دەروازە
جیۆپۆلەتیك لەو چەمكانەیە، كە ساڵانێك لە ناوەندە زانستی و سیاسی و تەنانەت سەربازییەكانیشدا جێگەی مشتومڕبوو، بەتایبەتی لە دەورانی جەنگەکانی یەكەم و دووەمی جیهاندا. زەمینەی گەشەكردنی جیۆپۆلەتیك هاوكات بوو لەگەڵ سەردەمی فراوانخوازیی كۆڵۆنیالیزمی خۆرئاوایی.
ئەو سەردەمەی بەچاوی هێزەوە تەماشای دەوڵەت دەكرا، وڵاتان تەنها لە هەوڵی پارێزگاری شوناسبەندیی دەوڵەتەكەیاندا نەبوون، بەڵكو كەڵكەڵەی داگیركاری و سەردەستەیی و حەزی حكومكردنی جوگرافیایەكی بەرینتر لەوەی لەبەردەستیاندا بوو لە ئارادابوو.
ئەوان بەدوای پێگە و دۆزینەوەی خاڵە بەهێزەكانی دەوڵەتەكەیاندا دەگەڕان، فۆكسیان لەسەر ئەوەبوو چۆن بتوانن، سوود لە لایەنە جیاوازەكانی زانست وەربگرن و بەشێوەیەكی پراكتیكی بەكاریبهێنن تا لەو ڕێگەیەوە پلان بۆ فراوانخوازییەكانیان دابڕێژن و جیۆپۆلەتیكا بخەنە خزمەتی هێزی دەوڵەتەوە.
گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان جەنگەکان و شۆڕش دروستیان دەکەن، بۆیە لەوێوە دەبنە خاڵی وەرچەرخان
چەمك و زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیك
ده‌سته‌واژه‌ی جیۆپۆله‌تیكە لەلێکدانی هەردوو وشەی (Geo) و (Political)ی یۆنانی پێکهاتووە به‌واتای سیاسه‌تی زەوی و ئه‌وه‌ی جیای ده‌كاته‌وه له جوگرافیای سیاسی؛ خوێندنه‌وه و شیكاركردنه بۆ داهاتووی كێشه‌كانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان به كه‌ره‌سته‌ی نوێوه.
هه‌رچه‌نده لایەنی باشەی به‌كارهێنانی زاراوه‌ی «جیۆپۆله‌تیك» و جیاوازییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جوگرافیای سیاسی‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جوگرافیزانی سویدی رۆدلف كیلین کە به‌لای كیلینه‌وه جیۆپۆله‌تیك ژینگه‌ی سروشتیی ده‌وڵه‌ته. ئەم جیۆپۆلەتیك ناسە كاریگه‌ریی جوگرافیزانه ئه‌ڵمانییه‌كانی زۆر له‌سه‌ر بوو به تایبه‌تی ڕاتزڵ.
ده‌وڵه‌ت به لای كیلینه‌وه بوونه‌وه‌رێكی زیندووه، زه‌وییه‌كه‌ی له جەستەی پایته‌خته‌كه‌ی دڵ و سییه‌كانیه‌تی، رێگاوبان و رووباره‌كان خوێنبه‌ر و خوێنهێنه‌ره‌كانیه‌تی، باڵه‌كانی ناوچه كشتوكاڵی و كانزاكانن، مانه‌وه‌شی به‌نده له‌سه‌ر دانیشتووانه‌كه‌ی و شارستانییه‌كه‌ی و ئابوورییه‌كه‌ی و فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی.
ئەو پێیوایە دەبێت جوگرافیا بخرێته خزمه‌تی ده‌وڵه‌ته‌وه، ئه‌وکاتە ده‌بێته جیۆپۆله‌تیكا.
مێژووی گه‌شه‌كردنی جیۆپۆله‌تیك
جیۆپۆله‌تیك، وه‌ك زانست، «زاراوه‌یه‌كی نوێیە، به‌ڵام له دروستبوونی ده‌وڵه‌تەوە تائێستا كاریگه‌ریی خۆی هه‌بووه، لەسەر رەوتی روداوەكان.
