سمكۆ عەبدولكەریم
تا بەر لە فەراهەمبوونی ئەو مینبەرە فراوانەی ئێستەی سۆشیال میدیا، نووسین و بڵاوكردنەوە ئەركێكی زۆر قورس و بە ویژدانانەتر بوو. نە نووسەر هێندە بە ئاسانی نووكی قەڵەمی دەخستە سەر كاغەز، نە بڵاوكراوەكانیش وا بە سانایی بڵاویان دەكردەوە.
ڕاستە لێكدانەوەی سیاسیی و ڕێگریكردن لە دەربڕینی فیكری ئاراستكراو رێلێگیراو بوون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵسەنگاندنی بابەتیانە و جەختكردنەوە لە راستیی و دروستیی زانیارییەكانی نێو بابەتەكەش سەنگی مەحەكی بڵاوكردنەوەیان بوو.
ئێستە جگە لەوەی ئەو سانسۆرەی جاران نەماوە ئەو خەمخۆریی و موكڕییەش نەماوە. هەربابایە و دەنووسێ و بڵاوی دەكاتەوە، كەسیش تاقەت و خولیای جارانی نەمایە لەسەر ئەو جۆرە نووسینانەی، ئەو هەموو ناڕاستیی و چەواشەكارییانەی تێدایە بوەستێ و وەڵامیان بداتەوە و راستیان بكاتەوە.
هەموومان ئەو مشتومڕ و وەڵام و وەڵامكاریانەی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردووی نێو رۆژنامەگەریی كوردیمان بیرە، بەتایبەتی دەمەتەقێكەی نێوان حەمەی مەلا كەریم و كەمال مەزهەر.
ئەمڕۆ هەزاران لاپەڕە، لەسەر هەزاران بابەت نووسراون و دەنووسرێن، كەچی هەست بە كەمترین بەرپرسیارێتی نووسەر ناكەین، بێ گوێدانە بنەماكانی ئەخلاقیی نووسین دەیەوێ زۆرترین نووسین بنووسێ و زۆرترین كتێب چاپ بكات. پێموابێت ئەو قسانە بۆ ئەوانەی ئەو دەردە لێی تێر كردوون هیچ سوودێكی نییە، وەلێ ئەوانەی لە سەرەتای تووشبوونن و ویستێكی بەهێزیان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە. دەكرێ قسەی ئەو دكتۆرەی بە درێژایی ژیانی، عەلی وەردی لە گوێچكەیدا زرینگاوەتەوە وەبیر بێنمەوە، كە بۆ هەموومان سوودی هەیە (بوێربە بەرانبەر بە هەڵەكان) واتە هیچ كاتێك و لە هیچ كارێكتدا بەدوای بێخەوشیی مەگەڕێ، چونكە مرۆڤ بە سروشت ناتەواوە.
هەر ئەمەش وای لە نووسە ر و توێژەرێكی گەورەی وەك عەلی وەردی كردووە ددان بە هەڵەكانیدا بنێت و رەخنە لە خۆی بگرێت و بڵێ: (كاتێك كتێبەكانم دەخوێنمەوە، ئەوانەی پێشتر چاپم كردوون و پێیاندا دەچمەوە، تەماشا دەكەم پڕن لە غەلەتوپەلەت، چونكە من لە بارودۆخێكی تایبەتدا و لە ژێر كاریگەریی زانیارییەكانی ئەوكات، كە بەڕاستم زانیون، ئەو كتێبانەم نووسیون).
عەلی وەردی دەڵێ جارێكی دیكە نووسینەوەی ئەو كتێبانە و ڕاستكردنەوەی هەڵەكان لەو نەخۆشیی و وەسوەسەیەش قورتاری كردم، بە پێچەوانەوە دەرفەتێكی دیكەم بۆ نەدەڕخسا كتێبەكانی دیكەشم بنووسم.لەمەوە تێدەگەین رۆژانە چی دەرخواردی مێشكی مرۆڤ دەدرێت، دەزانین كە نووسین و بڵاوكردنەوەی زانیاریی چ كاریگەرییەكی لەسەر خوێنەر هەیە، كەم نین ئەوانەی نووسین هانیداون و هەڵسوكەوتی گوڕیون، جا ئەگەر ئەو هاندان و گۆڕانەش لەسەر بنەمایكی هەڵە ببوون، بە ئاراستەی توندوتیژیی، تائیفەگەریی و رەگەزپەرستی، یان رەفتارێكی دوور لە ئەخلاقیی، تا ئەو شوێنەی خوێنەر بە ئاسانی هەست بە مەترسیی كاریگەرییەكانی نەكات، نازانێت چەندە مەترسیدارە، تا ئاستی ئەوەی گیانی مرۆڤ دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە نووسەر چەندە پێیوایە نووسین ئەركیەتی، دەبێ هێندە زیاتریش لەوە تێبگات بەرپرسیارێتییە. ئەمەیە وادەكات، نووسەر رێگەیەكی دروست بگرێتەبەر و لە روانگەیەكی ئەخلاقییەوە بڕوانێتە ئەركەكەی، كە نووسینە.