تەکنۆلۆژیا و کۆمەڵگەی کوردی

10:31 - 2024-05-26
محەمەد هەمەوەندی
366 خوێندراوەتەوە

مرۆڤی سەردەم بەتایبەت تاکی کورد وەک ئەکتەرێک دەژی، واتا هەمیشە لە رۆڵگێڕاندایە و هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی، بۆچی؟ لەبەرئەوەی ئالوودەی چەند شتێکی رۆتینی بووە، هەر ئەمەش وایکردووە هەمیشە راڕاو دوودڵ بێت لە ژیان و کارکردنیدا، هەمیشەش هەوڵدەدات چواردەور لەخۆی رازیبکات و باسی بکەن، ئەمە بۆ؟ لەبەرئەوەی لە سەردەمێکی تەواو خێرادا دەژین، هەموو لە یاریەکداین کە یاریکەرەکانی بە میزاجی خۆیان داشەکان دەجوڵێنن و دەیانەوێ لە سوودی خۆیان تەواو ببێت، هەندێک رۆتین بە تەواوەتی ژیانی داگیرکردووین، وای لێکردووین تەنیا خۆمان بەڕاست بزانین، بەڵام بەپێچەوانەوە هەمووی کردووە بەیەک جۆر و یەک کەس و یەک بیرکردنەوە، رای جیاوازمان پێ قبوڵ ناکرێت و بیری نوێ لەدایک نابێت، ئایدۆلۆجیایەکی وەهای بۆ دروستکردووین کە هەمووان لەنێو بازنەیەکی داخراودا دەخولێینەوە.
لە چەند ساڵی رابردوودا، تەکنۆلۆژیا وەک شەپۆلێکی گەورە و خێرا ئێمەی گرتەوە، هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە لەو شۆکە بێینە دەرەوە


وەک شەپۆلێکی گەورە
لە چەند ساڵی رابردوودا تەکنۆلۆژیا وەک شەپۆلێکی گەورە و خێرا ئێمەی گرتەوە، هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە لەو شۆکە بێینە دەرەوە، لەبەرئەوەی سەردەمێکی خێرایە و هەر رۆژە شتێکی سەیرتر و نایابتر دێتە بەردەستمان، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئەوە بزانین ئەمە هەموو شتێک نییە بەڵکو زۆر شت ماوە بیبینین و بیکەین، بەس بەداخەوە زۆر شتمان لەدەست دەرچووە، بەتایبەت لەنەوەی خوێندەوار کە هێندە هۆگری مۆبایلەکەی بووە نیو هێندە نەیتوانیوە و هەوڵی نەداوە لە ناخەوە ئیش لەسەر خۆی بکات و بگەڕێتەوە و قسە لەگەڵ ناخی خۆیدا بکات. بە جۆرێک تەنیا باوەڕ بەو شتانە دەکات کە بەچاو دەیبینێت، ئەمە کێشە گەورەکەی دروستکردووە، بەڵکو دەبێت بەپێچەوانەوە تاکێکی وردەکاربن بۆ هەر بابەتێک دەیبینن، راستە ئێمە بیر لە بوونگەرایی دەکەینەوە، بەڵام بەڕای من خودناسی زۆر لەبوونگەرایی گرنگترە، لەبەرئەوەی کاتێک خۆمان ناسی ئەوا دەتوانین چواردەوریش بناسین بەڕێژەیەکی زۆر. ئەمەش وادەکات کۆمەڵگەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوومان هەبێت. 

بۆ نەمانتوانیوە لەڕێی تەکنۆلۆژیاوە بەرەو جیهانگیریی بڕۆین؟
سادەترین نموونە پڕۆسەی ئەنفالی گەلی کورد کە 36 ساڵ پێش ئێستا بەسەرمانداهاتووە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بەشێوەیەکی پێشکەوتوو فیلمێک بەرهەم بهێنرێت لەسەر ئەنفال و بتوانێت بەشداری فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان بکات، ئەگەر کارێکیش کرابێت درەنگ بووە، لەبەرئەوەی گەنجان تەنیا وەک دیکۆمێنتاریەک دەیبینن نەک واقیعی نەوەی پێش خۆیان، بۆیە لێرەدا رۆڵی میدیا و دەزگاکان دێتە پێشەوە کە دەبێ کاری جدی لەسەر هەموو پڕۆسەکان بکەن، جیا لە بوارەکانی تر کە چەندین کەلێنی گەورەی تێدایە بەتایبەت خوێندکارانی خوێندنی باڵا کە پشکی شێری ئەم شەپۆلە خێرایەیان بەرکەوتووە.

چارەسەر چییە؟ 
وەک هەموو شتێکی تری دنیا تەکنۆلۆژیاش لایەنی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤی هەیە، بەڵام وەک کۆمەڵگەی کوردی تەنیا لایەنە نێگەتیڤەکە بەکاردێنین. دەکرێت ئێمە لایەنە پۆزەتیڤەکەی زەقتر بکەینەوە لەلای نەوەی نوێ لەبەرئەوەی لە داهاتوودا بتوانن بەرەو جیهانگیری بوون هەنگاو بنێن. 
لەگەڵ ئەوەشدا هەموو پەروەردەکاران دەبێ رۆڵی سەرەکی ببینن لەگەڵ خێزان لەم پڕۆسەیەدا و هەر تاکەو کۆمەڵ دروست دەکات، ئەگەر تاکێکی تەندروست پەروەردە نەکەین ئەوا بەدڵنیاییەوە بەرەو خراپتر دەڕۆین کە سیستەمی پەروەردەش کاریگەری راستەوخۆی هەیە.
ئەمە سنووردارکردنی ئازادی تاک نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی جوانییەکانی ژیان.

وتارەکانی نوسەر