وشه‌کە لەڕووی زانستییەوە بۆ یه‌كه‌م جار لەلایه‌ن رۆدڵف كیلین-ەوە به‌كارهێنرا، وەك یه‌كه‌یەكی سیاسی واته ده‌وڵه‌ت له ژینگه‌یه‌كی جوگرافیدا. ئه‌گه‌رچی ئه‌م زانسته له ساڵی (1899)دا به‌كارهێنرا، به‌ڵام لەڕووی دەركەوتنەوە پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه نه‌بینی، هه‌تا نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌م، له‌كاتێكدا جیۆپۆله‌تیك «مێژوویه‌كی یه‌ك سه‌ده‌یی هه‌یه و تا ئێستا سێ قۆناغی بڕیوه:
*له كۆتاییەکانی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مەوە تاك جه‌نگی دووەمی جیهان درێژه‌ی كێشا کە به قۆناغی له‌دایكبوون و نه‌شونماكردنی ئه‌م زانسته داده‌نرێت.
*سه‌رده‌می پاش جه‌نگی دووەمی جیهانیی تا كۆتایی جه‌نگی سارد ده‌گرێته‌وه.
ئه‌م قۆناغه‌ی دووەم قۆناغی كشانه‌وه و خامۆشیی جیۆپۆله‌تیكه.
*له كۆتایی جه‌نگی سارده‌وه تائێستا به‌رده‌وامه و خولی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه و بووژانه‌وه و په‌ره‌سه‌ندنی گشتگیری ئه‌م زانسته‌یه«.
جە‌نه‌راڵ (كارل هاوسهۆڤه‌ر) به یەکێک لە میراتگری «كیلین» داده‌نرێت له ئه‌ڵمانیا، ئه‌گه‌ر كیلین به داهێنه‌ری دابنرێت، ئه‌وا هاوسهۆڤه‌ر ده‌بێته رێنیشانده‌ری بیروبۆچوونەکانی، چونکە ئه‌و پێیوابوو ئه‌و بواره كار له مێژووی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، بۆیە ئەگەر (كیلین) تیۆرسینی چەمكی جیۆپۆلەتیك بێت، ئەوا هاوسهۆڤەر شوناس پێدەری چەمكەكەیە لەڕووی گوتارەوە.
بەدرێژایی سه‌ده‌یه‌ك له سه‌رهه‌ڵدانی جیۆپۆله‌تیك، چه‌ند رووداو و گۆڕانكارییه‌ك كاریگه‌رییان لەسه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنی ئەو چەمكە هەبووە، هەم وەک تیۆر وەك گوتاریش، گرنگترین رووداوه‌كانیش بریتین له:
-گۆڕانكارییە مێژووییەكان:
ئه‌م گۆڕانكارییانه جه‌نگه‌كان یان شۆڕشه‌كان یان كوده‌تا یاخود دۆزینه‌وه زانستییه‌كان دروستی ده‌كه‌ن. بۆیه له قۆناغه جیۆپۆله‌تیكییه‌كاندا ده‌بێته خاڵی وه‌رچه‌رخان بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیی نوێ.
-سه‌رهه‌ڵدانی شێوازی نوێی ته‌كنه‌لۆژیا:
ئه‌مه‌شیان ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ی له پێشكه‌وتنی شارستانی و كاریگەریی تەكنۆلۆژیا و دروستبوونی هاوپه‌یمانی و رێكخراوی ئابووریی و سیاسی كه له قۆناغێك له قۆناغه‌كاندا هاتوونه‌ته ئاراوه و رۆڵی كاریگه‌ریان له ته‌وه‌ره جوگرافییه‌كان و رێڕه‌وه جیۆپۆله‌تیكییه‌كانی ئاینده‌دا دەبێت.
-سەرکردە و نوێنەرە کاریزماییەکان:
-ئه‌و سه‌ركرده یان نوێنه‌رە كاریزما یان تۆتالیتارانەی كه زیرەكانە و لێزانانە ده‌ست بەسه‌ر ته‌واوی كاروباره سیاسییەکاندا ده‌گرن بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ فەرمانڕەوایی دەكەن. رۆڵی كاریگه‌ریان له‌سەر رەوتی رووداوه‌كان هه‌یه و جیۆپۆله‌تیك به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو بەکاردەهێنن لە نموونەی دیکتاتۆرەکانی مێژووی سەد ساڵی رابردوو.
