کۆڕبەندی زانکۆی سانتپتراسبۆرگ و چەند سەرنجێک

11:15 - 2023-06-08
پ.د. وەلی‌ مەحمود حەمەد
270 خوێندراوەتەوە

ئەگەرچی کۆڕبەندەکەی سانتپراسبۆرگ تاڕادەیەک ماوەیەکی بەسەردا رۆیشتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بابەتێکی گرنگە و تەنها سەرۆکی دوو زانکۆی عیراق تێیدا وەک میوان بەشداربووین و دیبەیت و گفتوگۆکانی بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان گونجاو بوون، مایەی سەرنج و تێڕامانی ئێمە بوو.
پوختەی بابەتەکەش ئەوەیە ساڵانێک لەمەوبەر بە میوانداریی زانکۆی سانتپتراشبۆرگ کۆڕبەندێک دەربارەی کانگا- یان کاری کانگاکان بەڕێوەچوو.
لە عیراقەوە دوو زانکۆ بانگهێشتی کۆڕبەندەکە کرابوون، زانکۆیەکی عیراق و زانکۆی کۆیە.  ئەوکات بەندە وەک سەرۆکی زانکۆی کۆیە و د. محەمەد حەسیب-یش وەک راگری فاکەڵتی ئەندازیاریی پێکەوە بەشدار بووین.
سەرەڕای بەشداریی چەند زانکۆیەکی بەناوبانگ، هەندێک زانکۆ و دەزگای دیکەش لەهەندێک پانێڵ و بابەتدا بە توێژینەوە و  نوێنەر بەشدارییان کرد.
ئێمە لە کوردستاندا زۆر گرنگی بە کانەکان نادەین، یاخود هیچ بەش و زانکۆیەکمان لەبواری کانەکان mining دا نەبوو و ئێستاش نیمانە، بۆیە هیچ شتێکمان لەو بارەیەوە نەبوو کە لەگەڵ وەفدەکاندا قسەی لەسەر بکەین. 
هەر بۆ ئەو مەبەستە و گرنگیی ئەم بابەتە، بەندە چەند سەرنجێکم لەلا گەڵابوو، تا لە رێیەوە داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بکەم، بەشێکی زانستی بەناوی  بەشی ئەندازیاریی کانەکان لە یەکێك لە زانکۆکانی کوردستاندا بکەنەوە بۆ ئەوەش پێشنیازی هەڵبژاردنی زانکۆی کۆیە دەکەم بۆ کردنەوەی ئەو بەشە، چونکە ژێرخانێکی زانستی و پراکتیکی گونجاوی هەیە و بوونی بەشێکی لەوجۆرە گرنگییەکی زانستی و ئابووریشی دەبێت، بەتایبەتی بۆ کنە و پشکنین بە دوای کانەکان و توخمە گرنگ و گرانبەهاکان کە هیچیان لە نەوت و غاز کەمتر نییە.
سەرنجەکانم لەسەر کۆڕبەندەکە
1-زۆربەی زانکۆکان لەگەڵ کۆمپانیا و دەزگاکانی دەرەوەی زانکۆکاندا پەیوەندیی و هاوئاهەنگی باشیان هەبوو، کە زانکۆکان بەتەواوەتی پشتیان پێ دەبەستن و سپۆنسەری سەرەکییانن.
2-یەکێک لە زانکۆکانی بەشدار لەم کۆڕبەندەدا ئاماژەیان بەوە دا لە 50 ٪ ی داهاتی خۆیان لە کۆمپانیاکانی بواری کانەکانەوە پێدەگات.  هەروەک زانکۆی خانەخوێ وتیان لەم یەک دوو ساڵەی دواییدا کۆمپانیاکان بەبەهای 10 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی تاقیگەییان بۆ کڕیون.
3-زانکۆکانی ئەمپەڕ و ئەوپەڕی جیهان، هاوئاهانگ و هاوکاربوون لە بابەتی پڕۆگرامەکانی خوێندن و یەکخستنیاندا و هەوڵی ئەوەیان دەدا کە سەنتەرێکی هاوبەش لەسەر ئاستی جیهان دروستبکرێت لەو بوارەدا، ئەویش لەژێر ناونیشانی: (سەنتەری لێهاتوویی نێودەوڵەتی بۆ کانگا  و پەروەردەی ئەندازیاری) لە ژێر چاودێریی یونسکۆدا.
