به درێژایی مێژووی كۆن و هاوچه‌رخ، كورد له خه‌بات و شۆڕشی چه‌كداری و بزووتنەوە‌ی رزگاریخوازییدا بووه، دژی سته‌مكاران و داگیركه‌رانی خاكەکەی، ئه‌م گه‌له قاره‌مانه هاوشێوه‌ی گه‌لانی ئازادییخوازی جیهان، له‌پێناوی پاراستنی شوناسی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی خۆیدا بووه كه هه‌میشه سه‌رجه‌م ده‌سه‌ڵاتداران و رژێمه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان، له قۆناغه مێژووییه‌كاندا دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه و پرسی كورد بابه‌تێكی گه‌رمی سه‌ر مێزی گفتوگۆ و نه‌خشه‌كارییان بووه، به‌ڵام چۆن؟ نه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كورد، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه كه چۆن هه‌وڵبدەن پرسی ئه‌م گه‌له بچووك بكرێته‌وه له چوارچێوه‌ی پرسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه بۆ پرسێكی ناوخۆیی ئه‌م وڵاتانه كه كوردی تێدا ده‌ژی.
لە دژی کورد هەنگاویان ناوە
زۆرێک له ناوه‌نده‌كانی بڕیاری ئابووری و سیاسی زلێھزه‌كانی ناوچه‌كه و جیهان به درێژایی مێژوو، له هه‌وڵی پارچه پارچه‌كردنی ده‌نگ و ئیراده‌ی گه‌لی كورددا بوون، به‌شێوازێك كه پیلان و ئه‌جێندای بێگانه جێبەجێبکرێت نه‌ك ئه‌جێندای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی كورد.
ئه‌ركی سه‌ره‌كی و خه‌می ئه‌م میلله‌ته كه له جه‌نگێكی مێژوویی به‌رده‌وامدایه، له رووی شۆڕش و خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسیدا، بۆ پاراستنی شوناسی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییەکەی، بۆیه نوێنه‌رانی كورد له نێو سه‌رجه‌م رووداوه جیهانی ئیقلیمییەكاندا په‌راوێز خراون و نه‌بوونەتە کارتێكی كاریگه‌ر كه بێگومان ئه‌مه زیانێكی گه‌وره‌ی به دۆز و پرسی كورد گه‌یاندووه له ئاستێكی هه‌ستیاردا، به‌ڵام له دوای سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و خه‌باتی بێ‌وچان، هه‌تا راپه‌ڕین و پاشان روخانی رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام و به‌عسی له‌ناوچوو، خه‌م و كاری پێشینه‌ی سه‌ركردایه‌تی كورد به رابه‌رایه‌تی سەرۆک مام جه‌لال، هه‌وڵیدا ده‌نگ و ئیراده‌ی كورد له عیراقێكی نوێ‌دا یەک بخات.
ئەمە لەدوای چەند ده‌یه‌یه‌ك له سیاسه‌ته‌كانی سته‌مكاری و ته‌عریب و تەبعیس و راگواستنی زۆره‌ملێ و كیمیاباران و ئه‌نفال.
رۆڵی مام جەلال و سەرکردایەتی یەکێتی
مام جەلال و سه‌ركردایه‌تی ی.ن.ك توانییان له كۆبوونه‌وه‌كانی پێش روخانی رژێم له هانده‌ران و له نێو هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه، كۆده‌نگی به‌ده‌ست بێنن بۆ بونیادنانه‌وه‌ی عیراقێكی نوێ كه تێیدا پرسی گه‌لی كورد له ده‌ستووردا رێکبخرێت و مافەکانی دانیپێدا بنرێت.
كه دواتر له چوارچێوه‌ی خه‌مخۆری نیشتمانیی ئەوان، ئه‌م هه‌وڵانه به‌رهه‌میان هاتەدی، توانرا ٪17 ی بوجه‌ی هه‌رێم دابینبكرێ له بودجەی گشتی عیراق له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌وافقی سیاسی نیشتمانی و بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوژانه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه به‌خۆیه‌وه ببینێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه له‌دوای نەخۆشکەوتنی مام، پارته سیاسییه‌كانی كوردستان وتاری سیاسی‌یان گۆڕی و كه‌وتنه دا‌و و گه‌مه و پیلانی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و دووركه‌وتنه‌وه له ئاڕاسته دروستەکە و زیانی گەورەیان گەیاند بە دۆخی ئابووری و سیاسی و نه‌خشه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی هه‌رێم.
