سمكۆ عەبدولكەریم
مەحاڵە هەڵبژاردنێكی دیكە لە هەرێمی كوردستان بكرێ، مەگەر پارتی لە كەلی شەیتان بێتە خوارێ و ئەوەی یەكێتی لە دوای سیویەكی ئاب كردی لە چوونە پێش لە پارتی و دەستبەرداربوونی لە زۆر دەستكەوت و بەرژەوەندیی تەسكی حزبی، ئێستا پارتی بیكات. ئەودەم دەتوانن بەیەكەوە هەنگاو هەڵبێنن و زەمینەی هەڵبژاردنێكی هاوشێوەی یەكەم هەڵبژاردنی دوای راپەڕین بڕەخسێنن و لەو پاشاگەردانییەی خۆیان و هەرێم تێیكەوتوون؛ دەربازیان ببێت. ئەگەرنا هەڵبژاردن كەوتۆتە قوڕگی شێرەوە. دەشبینن چۆن هەڵبژاردن بە دەردی مادەی 140 و بودجە و پێشمەرگە و نەوت دەچێت.
خەیاڵمان خاوە پێمان وابێت حكومەتی عیراق دەستبارمان لەگەڵ دەگرێت، بۆ ئەوەی زەمینەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بڕەخسێنێ و جارێكی دیكە شەرعییەت بۆ حكومەتی هەرێم بگەڕێتەوە، كە دەمێكە هەندێکیان خەون بەوەوە دەبینن، چۆن هەرێم بەرەو لاوازی و دواجاریش بەرەو هەڵوەشانەوەی بەرن.
پارتی گرەو لەسەر بارودۆخی نێوخۆی یەكێتی دەكات و ئامادە نییە كێشەكانی لەگەڵ یەكێتی بەشێوەی بنەڕەتی چارەسەر بكات، تا ئەوكاتەی دەگاتە ئەو باوەڕەی، كە گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو دەكات.
من باوەڕم وایە، دواجار پارتی جگە لە رێكەوتنەوە لەگەڵ یەكێتی بەو شێوەیەی، كە ئەو دەیەوێت و باوەش پێداكردنەوەی، هیچ رێگەچارەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە، چونكە لە دەرەوەی پاراستنی قەوارەی هەرێم و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە گشتییەكان، كە ئەركی هەموانە بەبێ جیاوازی، یەكێتی هیچی نییە لەدەستی بدات، وەك ئەو دروشمەی، كە دەڵێت: «ئەی كرێكارانی جیهان یەك بگرن، ئێوە هیچ لەدەست نادەن مەگەر كۆت و زنجیرەكانی دەستتان، بەڵام جیهانێك بەدەست دێنن».
پارتی دەبێت لەوە تێبگات ئەو جیهانەی كە ئەو دەیەوێت بیسەپێنێت، جیهانێك نییە رای گشتیی كوردستان، ناوچەكە و جیهانیش بە تێكڕایی قبووڵی بێت. بۆیە گەڕانەوە بۆ مەنتقی ئەقڵ و تێگەیشتن لە هاوكێشەی سیاسیی ناوچەكە، باشترین بژادەیە لەبەردەمیدا.