 ئێمە وەک زانکۆی کۆیە رەزامەندیی خۆمان نیشاندا کە ئێمەش لەو سەنتەرەدا بەشداربین وەک سەرەتایەک بۆ چوونە ناو ئەو بابەتەوە.
4-لەو کۆڕبەندە باسی ئەوە گەرم بوو کە کەلتوری میللەتان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاست و توانستی زانکۆکان هەیە و تەواوی زانکۆکان کە بەشداربوون بەگشتی جەختیان لەسەر بابەتی کەلتور و رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر زانکۆکان دەکرد.
5-تێبینی ئەوەمان کرد کەوا زمان بابەتێکی گرنگی میللەتان و زانکۆکانە، هەندێک لە بەشداربووان بابەتەکانیان بە زمانی دایک- ی خۆیان پێشکەش دەکرد، هەرچەندە سلایدەکانیان بە زمانی ئینگلیزی بوو و وەرگێڕانی راستەوخۆ بۆ تەواوی زمانەکان بە هێدفۆن دەکرا.
6-وڵاتیکی وەک ئوسترالیا ساڵانە نزیکەی 300 ئەندازیاری ئەو بوارە لە زانکۆکان دەردەچوێنێت، هاوکات لەو وڵاتە نزیکەی هەزار شوێنی کاریان بۆ دیاریکرابوو تا کنە و پشکنینی تێدا بکەن.
7-زانکۆکان لە کاتی گفتوگۆدا لەگەڵیاندا بە گرنگییەوە باسی پڕۆسەی ریسایکلینیان دەکرد بە هاوئاهەنگی و بەشداریی کۆمپانیاکان کە لەئەنجامدا داهاتێکی زۆری بۆ زانکۆکان پەیدادەکرد.
8-بەشێکی بەرچاو لە زانکۆکان باسی ئەوەیان دەکرد کە لە زۆر بواری تردا گەنجان یان ناگەنە پایە و پۆستی بەرپرسی کارگێری و زانستی زانکۆکان، واتە مامۆستایانی زۆر گەنج و تازەیان نەبوو (یان زۆر کەم بوو) و کێشەی ئەوەشیان هەبوو کە مامۆستا و پڕۆفیسۆرەکانیان بە تەمەن بوون و ئەوەش مەترسی زۆری لەلا دروستکردبوون، بەتایبەتیش روسەکان. هەروەک زانکۆکان پێکەوە تەوەرێکی تایبەتیان دانابوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و پێیانوابوو لە ئایندەیەکی نزیکدا زانکۆکان تووشی تەنگژەی کادر دەبن.
9-زانکۆی خانەخوێ پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتدا هەبوو، تا رادەی ئەوەی کە ڤلادیمێر پوتین خۆی پاڵپشتی دەکردن و سەرۆکی زانکۆکە دۆست و هاوڕێی پوتین بوو. ئەوەش بە دەوڵەمەندیی و توانا و سەربەخۆیی زانکۆکەوە دیاربوو و هەستی پێدەکرا کە زانکۆکە خاوەن تواناییەکی دارایی باشە.
10-بابەتێکی تر کە زۆرینەی زانکۆکان لەسەری کۆکبوون، کاریگەری راستەوخۆی سیاسەت بوو لەسەر زانکۆکان و پەیوەندیی ئەکادیمی نێوانیان. چونکە وەکو مەینەتییەکی سەنتەرەکانی تویژینەوە و هاوئاهەنگیی نێوان زانکۆکان باسی لێوەدەکرا. بە شێوەیەک بە روونی دیاربوو کە هیچ سەرۆک زانکۆیەکی ئەمریکا، کەندا، ژاپۆن و بەریتانیا) بەشدار نەبوون لەم کۆڕبەندە گرنگەدا.
ئەوەی لەو کۆڕبەندەوە هەڵمان هێنجا ئەوەبوو کە کار، کۆمپانیا و حکومەت، پێکەوە دەتوانن زانکۆی باش و بە توانا و پێشکەوتوو دروست بکەن و پێچەوانەکەشی هەر راستە.

وتارەکانی نوسەر