حزب
دیارە هەر حزبێک لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت کە ئەوانیش سەرکردایەتی و کادران و ئەندامان و بنکە جەماوەرییەکەیە واتە سەرکردایەتی و رێکخستنەکەی و بنکەی جەماوەرییەکەی، کە پەیڕەو وەک دەستووری حزبەکە کارەکان و ئەرک و مافەکان لەنێوانیاندا دیاریدەکات و فۆڕمۆڵەیان دەکات، بەمەش هاووڵاتیان واتە بنکەی جەماوەریی لەسەر بنەمای ئەرک و ماف دەبن بە پایەی دووەم بۆ سەرکەوتنی پڕۆژە و بەرنامەکانی هەر حزبێک.
گۆڕانی وێنای حزب
هەر لە بنەڕەتەوە حزبی سیاسی، بە واتای  دوکانی سیاسی نییە بۆ هەڵلووشین و کۆکردنەوەی سەرمایە و بازرگانیکردن بەسەر خەڵک و کادران و ئەندامانی خوارەوەی خۆی، بەڵکو کار و ئەرکی لە پێشینەی ئەوەیە کە حزب بۆخۆی دەبێت ببێتە پلاتفۆڕمێک بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی پڕۆژە و پاکێجی ریفۆڕمخوازانە بە دەرککردن بەو کەلێنە سیاسی و خزمەتگوزارییانەی دەسەڵاتی کارگێڕی هەیەتی، ئەوەش بەئامانجی سوود گەیاندن بە خەڵک و پێشخستنی وڵات و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و رێگە خۆشکردن بۆ کرانەوە و دابینکردنی ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتیان و پێشکەشکردنی نموونەیەکی جیاواز لە کاری سیاسی. 
بنەماکانی کاری حزبایەتی و شێوازەکانی
حزبی سیاسی بۆخۆی تەبەنی بەرنامە سیاسییەکەی خۆی دەکات، کاتێکیش دەبێتە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتی پێشتر و دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەموو هەوڵێکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیە دەبێت کە تەبەنیی کردووە.
ئەمڕۆ لە جیهاندا دوو فۆڕم لە شێواز و نموونەی حزبایەتی باڵی بەسەر سیستمی سیاسیدا کێشاوە، نموونەیەکیان خۆرئاواییە و ئەوی دیکەیان نموونە خۆرهەڵاتییەکەیە. دیارترین جیاوازیی نێوان ئەم دوو شێواز و نموونەیەش ئەوەیە کە بەزۆری لە خۆرهەڵاتدا حزب  کراوەتە ئامانج و پیرۆزی و خەڵک دەبێت وەک تاج لەسەر سەری دایبنێت، یان زۆر کەس و ئاراستە کردوویانەتە دوکانێکی سیاسی بۆ پارە پەیداکردن و کۆنترۆڵکردن و مۆنۆپۆڵکردنی سەرمایە و داهاتی وڵات و ژیانی گشتی، بەڵام شێوازی دووەم ئەوەیە کە لە زۆرێک لە وڵاتانی خۆرئاوادا لەئارادایە و لەوێ حزب میکانیزمە نەک ئامانج، بۆیە هەرکاتێک حزب  نەیتوانی بەڵێن و ئامانجەکانی بەدی نهێنێت، ئدید فڕێدەدرێتە دەرەوەی خواستی هاووڵاتیان و ژینگەی سیاسییەوە و کۆتایی بە رۆڵی ئەو حزبە و بگرە زۆرجار کارەکتەرە سەرەکییەکانیشی دێت و ناتوانن لە حزبێکی دیکەشەوە بێنەوە ناو کایە سیاسی و کارگێڕییەکانەوە. 
هەر بۆیە حزب لە خۆرهەڵاتدا زۆربەی جار دیکتاتۆر بەرهەم دەهێنێت و ئەو دیکتاتۆرییەتەش وڵاتەکە بەرەو کاولکاریی و دواکەوتن دەبات و سیستمێکی چەوسێنەری لێ دەکەوێتەوە کەس لەسەر ئاستی تاک و کۆمەڵ و میدیا و پلاتفۆڕمە مەدەنییەکان و دادگاش ناتوانێت بەئاشکرا ناڕەزایی دەرببڕێت، ئەو بێدەنگییە گشتییەش تا درێژە بکێشێت، رێگەی زیاتر و فراوانتر لەبەردەم گەندەڵیی سیاسی و کارگێڕیی و داراییدا خۆش دەکات، بەپێچەوانەشەوە نموونەکەی خۆرئاوادا بەگشتی گۆڕانکاریی و ریفۆرم و خۆ ئەبدەیتکردنەوە و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و کرانەوە و فرەیی سیاسی بەرهەم دەهێنێت.
رەهەندە ئەدگارییەکانی نموونەی حزبی خۆرئاوایی
-1حزبی سیاسی توانای کێبڕکێ و ململانێی ئاسایی سیاسیی هەیه لەگەڵ رکابەرەکانیدا.
-2بوار بە پلۆرالیزمی سیاسی و فرەیی دەدات لە ژیانی سیاسیدا.
-3بڕوا بوون بە دیموکراسی و بیروڕای ئازاد.
-4بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی بێگەرد و شەفافدا.
-5قبوڵکردنی شکست و دەستاودەسکردنی دەسەڵات بەبێ کێشە و ئاڵۆزی بە حزبی براوە.
-6کارکردن بۆ بەدیهێنانی دەرفەتی یەکسان لەنێوان کادران و ئەندامان و بنکەی جەماوەریدا.
-7دانانی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو، لە پێناوی رەخساندنی دەرفەتی ژیانی سیاسی هاوبەشدا.
