یەکشەممەی ئەو هەفتەیە، کاتێک ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران، بۆ پاڵپشتیی و گەیاندنی داخوازییەکانیان لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بەڕێکەوتن، لە بازگەی دێگەڵە پێشیان لێگیرا و رێگەیان پێنەدرا بێنە نێو شاری هەولێری پایتەخت.
لەکاتێکدا، پایتەخت سەنتەری دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، هەموو هاووڵاتییەک بۆی هەیە ئازادانە داخوازییەکانی بگەیەنێت، بەڵام ئەوەی ئەو یەکشەممەیە روویدا، ئاماژە و وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو لە زیاتر قووڵکردنەوەی زامی لێکترازانی کۆمەڵایەتی، جوگرافیی و سیاسیی.
پێموایە، ئەگەر عاقڵانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پێشهاتە بکرابایە، ئیدارەی هەولێر، زۆر بە جوانیی و حەکیمانە دەیتوانی خۆپیشاندەران لە باوەش بگرێ و ئەو هەموو فەڵتەیەش نەدرێ. بە داخەوە، ئەو رووداوەش وەک زۆر رووداوی دی، لەنێو لاپەڕەکانی مێژوو تۆمار دەکرێ و وەک زۆر رووداوی دیکەی مێژوویش لە ئێستا و ئایندەدا، کەس ناتوانێت شانازییان پێوە بکات. مێژوونووسان وەک لەکەیەکی شەرمەزاریی دەیخەنە بەر دیدی نەوەی داهاتوو، وەک چۆن ئێستاش، کە لاپەڕەی هەندێک لە رووداوە مێژووییەکان هەڵدەدەینەوە ئارەقەی شەرمەزاریی بەڕووماندا دێنە خوارێ.
تۆبڵێی، کەسانێک دیمەنی ئەو رۆژەی نێو شاریی هەولێری بۆ شی نەکردبنەوە؟ لەوەیان نەڕوانیبێت، کە رێگەوبانەکانی نێوشار، ئەو رۆژە بۆ هێندە چۆڵ بوون، ئەو سەدان و هەزاران پۆلیس و ئاسایشە بۆچی و بۆ کێ خرابوونە ئامادەباشییەوە؟
ئەمە بۆ ترساندنی کۆمەڵانی خەڵک بوو؟ ئەی ئەو ترسەی ئەوان لە کۆمەڵانی خەڵک لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ ئەوە نازانن، کە چەندە هاووڵاتیان بتۆقێنن، دووهێندە زیاتر خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.
لە فەلسەفەی سیاسییدا هاتووە، سیاسەتی دروست و حەکیمانە ئەوەیە، حسابی ورد بۆ ئەو جۆرە پێشهاتانە بکرێت، نابێت ئەو جۆرە کەیسانە بدرێنە دەست کەسانی بێ ئەزموون و نەدیتە. بە کۆمیدیاکردنی، تراژیدیاکەی یەکشەممە، ئاقیبەتی خێر نابێت، ئەوە من واناڵێم، لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لەو جۆرە رووداو و بەسەرهاتانە. ئەوانەشی وایان تێگەیاندون، کە هێز هەموو شتێکە، دەبێت جۆرەکانی هێزیشیان بۆ روون بکەنەوە، هێزی جەماوەریی، ئابووریی، سیاسیی و جوگرافیی، لەسەرووشیانەوە هێزی عەقڵیی. دەسەڵاتێک، تەنیا باوەڕی بە هێزی پۆلیسیی هەبێت و هێزی مەعریفەی بەلاوە نابێت و پێیوابێت ئەوها دەتوانێت پارێزگاری لە خۆی، نەک کیانەکەی بکات، دەبێت تا زووە بەخۆیدا بچێتەوە. چونکە هەموو رووداو، راپەڕین و شۆڕشە جۆرییەکان، دەرهاویشتەی رووداوە بچووک و تاکوتەراکانن، کە دواجار کەڵەکە دەبن و سەریان دەخوات.