کەرکوک خاوەن جوگرافیایەکی تایبەتە و شارێکی فرەپێکهاتەیە، ئەگەرچی لە پاڵ نەتەوەکانی تردا زۆرینەی دانیشتوانە رەسەنەکەی کوردە.
بەپێی بەڵگە مێژووییەکان و شوناسی شارەکه کەرکوک شارێکی کوردستانییە و بەنسبەت کوردەوە ئەوە مایەی سازش لەسەرکردن نییە. هەروەک هەموو شۆڕشە یەک لە دوای یەکەکان لەپێناوی پاراستنی كەركوك و کوردستانیبوونی شارەكەدا کراوە و مێژووش شاهیدە کە لەپێناوی كەركوكدا کورد بەخوێن قوربانی زۆری داوە. ئەوەش راسته کە کەرکوک یەکێکە لەو شارانەی تایبەتمەندی خۆی هەیە. بەوەی شارێکی فرەنەتەوە و تەنانەت فرە ئایین و فرە مەزهەبیشە. هەروەها شارەکە لەڕووی جیۆپۆلۆتیکیەوە خاوەن پێگەیەکی ستراتیژی گرنگ و سەرنج راکێشە. بەجۆرێک هەر لە دێرزەمانەوە جێگەی چاوتێبڕینی نەیاران و ململانێی ناوخۆی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بووە.
گرنگە کورد خۆی بسەلمێنێت و ئەم هەنگاوە بەدەرفەت بزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی فەرمانڕەوایی و ئەو هەڵانەی کە لە رابردودا کراون لە کەرکوک
رەنگە بە پیتیی خاکەکەی و بوونی نەوت و غاز و فرەیی پێکهاتەکەی، بایەخە جیۆپۆلەتیکیەکی فرەتر کردبێت.
هەر ئەوەش هۆکار بووە کە لەمێژوودا شارەکە ئاڵنگاری و پشێوی و بەربەرەکانی و هێرش و پەلاماری زۆری بەخۆوە بینیبێت.
وەک گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی جەنگەکان مامەڵەی لەگەڵدا کرابێت پاڵپشت بە فاکتەرە بابەتییە ئیقلیمییەکان هەر نەتەوەیەک لە هەوڵی سەردەستی و خۆ فەرزكردن و براوەی جەنگەکەدا بێت.
وەلێ نەوتی شارەکە رەنگە بۆ جیهان مایەی رەحمەت بێت، بەڵام بۆ شارەکە بووە بە مایەی نەگبەتی.
سەرباری ئەو بۆچوونەی کە پێیوایە کەرکوک شارێکە بەردەوام دەکوڵێت و ژیان لە شارەکەدا یەکسانە بە جەنگێکی بەردەوام، بەڵام ئەوەی بۆ ئێستا گرنگە ئەوەیە، وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد دەسكەوتێكی مەزنە و رۆڵ دەبینێت لە کردنەوەی گرێ کوێرەکان و پاراستنی پێکەوە ژیان و قووڵکردنەوەی گیانی هاونیشتیمانیان و ئاشتکردنەوەی پێکهاتە رەسەنەکانی شارەکە و کارکردن بە ئاڕاستەی بەرژەوەندیی هاوبەش و خاڵی هاوبەش.
ئەمەش یەکێکە لە ئەرکە نوێیەکانی پارێزگار و دامودەزگاکانی شارەکە، دوور لە رۆحیەتی شەڕی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی و حزبی و قینی تۆڵەکردنەوە.
لەم قۆناغەدا ئەوەی بۆ کورد گرنگە پاراستنی یەكڕیزی ناوخۆیی و وەلانانی جیاوازییەكان و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێیە لە کاری سیاسی و ئیداری و فەرمانڕەوایی و پێکەوەژیان و پێشکەشکردنی نموونەیەکی جوان لە ئیدارەدانی شارەکە و گوێگرتن و خزمەتکردن بە کورد و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە.
دانانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو لە فەرمانگەكانی شارەكە، بەتایبەتی ئەو پۆستانەی كە پشکی كوردە، بە جۆرێک هەم ببێتە جێگەی شانازی بۆ نەتەوەی کورد و هەم دادپەروەری بەدیبهێنێت بۆ دانیشتوانی رەسەنی شارەکە.
لە ئەمڕۆوە وەک دەستپێک، گرنگە کورد خۆی بسەلمێنێت و ئەم هەنگاوە بەدەرفەت بزانێت بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی فەرمانڕەوایی و ئەو هەڵانەی کە لە رابردودا کراون لە کەرکوک.
واز لە ململانێی حزبی بهێنێت و رێز لە جیاوازییەکان بگرێت و کوردانە بیربکاتەوە، نەک حزبیانە. ئارامی و ئاسایش و متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ شارەکە و کەرکوکییەکان.