جیۆپۆله‌تیك، وەك تێور و گوتار
چه‌مكی جیۆپۆله‌تیك له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی رابردووەوە له زانستی جوگرافیای سیاسی جیابووە‌وه به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌توانین بڵێین جیۆپۆله‌تیك زاده‌ی جوگرافیای سیاسییه و به ویژدانی جوگرافیی ده‌وڵه‌ت داده‌نرێت، ئه‌م زانسته دواتر له‌لایه‌ن هاوسهۆڤه‌ر-ەوە په‌ره‌ی پێدرا کاتێک ئه‌وه‌ی خستەڕوو كه زانینی زانیارییه جوگرافییه‌كان بنچینه‌ی سه‌ره‌كین بۆ كاری سیاسه‌تی ده‌وڵه‌تداری، چ لە جەنگدا بێت یان له ئاشتیدا. واتە ئه‌م زانسته هه‌موو بنه‌ما جوگرافییەکانی ده‌وڵه‌ت ده‌خاتە خزمه‌تی سیاسه‌ته‌وه«.
ساڵی (1954)یش ریچارد هارتشۆن زاراوه‌ی ‹جیۆپۆله‌تیك›ی به زاراوه‌ی ئایدیۆلۆژی ناوزه‌ندكرد و به درێژایی ماوەی جەنگی دووه‌می جیهان، بەشێوەیەكی پراكتیكی له ئاژانسێکی هه‌واڵگریدا هاوكار بوو له ده‌سته‌به‌ركردنی زانیارییە جوگرافییەکان بۆ سوپای ئه‌مریكا.. هەروەها كارەكتەرێكی وەك (ئیسیا بۆمان)، زاراوه‌ی جیۆپۆله‌تیكی به شێوه‌یه‌ك وه‌سفكردووه، كه له‌ڕووی ئه‌ندێشه‌وه هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره و له‌ڕووی ئایدیۆلۆژییه‌وه جێگای گومانه، به بۆچوونی هارتشۆن، زاراوه‌كه به‌وه له‌كه‌داربووه كه به نازییزم و جۆره‌كانی تری فاشیزمه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه.»
هه‌ندێكی تر وایده‌بینن کە جیۆپۆله‌تیك تیۆرێكه له هه‌موو روویه‌كه‌وه له هێزی ده‌وڵه‌ت ده‌كۆڵێته‌وه، هه‌وڵده‌دات ئاسایشە نەتەوەییەكەی بپارێزێت و له‌رووی پراگماتیكییه‌وه بریتییه له هونه‌ری كاری سیاسەت لە ده‌وڵه‌تدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌ره‌تانی ژیانی ئێستای و لە ئایندەشی دەکۆڵێتەوە.
به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی جیۆپۆله‌تیك باڵاده‌ستیی خۆی به‌سه‌ر سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌تداریدا سه‌پاند، له زۆر ره‌هه‌ندی جیاوازه‌وه چه‌ندین پێناسه‌ی جیاواز بۆ جیۆپۆله‌تیك كراوه، لێره‌دا چه‌ند پێناسه‌یه‌ك ده‌خه‌ینە روو.
پیناسە جیاجیاکانی جیۆپۆلەتیک
-كیلین له پێناسه‌کەیدا ده‌ڵێت: بریتییه له‌و زانسته‌ی كەوا له ده‌وڵه‌ت تێده‌گات بوونه‌وه‌رێكی جوگرافیی زیندووه، یان دیارده‌یه‌ك لەو بواردا.
- سپایكمان ئاماژه‌ی به‌وه کردووە کە بریتییه له نه‌خشه‌دانانی سیاسه‌تی ئاسایشی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای فاكتەرە جوگرافییه‌كان و پێیوابوو‌ە تاكه بواری تایبه‌تی جیۆپۆله‌تیك؛ بریتییه له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتان، چونكه شیكردنه‌وه‌ی ئه‌م زانسته تایبه‌ته به هاریكاریكردن بۆ داڕشتنی سیاسه‌تێكی گونجاو بۆ گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامه دیاریكراوه‌كان.
