نمرەی بەرز کۆتایی رێگاکە نییە

10:31 - 2023-07-05
كازم جه‌باری
288 خوێندراوەتەوە

وێڕای پیرۆزباییم بۆ ئەو خوێندکارانەی لە پۆلی 12 نمرەی بەرزیان هێناوە، بەڵام واقیعێک هەیە ئەویش ئەوەیە نمرەی بەرز هێنان بە واتای کۆتایی رێگاکە نییە، مەبەستەکە ئەوەنییە نمرەی بەرز بێ بەها بکرێت، بەڵکو قسەکە ئەوەیە خوێندکار دوای ماندوبوون و کۆششێکی زۆر کە هەندێکجار لەبەر خوێندکاری پۆلی 12، بە درێژایی ساڵەکە خێزانێک بە تەواوی دەکەونە ئینزارەوە لەبەر داهاتووی خوێندکارەکەیان ئامادەن هەموو قوربانییەک بدەن، کەچی  کاتێک خوێندکار بە نمرەی بەرزەوە پێ دەنێتە زانکۆ و بە دونیایەک خەون و خولیاوە ئەو قۆناغە سەختە دەبڕێت ئەوەی مایەی نیگەرانییە داهاتووی روون نییە دوای تەواوکردنی خوێندن دەرفەتی دامەزراندن و خزمەت کردنیان پێنادرێت تا هەم بتوانن وزە و توانستەکانی خۆیان بخەنەگەڕ هەمیش حکومەت و دامەزراوەکانی کەرتی گشتی و تایبەت وەبەرهێنان لە تواناکانیاندا بکەن و رۆڵی خۆیان پێبدرێت هەستی بڕوا بەخۆبوون و گەیشتن بە خەون و خولیاکانیان لا دروست بێت دڵێکیشیان بە بڕوانامە و وڵات و نیشتمانەکەیان خۆش بێت و بگەن بە کار و نانی خۆیان.
لێرە سیستمەکە لەبارنییە دادپەروەری کۆمەڵایەتی لەژێر پرسیاری جدیدایە، ئاخر چۆن دەبێت خوێندکارێک کوڕە هەژارێک سەرەڕای ناهەمواری ژیان بڕینی زۆربەی بەربەستەکان، ئازایەتییە بتوانێت نمرەی بەرز بهێنێت کەچی کوڕە مەسئول و کوڕە بازرگان تەنها لەبەرئەوەی خاوەن پارە و هێزن هەموو دەرفتێکیان بۆ واڵایه دەتوانن لەو بەشانە بخوێنن کە کوڕە هەژار بە ئاسانی دەستی پێی ناگات یان دوای چەرمەسەرییەکی زۆر ئینجا چانسی ئەوەی دەبێت لەو بەشە بەرزانە وەربگیرێت.
قسەکە ئەوەیە هەتا کوڕە هەژارێک چنگی لە بەشێکی باش و دواڕۆژێکی باش و دامەزراندنێکی شایستە گیر دەبێت خواپێدراوان هەر پێش خوێندن تەواوکردن پێگە و جێگەیان بۆ دیاری کراوە و پارێزراوە، کەواتا گرنگ ئەوەنییە کێ تۆوەکە دەچێنێت گرنگ ئەوەیە کێ بەرهەمەکە دەدورێتەوە.
هەرچەندە من پێم وایە گەنجانی وڵاتی ئێمە کێشەی بڕوانامەیان نییە، لە وڵاتی ئێمە بڕوانامەدار زۆرە تا گەیشتن بە ئاستی کەڵەکەبوونی تواناکان، ئەمە لە دوور مەودادا کەڵەکەبوونی تواناکانی گەنجانی لێ دەکەوێتەوە دوور نییە ئاستی هەڵکشانی ناعەدالەتی و بێ بەهاکردنی بڕوانامە سەرنەکێشێت بۆ شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی گەنجانە، کە دروشمەکەی ئەوەبێت (بڕوانامەکانمان دەفرۆشین لەپێناوی نان)، لێرە کێشەکە نەبوونی بڕوانامە نییە، بەڵکو ئاریشەکە نەبوونی هەلی کار و دەستخستنی پیشەیە.

وتارەکانی نوسەر