زووم

فیلمی دڵخوازی تۆ چییە؟

11:26 - 2023-06-26
رۆزا دڵشاد مەریوانی
480 خوێندراوەتەوە

ئەوانەی خولیایان تەماشاکردنی فیلمە رەنگە لە ژیاندا فیلمێک یان چەند فیلمێکی دڵخوازیان هەبێت زۆر کاری لێکردبن و هەرگیز بیریان نەچووبێتەوە یان بەو هۆیەوە چەندجارێک تەماشایان کردبێت، بۆ من یەکێک لە فیلمە دڵخوازەکانم فیلمێکە لە قۆناغی زانکۆدا چەند جارێک تەماشام کردووە و زۆر کاری لێکردووم، ئەویش فیلمی A Walk to Remember فیلمێکە ئەکتەرەکانی ئەستێرەی بەناوبانگن نین هەموو بیانناسین، ساڵی 2002 نمایشکراوە و لە رۆمانێکی ساڵی 1999 ەوە وەرگیراوە بەهەمان ناوەوە، لە نواندنی گۆرانیبێژانی پۆپ ماندی مۆر و شین وێست-ە دەرهێنانی ئەکتەر و دەرهێنەر ئادەم شانکمانە کە زیاتر بە دەرهێنانی کلیپ و شانۆی میوزیکی و فیلمە درێژەکان ناسراوە. چیرۆکی فیلمەکە و رووداوەکانی زۆر رۆمانسی و لەهەمانکاتدا زۆر خەمبارە، زۆر جوانیشە هەرچەندە کۆتاییەکی تراژیدی هەیە، بەڵام ئەوە رێگر نەبووە لەبەردەم ئەوەی دووبارە تەماشای بکەمەوە، رووداوەکانی باس لە ساڵانی نەوەدەکان دەکات کاتێک کوڕە لووت بەرزە دەوڵەمەندە بەناوبانگەکەی خوێندنگەکە سزا دەدرێت بە کردنی هەندێ کاری خۆبەش لە خوێندنگەکەدا لە نێویشیاندا ناچار دەکرێت لەگەڵ کچە پاڵەوانەکەدا کاربکات و لەهەندێ کاردا یارمەتیبدات، لە گرتەیەکدا کچەکە دەبێت لە وانەیەکدا یارمەتی کوڕەکە بدات و سەعی پێبکات، بەڵام بەمەرجێک ئەوە دەکات پێی دەڵێت «نابێت بکەویتە داوی خۆشەویستیمەوە!» بێگومان کوڕەی لووت بەرز گاڵتەی بەو قسەیە دێت، بەڵام لە دواییدا تێدەگەین بۆچی داوایەکی لەو جۆرەی لێدەکات!
دیمەنێکی زۆر جوانی ئەو فیلمە ئەوەیە کاتێک پێکەوە بەشداری پاڵەوانیی شانۆگەرییەکی میوزیکی دەکەن و تێیدا پێکەوە گۆرانییەکی زۆر جوان پێشکەش دەکەن کە هەست و سۆزی بینەر دەجووڵێنێت، جوانیی ئەو فیلمە لەوەدایە لەو پەڕی ئازار و بێ هیواییدا، دەڵێت: هەمیشە هیوایەک هەیە، لەوپەڕی خەمباری و لەدەستداندا مانایەک و پەیامێک لەودیو رووداوەکانەوە هەیە ئێمەی مرۆڤ درکی پێناکەین و لێی تێناگەین، هەروەها باس لەوە دەکات تا چەند مرۆڤ دەتوانێت لەوپەڕی ناخۆشیدا سوپاسگوزار بێت بۆ ئەو کەس و شتانەی لە ژیانیدا هەیەتی. 
رەنگە بپرسن بایی چەند ئەو فیلمە جوان و رۆمانسی و خەمبارە؟ دەڵێم بایی ئەوەندە خەمبارە هەر جارێک بینیبێتم بەدیارییەوە گریاوم هاوکات ئەوەندە جوان و رۆمانسییە وایلێکردووم دووبارەی بکەمەوە هەروەها خەمبارە بەڵام بێ هیوا نییە، چونکە دواجار ئەو فیلمە بیرۆکەی ئەوە بەرجەستە دەکات لەوپەڕی تاریکیی و بێهوودەیی و گریاندا دەکرێت دووبارە پێبکەنینەوە و بەچاوێکی دیکەوە تەماشای ژیان بکەین، دەبێت لە دوای لەدەستدانی ئازیزانمان لە ژیان بەردەوام بین بە تایبەتی ئەگەر خاوەنی پەیامێکی بەسوود بین بۆ کۆمەڵگە و دەوروبەرمان.

وتارەکانی نوسەر