-ئینسكلۆپیدیای به‌ریتانی بەم خۆرە پێناسه‌ی ده‌كات کە زانستێكه هه‌وڵی شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و فاكته‌ره جوگرافییانه ده‌دات كه په‌یوه‌ندیی تۆكمه‌یان به سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه هه‌یه، به‌و واتایه‌ی پلان داده‌نێت بۆ چۆنێتی ده‌وڵه‌ت؟ له‌م بواره‌شدا جوگرافیا به‌كارده‌هێنێت بۆ خزمه‌تكردنی ده‌وڵه‌ت له گۆشەنیگا و روانگه‌ی نه‌ته‌وەیی ته‌سكەوە.
جیۆپۆله‌تیك رێگەخۆشكه‌ره بۆ كاری سیاسی و بنه‌مای پێویست ده‌به‌خشێت به ژیانی سیاسی، بۆیه پێویسته ببێت بە ویژدانی جوگرافیای وڵات.
-هاوسهۆڤه‌ر پێیوایه: جیۆپۆله‌تیك گرنگی به وڵات دەدات و هه‌وڵده‌دات هه‌موو كێشه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی سنووری خۆی چاره‌سه‌ر بكات.
-»ویگرت» جوگرافیناسی ئەمریکایی پێیوایه: به‌كارهێنانی بنه‌ما و توانست و پڕۆگرامه‌كانی جوگرافیایه له بواری هێزدا.
-ڤالكنبێرگ له پێناسه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: جیۆپۆله‌تیك بریتییه له جوگرافیای سیاسی له دیدوبۆچوونی نه‌ته‌وایه‌تیدا.
-جۆرج فریدمان نووسه‌ری كتێبی «سه‌د ساڵی داهاتوو» ده‌ڵێت: «جیۆپۆله‌تیك ته‌نیا ئه‌و قسه باقوبریقه‌داره نییه كه ده‌ڵێن په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌واو، به‌ڵكو شێوازێكی تایبه‌تی جیهانبینییه و ئامرازێكه بۆ دیاریكردنی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له ئاینده‌دا ده‌یانبینین، یاخود دەشێت رووبدەن.»
- د. حسێن بشیریه؛ مامۆستای زانستی سیاسه‌ت له زانكۆی تاران، جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه: «جیۆپۆله‌تیك توێژینەوەی بنه‌ماكانی جوگرافیای ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ته‌كانه، نه‌خشی تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی سه‌ر زه‌مینی، ئاووهه‌وا (كه‌ش)، سه‌رچاوه‌كانی سروشتی، شوێنگه‌ی جوگرافی و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی حه‌شیمه‌تی و فه‌رهه‌نگی كە‌لتورییه له‌سه‌ر قه‌واره و هه‌ڵسوكه‌وتی سیستمی سیاسی«.
-تیم مارشاڵ نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووس و خاوه‌نی كتێبی (زیندانییه‌كانی جوگرافیا) پێیوایه جیۆپۆله‌تیك له‌و رێگایانه ده‌كۆڵێته‌وه كه به‌هۆیانه‌وه دەتوانرێت له كارتێكه‌ره جوگرافییه‌كانه‌وه له کاروبارە نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێبگه‌ین، نه‌ك ته‌نیا له رێگه‌ی هه‌ڵكه‌وته جوگرافییه فیزیكییه‌كانه‌وه وه‌ك (له‌مپه‌ره سروشتییه‌كانی چیاكان یاخود چڕبوونه‌وه‌ی تۆڕه رووبارییه‌كان)، به‌ڵكو به‌هۆی كه‌شوهه‌وا و دیمۆگرافیا و ناوچه كەلتورییه‌كان و ده‌ستگه‌یشتن به سه‌رچاوه سروشتییه‌كانیشه‌وه. كارتێكه‌ری له‌مجۆره ده‌توانن كاریگه‌رییه‌كی گرنگیان هه‌بێت له‌سه‌ر چه‌ندین ره‌هه‌ندی جیاجیای شارستانییه‌كه‌مان، هه‌رله ستراتیژی سیاسی و سه‌ربازیمانه‌وه هه‌تا گه‌شه‌پێدانی كۆمه‌ڵایه‌تیی به زمان و بازرگانی و ئایینیشه‌وه«.
