سیاسەتی جینۆساید لە كوردستاندا

11:21 - 2023-06-26
محەمەد هەمەوەندی
889 خوێندراوەتەوە

لەچوارچێوەی وڵاتانی عیراق، توركیا، ئێران، سوریا مەسەلەی كورد هێشتا چارەسەر نەكراوە و گەلی كورد بە دابەشكراوی بەر شاڵاوی دڕندانەی قڕكردنێكی سەراپەگیری كەوتووە. ئیتر بوونی نەتەوەی كورد كەوتووەتە مەترسییەوە و مێژوو و كەلتوور و ئابووری كوردستان واشێواندراوە، رۆژ لەدوای رۆژ تایبەتمەندی زیاتر تێكدەچێت و قڕكردنێكی فیزیكیش گەلی كوردی گرتووەتەوە. هەر بۆیە جەوهەری بزوتنەوەی رزگاری نەتەوایەتی گەلی كورد، خەسڵەتێكی رەوای هەیە، چونكە داكۆكی لەمافی رەوای گەلەكەی خۆی دەكات. چارەسەر نەكردنی مەسەلەی كورد، گەیشتۆتە ئەو رادەیەی كە خاكی كوردستان لەڕوویی كۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە لەژێر چەوساندنەوەیەكی كۆڵۆنیالیانەدا لەئاستێكی زۆر نزمدایە ، ئەوەش نێگەتیڤیانە كاردەكاتە سەر پڕۆسەی یەكێتی نەتەوەی گەلی كورد و كاریگەرێتی خەباتی سیاسی لەپێناوی مافە نەتەوەییەكەیدا. كۆمەڵناسی تورك، ئیسماعیل بیشكچی لەكتێبی (كوردستان: كۆلۆنییەكی نێودەوڵەتی)دا روونی كردووەتەوە:»كە كەسایەتی كوردستان تەنانەت لەكەسایەتی ئاستی كۆلۆنییەك نزمترە، كەسایەتی و ئاستی نەتەوەیی كوردیش لەكەسایەتی و ئاستی نەتەوەیەكی بەكۆلۆنیكراو كەمترە).» نەهێشتنی كەلتوور، راستەوخۆ دەبێتە هۆی فەوتاندنی یەكێتی و بوونی نەتەوەیی هەر گەلێك یان هەر كۆمەڵە مرۆڤێك.
 لەڕوویی فەلسەفەیشەوە، « بەهەموو مانایەك ، لەهەر جێگەیەك كەلتور نەبێت ، كۆمەڵەش نییە» هەر بۆیەش « بوونی كەلتور، كۆمەڵێ مرۆڤ لەكۆمەڵێك جیا دەكاتەوە).
بۆ تێگەیشتنێكی تەواوی سیاسی فەوتاندنی گەلی كورد كە هەموو لایەكی گرتووەتەوە ، دەبێت ئاگاداری فاكتی پراكتیك كردنی تاوانی جینۆساید بین لەسەرانسەری كوردستاندا.
لەلای هەمووان ئاشكرایە كە ئەنفال دڕندەترین جۆری جینۆساید بوو كە هەوڵێكی سەرەكی بوو بۆ سڕینەوەی گەلی كورد بۆیە لێرەدا پرسیارێك دێتەوە پێشەوە. 
ئایا ئەنفالی گەلی كورد بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو؟
میخایل ڕەمەزان لەكتێبی ئەو پیاوەی 19 ساڵ هاوشێوەی سەدام بوو دەڵێت: ئایەتوڵڵا خومەینی كەوتە ژێر فشارێكی زۆری وەزیرەكانییەوە، بۆ بەرپاكردنی ئاشتی و دوورخستنەوەی وڵات لە كارەساتێكی نیشتیمانی. 
لەمانگی شوباتەوە سەدام بە رەسمی بڕیاری بەرزكردنەوە ئاستی كاولكاری و قڕكردنی گەلی كوردی -دا.  بەجۆرێك لە رابردوودە نموونەیی نەبێت ، شاڵاوەكە بە رەسمی ناوی ئەنفالی لێنرا. 
گەلی عیراق راهاتبوو لەسەر هەوڵەكانی عیراق بۆ قوتاربوون لەهەموو رەگەزە (روخێنەر = سەدام) لەكوردستانی خۆشەویستماندا. لەمانگی ئازاردا دەنگوباسی (شاڵاوە پاڵەوانەكە) لەناو عیراق بڵاوبۆیەوە. ئێرانییەكان ناوچەیەكی نزیك شارێكی كوردی عیراقیان بەناوی (هەڵەبجە) داگیركرد. (بەڵام بە ڕای من ئێرانییەكان ئاگاداری كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بوون، چونكە لەكاتی كیمیابارانكردندا هەچ ئێرانییەك نەبوو بەقوربانی). سەدام هەلی بۆ دەست كەوت بۆ كوشتنی دوو چۆلەكە بەیەك بەرد. سێ هەفتە دوای هەڵمەتەكەی هەڵەبجە عیراق هێزەكانی بەسەركردایەتی (عەلی حسێن مەجید) گوندەكانی (گۆپتەپە و عەسكەری سەر بەناحیەی ئاغجەلەر)یان بۆردومان كرد و سروشتی دەست پێشخەرەكان تاڕادەیەك هاوشێوە بوون. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەكەوێت كە سەدام پێش ئەوەی دەست پێبكات پیلانی بۆ هەموو شتێك دانابوو.

سەرچاوەكان
-1جینۆساید لەناسنامەوە بۆ پڕۆژە ، كۆمەڵە توێژینەوە ، چاپی یەكەم 2021 لاپەڕە 145
-2ئەو پیاوەی 19 ساڵ هاوشێوەی سەدام بوو ، بیرەوەری ، وەرگێڕانی : باوان ڕەسوڵ محمد كۆیی ، چاپی یەكەم 2000، لاپەڕە 131 ، 132.

وتارەکانی نوسەر