دڵسۆزی گەل سەرۆک بافڵ

10:23 - 2023-07-11
دیانا ئەحمەد
418 خوێندراوەتەوە

دیانا ئەحمەد

منداڵ بووم لەسەردەمی مام، خەمی سیاسەتمان نەبوو، خەمی ئەوەمان نەبوو مافی كورد و گەنجانی وەك من پێشێلبكرێت یان نا، چونكە دەمانزانی مامی گەورەمان ئەو بەرپرسیارێتییەی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام دوای مردنی، كورد و لایەنگرانی یەكێتی بە ترسەوە لە سیاسەت و چارەسەرنەكردنی كێشەكانیان دەڕوانی، تا دەرکەوتنی هەڤاڵ بافڵ وەک سەرۆك. 
دووبارە هەمان هەستی سەردەمی ماممان لا دروست بۆتەوە، چونكە دەزانین بەهەمان رێچكەی مام هەنگاو دەنێت بۆ بەرەوپێشتربردنی یەكێتییەكەی جارانمان.
هەنگاوەكانی پێناسەیەکە بۆ پشتگیری هەموو چین و توێژەكانمان، من وەك كادرێكی یەكێتی ئەم قسانە ناکەم، بەڵکو وەك گەنجێكی ئاسایی ئەوە دەڵێم کە دەیبینیم و هەستی پێدەكەم. 
دۆخی ئێستا قورسە و ئەرکی هەڤاڵی سەرۆکیش قورسە و هەنگاوەکانی سەلمێنەری ئەوەن کە شایانی متمانە پێدانن. 
لە سەردەمێكداین كاتی ئەوەیە هەموان بزانن یەكێتی سنوردار نییە و ماف و ئازادیی گەنجان قەتیس ناکات و رێگرییان لێناکات لە دەربڕینی بیروڕا جیاوازەکانیان. 
دانانی  هێڵی گرین لاین باشترین بەڵگەی خەمخۆریی سەرۆکی یەکێتییە بۆ کێشەکانی خەڵک.
 پشتگیرییەکانی بۆ خوێندكاران راستەوخۆ گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانیان و جێبەجێکردنیان و دواتر پیرۆزبایی کردن لە یەكەمەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی، بەڵگەی نزیکیی سەرۆکن لە توێژە جیاجیاکانی خەڵکەوە.
گەنجان ئەم هەموو هەڵوێستانە دەبینن، هەر بۆیە دەزانن یەكێتی حزبی ئازادییە و ماف و ئازادییەكانی خەڵك دەپارێزێت.
هەموو ئەمانە و زیاتریش هەر یەكێتی دەیكات، راستییەكان بە روونی دیارن، هەر بۆیە دەڵێین سەرۆك بافڵ سەرۆكێكی پرڕ شكۆیە.

وتارەکانی نوسەر