سیاسەتی هەڵە دۆخەکەی شێواند
قه‌واره‌ی هه‌رێم كه‌وته ژێر مه‌ترسییه‌وه و پێگه ده‌ستوورییەکەی له به‌غدا لاواز بوو كه ئه‌مه لە ده‌ره‌نجامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی حزبەکان داده‌نرێت، جا به‌ناوی ئۆپۆزسیۆنه‌وه بێت یان به‌ناوی وتاری بریقه‌داره‌وه بەشدارییان كردبێ له پڕۆسه‌ی سیاسی له هه‌رێم و عیراق.
دوور له وتاری ئاشتی و ئاشته‌وایی و ئاڕاسته‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وەیی كه چۆن له رووی ده‌ستوورییه‌وه چاره‌نووسی كورد و هه‌رێم له رووی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تییه‌وه به‌نده به ئاینده‌ی ده‌ستوورییمانه‌وه له عیراقی فیدراڵه‌دا، هه‌ر بۆیه له ماوه‌ی زیاتر له 10 ساڵی رابردوودا، وتاری سیاسی هەندێک لە حزبه‌كان هێنده ته‌سك كرابوونه‌وه و داماڵێنرابوون له نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی و هه‌ر هه‌وڵێك درا بێت، ئه‌وا چۆته خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌یاران و دوژمنانە‌وه. هه‌ر بۆیه گرنگ و پێویسته كه كورد وه‌كو هاوبه‌شێكی راسته‌قینه به سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانییه‌وه به‌یه‌ك ئاڕاسته وتاری حزبی و سیاسی خۆیان یه‌كبخه‌ن و هاوبه‌شانه شانبه‌شانی یه‌كتر پێكه‌وه له سه‌نگه‌ری كار و خه‌باتی سیاسی له به‌غدا و ناوچه‌كه و جیهاندا بن.
لە نەبوونی یەکدەنگی و یەکڕیزییدا
به پێچه‌وانه‌وه پێگه‌ی ده‌ستووریمان له‌نگ ده‌بێت و پرسی كورد جارێكی تر ده‌خرێته‌وه سه‌ر ره‌فه‌كانی بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی و ئێمه ده‌بین به پاشماوه و سووته‌مه‌نی هاوكێشەی ئابووری و سیاسی و ململانێی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییەکان، به‌تایبه‌تی دوای هه‌وڵه‌كانی نێوان چین و هاوپه‌یمانان و ئه‌مریكا و هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوولا بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان له هه‌رێم و عیراق و ناوچه‌كه و خۆرهه‌ڵاتی ناوەڕاست.
نزیكبوونه‌وه‌ی پانتایی شیعه له جیهاندا به‌رابه‌رایه‌تی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رامبه‌ر به پانتایی سوننی به رابه‌رایه‌تی عه‌ره‌بستانی سعودی و چه‌ند وڵاتێكی تری به‌هێز هاوشێوه‌ی ئیماڕاتی عه‌ره‌بی و چه‌ند وڵاتێكی تر، كه‌سه‌رجه‌م ئه‌م وڵاتانه له ئێستادا و له‌م سه‌رده‌مه‌دا دابه‌شبوون به‌سه‌ر جه‌نگ و ململانێی ئابووری و سیاسی و سه‌ربازی خۆرئاوا و خۆرهه‌ڵاتدا، به‌تایبه‌تی له سه‌روبه‌ندی جه‌نگی روسیا و ئۆكرانیادا كه ئێستا به روونی هه‌ستی پێده‌كرێ و زه‌نگی مه‌ترسی له ناوچه‌كه و جیهان لێدراوه.
پێویسته گه‌لی كورد و هێزه سیاسییه‌كان كه به‌شداریی شانۆی سیاسی هه‌رێم و عیراقن، وه‌رچه‌رخانێكی راسته‌قینه بكه‌ن له ئاڕاسته‌ی وتاری حزبی و سیاسییه‌كانی خۆیاندا و روو بكه‌نه ئاوێنه‌ی نیشتمانی و نه‌ته‌وەیی، تاوه‌كو ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی ده‌ستووریی به‌هێزی هه‌بێت تا ئه‌م ده‌سكه‌وت و پێگه ده‌ستوورییانه‌مان بپارێزرێت و بتوانن مافه‌كان زامن بكه‌ن، به‌تایبه‌تی دوا به‌دوای هه‌وڵه‌كان و سیاسه‌ته‌كانی ی.ن.ك به رابه‌رایه‌تی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی كه له نێوان هێزه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عیراقدا کردویەتی بۆ كۆبوونه‌وه له بازنه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانیدا و درێژكردنی ده‌ستی ئاشتی بۆ حكومڕانییه‌كی ته‌ندروست و خه‌مخواردن له چاره‌نووس و ئاینده‌ی ئه‌م گه‌ل و هه‌رێمه له عیراقدا.
پاراستنی پیرۆزییەکانی گەلی کورد بە یەکڕیزیی و یەک وتاریی دەکرێت