سەبیحە خان ژنێکی ماندوو مەگەر تەنیا مردن مرازی حاسڵ بکات چونکە ژیان هیچی پێنەدا

04:52 - 2023-07-18
رەوای شەهید جەعفەر عەبدولواحید
529 خوێندراوەتەوە

بەشی چوارەم

رەوای شەهید جەعفەر عەبدولواحید

 دوای نیوەڕۆ بوو خەڵک هەمووی پاڵکەوتبوون لە پێش موبەریدە، رۆژ درێژ بوو خەڵکی زۆر خێریان لە رۆژەکە دەبیینی، لە دەرگا درا، دایکیشم دوای بیستنی هەواڵی ئەمری دەستگیرکردنی  سەبیحە خان دەرگای کۆڵانی بە شیش دادەخست لە ترسی هێرشکردن و راپێچکردنی سەبییحە خان هەردەم لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ئەوەی بتوانن سەبیحە خان بشارنەوە و بەردەستی هێزەکانی ئەمن نەکەوێت، من بەپەلە بەرەو دەرگا رۆیشتم کە زانیم ئەوە کاکە ئازادە دەرگاکەم کردەوە دایکم سەڵاحیاتی ئەوەی پێ دابووم  دەرگا لە چەند کەسێک بکەمەوە کە کاکە ئازادیش یەکێک بوو لەوان، کە دەرگام کردەوە هاتە پێشم خواربۆوە و منی لە باوەش کرد و منیش بە هەردوو دەستم توند ملیم گرت و بۆنی باوکم و یایەم لێدەکرد و ئەویش بە پێکەنینەوە وتی ها رەوێ گەورە بوویت، کە گەیشتە هۆڵەکە منی هێنا خوارەوە لە باوەشی و بە چاوێکی بێتاقەت و بە نیگایەکی پڕ لە خەفەتەوە سەیری دایکمی کرد، دایکیشم وتی: 
ها ئازاد؟ شێری یان رێوی؟ کاکە ئازادیش وتی وەڵڵا خاڵۆژن هیچیان!؟ دایکم وتی چۆن؟ وتی هەر سێ کەسی کە تۆ داوات کرد بچمە لایان خۆیان شاردەوە لێم وا دیارە مەعلوماتیان هەیە کە سەبیحە خان ئەمری دەستگیرکردنی دەرچووە خۆیان نیشانم نەدا خێزانەکانیان لە دەرگای کۆڵان پێیان وتم لە ماڵ نین، من ناوی ئەو کەسایەتیانە ناهێنم لە بەرئەوەی یەکەم، رەوشتم مەجالم پێنادا تەشهیر بە کەس بکەم و دووەمیش، گلەیی لەو کەسانە ناکەم لەبەرئەوەی لەو سەردمە هەموومان دەزانیین ئەو شوێنانە چ دامەزراوەیەکی ترسناک بوو شوێنی پیسترین جۆری تەعزیب و عەزابدان بوو بە دەستی دڕندەترین رژێمی ئەو کات کە رژیمی بەعسی گۆڕ بە گۆڕ بوو، هەتا رادەیەک گلەییان لێنەدەکرا لەبەرئەوەی هەموو کەس ئازایەتی شەهید جعفەر و جەبار فەرمانی نییە، دایکم وتی ئەوها ؟! زۆر باشە ئازاد تۆ بڕۆ ئەو ماوەیش دوور بە لەو مەنتیقەیە و ماڵی ئێمە و بە دایکیشت بڵێ کەستان ئەو ماوەیە نەیەنە سەردانمان ئێمە هەر کاتێک پەلامارمان بدەن ئەگەری گرتنمان هەیە با کەس لەگەڵمان نەگیرێ هەتا کەمتر بگیرێین زەرەر کەمترە، ئازاد وتی جێتان ناهێڵم، دایکم وتی کوڕم تۆ تازە ژنت هێناوە، بڕۆ با تووشی شتێک نەبیت ئەوانە بتگرن شوێنە ونت دەکەن، بەهەر شێوەیەک بێت دایکم قەناعەتی بە کاکە ئازاد هێنا و ئەو ڕۆیشت. دایکم و سەبیحە خان زۆر بێتاقەت بوون دایکم خۆی زۆر بێدەسەڵات دەهاتە پێش چاو و سەبیحە خانیش زۆر دەترسا ژنێکی زۆر جوان و گەنج هەردوو کوڵمی پەمەیی ناسک قژێکی هەنگوینی چاو و برۆ بادەمی، دەست و پەنجەکانی دەتوت کەلەرمە، دایکم زۆر بە دڵێکی پڕەوە چووە ژووری نووستنەکەی خۆی و یەکێک لە دەرگاکانی کانتۆرەکەی کردەوە و دوو دانە عەبای رەشی هێنا دانەیەکی فڕێدا بەردەم سەبیحە خان بە توندی و دانەیەکیشی کردەوە بەسەری خۆی دادا و بە قوڕگێکی پڕ گریان و بە تووڕەییەوە وتی سەبیحە هەستە، کە ئێمە خۆمان پیاو بین پیاوی خەڵکمان بۆ چییە یارمەتیمان بدات؟ هەستە ئەو عەبایە لە خۆت بئاڵێنە من ئەتبەم بۆ دائیرەی ئەمن، سەبیحە خان هەستایە سەر پێی و لە دایکم نزیک بۆوە! وتی قانیعە خان تۆ ئەزانییت ئەوە موجازەفەیەکی چەند گەورەیە؟ فایلی تۆ سەد قات لە فایلی من قورسترە لە لای بەعس ئەگەر ئەوانە بزانن تۆ ژنی شەهیدی سەرکردە جعفەر عەبدولواحیدی و دامەزرێنەری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستانی چیمان لیدەکەن؟ هەردووکمان دەکەن بە قیمە، تۆ دڵنیایت چی دەڵێیت، وتی بەڵێ دەزانم ئەگەر بمناسنەوە هەر بەو پەتەی کە هاوسەرەکەمیان پێ ئیعدام کرد منیش هەڵدەواسن، بەڵام ناشتوانم چاوەڕێ بم هەتا بەسەرماندا دەدەن و خوا گەورەیە من هەموو کات بۆ ئیشی خێر و چاکە کە هەنگاو دەنییم خوا لەگەڵم ئەوەستێت پشتم بە خوا قایمە من ناتوانم خۆم شەرمەزاری کاک جەبار ی بکەم، تازە پاراستنی تۆ و منداڵەکانت لە پێش پاراستنی خۆم و منداڵەکانمە قەت چاوەڕێی ئەوە نابم بێین لە پیش چاوم بتگرن و بتبەن بۆ دائیرەی ئەمن، لەوە زیاتر با دوانەکەوین، دەی هەستە مەترسە من قەت جێت ناهێڵم،  سەبیحە خان هەناسەیەکی قووڵی  هەڵمژی و دەست پەنجەکانی قرچاند و پاپووچەکانی لەپێ کرد و عەباکەی دا بەسەریدا و هەموو جەستە و مل و شانی خۆی داپۆشی خۆی و دایکم وەکو رەشماڵیکی رەش چوونە ژێر عەباکانیان و هەموو گیان و سەر دەستیان لەناو عەباکانیان شاردەوە تەنها دوو چاو و چەناگەیان دیارما دایکیشم چاوێکی لەسەر سەبیحە خان بوو و چاوێکیشی لەسەر ئیمە بوو ، لەمن نزیک بۆوە و وتی رەوا تۆ مەسئولیت لەسەر ئەم ماڵە لە غیابی من ئاگات لە براکەت بێت و دڵی بڵێسەش رابگرە و ئەگەر ئێمە نەگەڕاینەوە هەواڵ بۆ یایە بنێرە بێت بتان بات بۆ ماڵی خۆیان، بەو تەمەنە بچووکەمەوە هەستم بە مەسئولیەتێکی زۆر گەورە کرد، ئەو ترس و مەسئولیەتە گەورەیە زۆری لێم دۆشی لە دڵ و دەمار و مێشکم، دەبوو شان بدەمە بەر کارێکی زۆر قورس کە بۆ تەمەن و عومری من هیچ گونجاو نەبوو، دایکم موحازەرەیەکی بەپەلەی دا بە سەبیحە خان و داوای لێکرد کە هیچ نەشڵەژێ و هیچ جۆرە کارێکی وا نەکات کە ئەمنەکان لێی بکەونە گومانەوە و لە هەمانکاتیشدا سەری هیچ داوێک نەداتە ئەو دوژمنانە، هەردووکیان وەکو دوو شاخی سەرکەش بە قامەتێکی بەرزەوە هەنگاویان دەنا منیش بەدوایانەوە بووم هەتا دەرگای حەوشە و سەرم لە دەرگاکە دەرهێنا و هەر سەیرم کردن بەڕادەیک خەریک بوو چاوەکانیشم بەدوایاندا دەڕۆیشت هەتا لە پێش چاوەکانم ون بوون دەرگاکەم دانەخست بە شیش وتم هەر ئەبێت بگەڕێنەوە، بەرەو ساڵۆن و ناوەوەی ماڵەکمان شەقاوم دەهاویشت و هەموو بیر و هۆشیشم لە لای دایکم و سەبیحە خان بوو، ئەگەر شتێکی خراپیان بەرامبەر بکرێت؟ ئەگەر دەست درێژییان بەرامبەر بکرێ؟ ئەگەر بیان گرن و نەیانبینینەوە؟ بە دەیان پرسیاری لەو جۆرە، کە گەیشتمەوە ژوورە وە سەیرێکی بڵێسەم کرد و بینیم ئەویش هەمان پرسیار و ئەگەر لەسەر دەم و چاو و ناو مێشکیدایە و سەری هەردووکمان قورس ببوو و دڵیشمان بەقەد کونی دەرزییەکی لیمابۆوە، ئەو ماڵەی تێیدا بووین بۆمان بووە بیانییەکی گەورە خۆزگەمان بە  پەڵە هەورێک دەخواست  بێت و تینووێتیمان بشکێینێت جۆرەها سەرابی سەیر سەیرمان دەبینی لە شکڵی دایکم و سەبیحە خان ، قەڵەمی دەست و قاچمان شکا و زمانمان لاڵ بوو توانای چاو تروکانیشمان نەما و هەریەکەمان کەوتینە خەوێکی زۆر ناخۆش لە نەتیجەی قووت دانی ئەم هەموو خەفەت و ترسە. دەتوانم بڵێم زیاتر لە بێهۆشی دەچوو رێبازیش وەکو پاسەوانێکی خوا سەیری من و بڵێسەی دەکرد و بە چاو دوعای گەڕانەوەشی دەکرد بۆ ئەو دوو دایکە.

وتارەکانی نوسەر