-8حزبی سیاسی پێویستی بە هێزی چەکدار نییە، بەڵکو پێویستی بە پڕۆژە و بەرنامەی سیاسییە، چونکە هێز لای دەوڵەتە نەک حزب، ئەوەش دەوڵەتە کە هەموان دەپارێزێت بە حزبە سیاسییەکانیشەوە.
-9پەپڕەوکردنی شەفافییەت لەڕووی داراییەوە، بەشێوەیەک حزب دەبێت سەرچاوەی داهاتی روون و ئاشکرا بێت، جگە لە ئابوونەی مانگانەی ئەندامەکانی، پێویستە سەرچاوەی هاوکاری و پڕۆژە ئابوورییەکانی دیاربێت، هێنانەدیی شەفایەت و تەبەنیکردنی سیستمێکی شەفاف.
-10پەروەردەی سیاسی بە گیانێكی نیشتیمانی و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی.
پایە دیارەکانی ستراكتچەری حزب
هەموو حزبێکی سیاسی پێویستە کۆمەڵێک پایە و هێڵی گشتی هەبێت کە لەلایەک لە رێکخراوە پیشەیی و(NGO) كان و گروپەکانی تری فشار جیای بکاتەوە، چونکە ئەم گروپ و رێكخراوە پیشەییانە لە پێناوی چەند ئامانجێکی کاتیدا دادەمەزرێن. بەگشتی گروپی بێ ئایدۆلۆژیان و لەسەر بنەمای بەرگریکرن لە پیشە و توێژێکی دیاریکراودا تێدەکۆشن بۆ نموونە کرێکاران و لە قۆناغێکی دیاریکردودا، ئەوەش بە کۆمەڵێک میکانیزمی وەک دروستکرنی فشار لەڕێگەی کەمپین و گردبوونەوە و کەناڵە بەردەستەکانەوە، بەڵام حزبی سیاسی پڕۆژەیەکی فیکری و ئایدیۆلۆژییە لێرەدا ئامانجەکانی درێژخایەنن و مەودای کارکردنیشی فراوانە و خەبات بۆ تەنها توێژ و پیشە و گروپێک ناکەن، بەڵکو زۆرجار ئامانجەکە نیشتمانییە و لەپێناوی تەواوی کۆمەڵگەدا خەبات دەکەن. بۆ نموونە خەباتکردن بۆ ئازادی و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی و دەستەبەرکردنی مافی تاکەکانی کۆمەڵگە. 
لەلایەکی دیکەشەوە بۆ جیاکردنەوە و تایبەتمەندبوونی حزبێک لە حزبێکی تر، ناکرێت هەموو حزبێک لەڕووی پاشخانی فیکری و ئایدیۆلۆژی و پەیڕەو و پڕۆگرام و و دروشم و لۆگۆ و رێبازی کارەوە وەک یەک وابن. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە حزب ئەم پایە و هێڵە گشتییانەی هەبێت:
1-ناو و شوناس: حزب پێویستە ناو و ناسنامەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت.
2-لۆگۆ: هێمایەکە کە کورترین پێناسەی حزبە بۆ ناسینەوە و جیاکردنەوەی لە حزبەکانی دیکە.
3-دروشم: هەموو حزبێکی سیاسی پێویستی بە چەند دروشمێکە بۆ ئەوەی لە سایەیدا درێژە بە خەبات و تێکۆشان بدات، پێویستیشە دروشمەکان ماناکانیان روون بێت و کورت و پوخت بن، زادە و هەڵقوڵاوی ئامانجە بەدیهێنراو و بەدینەهێنراوەکانی حزبەکە بێت کە خەبات بۆ تەواوکردنی بەدیهێنانیان دەکات.
4-حزبی سیاسی پێویستی بە دیسپلینە بۆئەوەی بەشێک بێت لە کاری بەکۆمەڵ، نەک کەسێک جڵەوی هەموو کارەکانی لەدەستدا بێت.
5-حزب بۆ رێکخستنی کارەکانی بەشێوەی دامەزراوەیی، پێویستی بە بەرنامە و پڕۆگرامی تایبەت بەخۆی هەیە.
6-حزب پێویستی بە ئۆرگان و کەناڵی تایبەت بەخۆیەتی بۆ گەیاندنی بەرنامە سیاسییەکەی، وەك رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن و ماڵپەڕ و سۆشیال میدیاو...هتد). 
7-حزب پێویستی بە رێکخستنە بۆ یەکخستنی ئەندامان و کادران و لێپرسراوانی حزبەکە و سەرپەرشتیکردنی کارەکانیان.
8-پێویستە حزبی سیاسی ئەدگار و جیاکەرەوەی تایبەت بەخۆی هەبێت کە لە حزبەکانی دیەکەی جیابکاتەوە.
9-پێویستە حزب خاوەنی باکگراوندی هێڵی فیکری و ئایدیۆلۆژیی خۆی بێت.
10-حزب پێویستە جەماوەری بێت، واتا تەنها ئەندام و لایەنگرانی خۆی بەس نییە، بەڵکو بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری و ئامانجە خواستراوەکانی، پێویستی بە جەماوەرێکی زۆرترە.
11-حزب بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پێویستی بە ستراتیژ و تاکتیک و میکانیزمیشە.
12-حزب پێویستی بە بەرنامەی ئەڵتارناتیڤە، تا لە گۆڕەپانەکەدا خۆی بسەلمێنێت.
13-حزب پێویستی بە کەسی خاوەن فیکرە و دەبێت ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی سیاسی و زانستیی و ئابووریی هەبێت.

وتارەکانی نوسەر