سیاسەتەكە گۆڕانكاریی دەوێت

09:58 - 2023-06-07
‎‎سۆزان حەمە تاتە
355 خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی ئەو ئەنجامە رەسمییەی هەڵبژاردنەكە كە لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی توركیاوە راگەیەنرا، هاوپەیمانیی جمهوری ئەردۆغان سەركەوتنی بەدەستهێنا، چ لەوەی بووە زۆرینەی پەرلەمان و چ لە بردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە و ئۆپۆزسیۆن دۆڕان، كوردیش لە رێگەی پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)وە هەرچەندە پشتیوانیی كردن، بەڵام نەبووە هۆكاری سەركەوتنیان بەسەر لایەنی دەسەڵاتدا.
لە كۆی 600 كورسی پەرلەمانی توركیا، پارتی چەپی سەوز- یەسەپە، توانی 58 كورسی بەدەستبهێنێت، بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2018، چەند كورسییەك كەمیكردووە كە ئەوەش پێچەوانەی چاوەڕوانییەكان بوو.
چەند رۆژ دوای هەڵبژاردنەكە، سەلاحەدین دەمیرتاش لە رێگەی وتار و توویتێكەوە، وازهێنانی خۆی لە سیاسەتكردن راگەیاند و وتی: «نەمتوانی وەكو پێویست خزمەتی خەڵكەكەم بكەم، بۆیە لەسیاسەتكردنی كرداری دوور دەكەومەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خۆم رادەست ناكەم و لە زیندانەوە بەرگریی دەكەم».
وازهێنانی دوای نەبردنەوە، جوانترین كارە لە سیاسەتدا، ئێمە پێشتر دەمیرتاشمان بە جوانی و چالاكی و سەربەرزی بینیووە، ئازایانە رووبەڕووی حکومەتی توركیا بۆتەوە، بۆیە بە وازهێنانی لە سیاسەتكردن كاروانە سیاسییە جوانەكەی تەواوكرد، لەگەڵ ئەوەی دەرفەتی زۆریشی بۆ سیاسەتكردن هەیە.
هەدەپە لەبەردەم ئەگەری داخستندایە، ئەوە وایكرد کە لە رێگەی پارتی چەپی سەوزەوە بەشداریی هەڵبژاردن بكات، راستە بووە هۆی بەردەوامیی لە سیاسەتكردن، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكدا كە فەزایەكی ئایینی هەیە، دەسەڵات كردییە بیانوو بۆ پەلاماردانی و چەندین تۆمەتی وەكو چەپی دژە ئایین و بانگەشەكردنی بۆ هاوڕەگەزخوازی خستە پاڵیان، ئەوەش لە راستیدا كاریگەریی نەرینی لەسەر كورسییەكانی یەسەپە هەبوو.
بەخۆداچوونەوە باشترین كارە كە هەر هێزێكی سیاسی دوای نەبردنەوە یان دۆڕاندن بیكات.
 بۆ پڕۆسەی سیاسی بردنەوە و دۆڕان هەمیشە ئامادەیی هەیە، لایەنی كوردی و ئۆپۆزسیۆن و دۆستەكانیان لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی قورسدان، تاقیكردنەوەیەك كە پێویستی بە گۆڕانكاریی بنەڕەتی و گۆڕینی ناو و بەرنامە و شێوازی كاركردن هەیە، چونكە دەركەوت ئیتر ئەو شێواز و دروشمە كاریگەریی كەمتر بۆتەوە و میكانیزم و بەرنامەی نوێی پێویستە.
ئەوە روونە سیاسەتكردن لە توركیا بۆ كورد و پارتەكانی زەحمەتە، ریسكە بەرامبەر ژیان و مردن، لە هەر چركەیەكدا گرتن و زیندانیكردن و تۆمەتباركردن بە تیرۆر و سەدان تۆمەتی تر دەدرێتە پاڵیان، دامەزراوەی یاسایی تاڕادەیەکی زۆر بەسیاسی کراوە لەسەر رێبازی پارتی دەسەڵاتدار و بەتایبەتی لە مەسەلەکانی پەیوەست بە کورد و مافی مرۆڤدا چۆنیان بوێت بەو جۆرە دادگاکان بەكاردەهێنن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا كورد ئیرادەی بەهێز دیارە و بە ورەوەیەکی بەرزەوە  سیاسەت دەكات، دەشكرێت كۆڵنەدان بەردەوامی هەبێت لەگەڵ گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە شێوازی سیاسەتكردندا، بەڵام بە خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ واقیعی تورکیا و هەژموونی مەیلی سیاسیی گشتی لەو وڵاتە بە هەردوو رەوتی ئایینی و عەلمانییەوە، تا بەوریاییەوە بەناو ئەو کێڵگە مینانەدا گوزەر بکەن کە لە رێیاندا دانراوە، یان ئەگەری هەیە لە ئایندەدا دابرێت. 

وتارەکانی نوسەر