زووم

رەوشتی هونەری چییە؟

09:59 - 2023-06-12
رۆزا دڵشاد مەریوانی
479 خوێندراوەتەوە

وێنەی هونەرمەندان و گۆرانیبێژان لای زۆربەمان ئەوەیە دەبێت لە مرۆڤەکانی دیکە جیاوازتر بن، واتا دەکرێت سەرکێش بن و رەفتاری نائاسایی بکەن، تەنانەت دەکرێت لەسەروو یاسا و پێوەرە کۆمەڵایەتییەکانەوە بن، بۆ نموونە ئەوان دەکرێت بەئاشکرا مادە کهولییەکان و هۆشبەرەکان بەکاربهێنن و لە سزا رزگاریان ببێت بە تایبەت لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا، کاتێکیش هەواڵی هونەرمەندێک دەبیستین کارێکی لەو جۆرەی کردووە دەڵێین «ئیتر هونەرمەندە» بەڵام لە راستیدا نابێت وابێت، هونەرمەند لەبەرئەوەی لەبەرچاودایە بەتایبەتی لەم سەردەمی سۆشیال میدیایەدا زۆرێک لە گەنجان وەک نموونەی باڵا تەماشای دەکەن، بۆیە دەبێت رەوشت بەرز بێت و لە مرۆڤی ئاسایی زیاتر ئاگاداری رەفتاری خۆی بێت و لەکاتی هەڵەدا دانی پێدا بنێت و داوای لێبووردن لە هەوادارانی بکات.
 زۆرکەس تائێستا وێنە تەقلیدییەکەی هونەرمەندان بە راست دەزانن بەوەی هەمیشە گومان لەسەر رەوشتیان هەیە، بەڵام ئەوەی وایکرد یەکێکی وەک من دیدگا و بیرکردنەوەی بۆ وێنەی هونەرمەندان بگۆڕێت بەوەی دەبێت رەوشتیان بەرز بێت ئەوە بوو کاتێک من و زۆر کەسی وەک من بووین بە هەواداری گۆرانیبێژانی کەی پۆپ، فێربووین رەوشتی هونەریی چییە و هونەرمەند دەبێت چۆن بێت؟ ئێستا دەزانین هونەرمەند دەبێت لەنێو خەڵکی و شوێنە گشتییەکاندا رەوشت بەرز بێت و لە ژیانی رۆژانەی ئاسایی خۆیدا مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەردا جوان بێت و بە لووت بەرزییەوە رەفتار نەکات، بێگومان هۆکارەکەی جگە لەکەلتوری کۆمەڵگە ئەوەیە زۆربەی هونەرمەندانی کۆریای باشوور پێش ئەوەی وەک ئایدڵ دەربکەون بەجۆرێک رادەهێنرێن و ئامادە دەکرێن، وەک راهێنانی سەربازیی وایە کە هەندێکجار زیاد لە توانای مرۆڤە، بۆئەوەی ببنە نموونەیەکی باڵا بۆ گەنجان و هەرزەکارانی وڵاتەکەیان. نموونەیەکی سادە لەم دواییانەدا گۆرانیبێژی گرووپی بی تی ئێس جەنگکوک لە لایڤێکدا باسی لەوە کرد داوای لێبوردنی لە دراوسێکانی کردووە لەبەرئەوەی بە شەو لە ماڵەکەی خۆیدا گۆرانی وتووە و دراوسێکانی بێزار بوون، چونکە هەستیان بە لەرینەوەی دەنگەکە کردووە، بۆیە چیتر لە شەودا بەدەنگی بەرز گۆرانی ناڵێت، ئەم نموونەیە زۆر شیکردنەوە لەخۆ دەگرێت، چونکە وێنەی گۆرانیبێژێکی بەناوبانگی ملیۆنێر لای ئێمە ئەوەیە دەبێت بێ رەوشت بێت و بە تەنیا لە کۆشکێکدا بژی، نەک رەوشت بەرز بێت و لە شوقەیەکدا بژی و دراوسێی هەبێت و بێزاریش بن لە گۆرانی وتنەکەی.
دواجار راستە ئەو توندییە لە پێوەرە کۆمەڵایەتییەکاندا هەندێ لایەنی خراپی بۆ ژیانی تایبەتی ئەو هونەرمەندە هەیە، بەڵام بە رای من لەوە باشترە گۆرانیبێژێک بە جۆرێک لە سۆشیال میدیادا دەربکەوێت پەشیمان بیتەوە لەوەی رۆژێک لە رۆژان 
هەواداری بوویت.

وتارەکانی نوسەر