له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و پێناسانه‌ی سه‌ره‌وه، ده‌گه‌ینه ئه‌و بۆچوونه‌ی جیۆپۆله‌تیك وەك گوتار به‌رهه‌می سه‌رده‌می مۆدێرنه، له هه‌ناوی جوگرافیای سیاسییه‌وه سه‌ریهه‌ڵداوه. لێكۆڵینه‌وەیە له ئێستا و ئاینده‌ی په‌یوه‌ندییه نیۆده‌وڵه‌تییه‌كان و تواناكانی ده‌وڵه‌ت و یه‌كه سیاسییه‌كان و ده‌رامه‌ته سروشتی و مرۆییه‌كانیان و خاڵی به‌هێز و لاوازیان ده‌ستنیشان ده‌كات و دیدگای خۆی سه‌باره‌ت به ئایندەیان ده‌خاته‌ڕوو.
دەرەنجام
-1زەمینەی سەرهەڵدانی چەمكی جیۆپۆلەتیك، بە قۆناغی جیاوازدا تێپەڕیوە، چ وەك چەمك و تیۆر و گوتار، چەندین زانای بواری جوگرافی و سیاسی و سەربازی رۆڵیان بینیووە لە سەرهەڵدان و گەشەكردن و بە پراكتیزەكردنیدا.
-2وەك راستییەكی میژوویی ناكرێت ئەوە نادیدەی بگرین كە جیۆپۆلەتیك لە منداڵدانی جوگرافیای سیاسییەوە هاتووەتەدەر. بەڵکو وەك زانستێكی گرنگ لە بواری سەربازی و سیاسی و پەیوەندییە نیودەوڵەتیەكاندا بایەخی تایبەتی پێدەدرێت.
-3چەمكێكی داینامیكییە و قابیلی پێداچوونە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە، بەوپێیەی مامەڵە لەگەڵ هەڵكشان و داكشانی فاكتەری هێزدا دەكات، دوور لە وەسفی دەوڵەتیش رەگەزەكانی وەك شوێن و رووبەر و سنوور. بەڵكو رەنگڕێژی ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت دەكات، لە چوارچیۆەی پلان و ستراتیژدا.
-4جیۆپۆلەتیك چەمكێكی ئایدیۆلۆژیی هەژموونخوازە، جوگرافیای سیاسی و رەگەزە جێگیرەكانی بەتەواوی دەخاتە خزمەت خواست و بەرژوەندییەكانی دەوڵەتەوە و زانستێكیشە لە رابردوو ئێستا و داهاتووی دەوڵەت و هێزەکەی دەكۆڵێتەوە.
سەرچاوەكان:
-1عه‌بدولقادر ساڵح، فه‌رهه‌نگی سیاسیی سه‌با، كۆمپانیایی چاپ و په‌خشی نووسه‌ر، چاپی دووه‌م، سلێمانی، 2008.
د. سەفین جەلال فەتحوڵڵا، بنچینه و بنه‌ماكانی زانستی جوگرافیای سیاسی، چاپخانه‌ی نارین، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2014.
-2 د. حسین بشیریه، زانستی سیاسی، و: باباعه‌لی مێهرپەروه‌ر، چایخانه‌ی رۆژهه‌ڵات، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2009.
-3تیم مارشاڵ، زیندانییه‌كانی جوگرافیا، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا، چاپخانه‌ی شڤان، له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای دواڕۆژ بۆ رووناكبیری و راگه‌یاندن، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2017.
-4جۆرج فریدمان، سه‌د ساڵی داهاتوو، و: د. شێركۆ عه‌بدوڵڵا، چاپخانه‌ی كه‌مال، له بڵاوكراوه‌كانی سه‌نته‌ری مارگرێت، چاپی یه‌كه‌م، سلێمانی، 2013.
-5د. كلاوس دۆدز، جیۆپۆلیتیک، و: ئیبراهیم عه‌لی موراد، چاپخانه‌ی موكریانی، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2013.
*ماستەر لە جوگرافیا