سەبیحە خان ژنێکی ماندوو مەگەر تەنیا مردن مرازی حاسڵ بکات چونکە ژیان هیچی پێنەدا

06:47 - 2023-07-19
رەوای شەهید جەعفەر عەبدولواحید
438 خوێندراوەتەوە

بەشی پێنجەم
کات درەنگ بوو بانگی مەغریب تەواو بوو، دونیا بەرەو تاریک بوون دەچوو، رۆژ خەریکی خۆ پێچانەوە بوو بۆ ئاوا بوون، تاریکی تۆزە تۆزە بڵاو دەبۆوە بە ئاسماندا، میلی سەعات زۆر بە قورسی دەجووڵا، هیچ دەرفەتێک نەبوو بۆ نەجات بوونمان لەو تەنگانەیە تەنها بەئارام گرتن و نزا کردن، خوایە دایکمان بۆ بگەڕێنیتەوە، خوایە دایکمان لێ نەستێینی، خوایە بێ باوک بووین بێ دایکمان نەکەیت. هەتا توانای ئارام گرتنم نەما و دەستم بەگریان کرد وەکو مرواری فرمێسکەکانم دەهاتە خوارەوە و بڵێسە سەری خستبووە ناو کۆشی و بە دزییەوە دەگریا ریبازیش وەکو ئاژەڵیکی بریندارهەستی بەگەورترین ئازار دەکرد و خۆی مات کردبوو، هەر لە هاتوچۆ بووم نێوان بڕۆم یان بوەستم لە تێلکردن بۆ یایەی هەتا بیێتە هانامان ئەو سێ منداڵە بێ دەسەڵاتە بباتە ماڵی خۆی یان چاوەڕێی بم تۆزیکی تریش، خوایە چ بڕیارێک بدەم؟ خوایە چی بکەم باشە، ئەگەر خەبەرم بۆ پلکم نارد و نیوە عومرم کرد و ئەوانیش هاتنەوە؟ یان ئەگەر تیلم نەکرد زۆر دواکەوتم و پلکم نەیتوانی بێت، لە نێوان دەیان هەڵبژاردە بووم و دەستم هیچیانیش نەدەگرت هەتا دەرگای حەوەشەمان بوو بە دەرگای بەهەشت و بەڕوومان کرایەوە و جووتێک حۆری جوانی رەشپۆش بەژوور کەوتن و زەردەخەنەیان مژدەی سەرکەوتنی دەداینێ من و بڵێسە سەرمان بڵند کرد و هەستاینە سەرپێ و فرمێسکە مروارییەکانی سەر روومەتمان سڕییەوە بە لەپی دەستمان و سەیرێکی یەکتریمان کرد و بەچاو پیرۆزبایمان لەیەکتری کرد و ئەو ژوورەی لێی بووین و هەتا ناو باوەشی دایکمان بووە یەک شاقاو، باوەشیان بۆمان کردەوە و وتیان ئێمە هاتینەوە دایکم بە پەلە بۆ لای رێباز رۆیشت و باوەشی پێدا کرد و وتی رێبو ئەوەتا هاتمەوە ئەوە لێرەم، سەیرێکی منی کرد و وتی ئافەرین کچە عاقڵەکم دەستت خۆش بێ، خۆ هیچ خەبەرت لۆ پلکت نەناردییە؟ منیش وتم نا جارێ؟ وتی زۆر باشبوو قەلەقت نەکرد، ئیتر ئەوانە هەر دانیشتن هەتا شەو درەنگ باسی ئەو رۆیشتنەی ئەو شوێنە ترسناکەیان دەکرد و دڵیان بە ئازایەتی خۆیان و سەرکەوتنەکەیان زۆر خۆش بوو، زۆر سوپاسگوزاری خوا بوون کە توانیبوویان کارێکی وا بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەوەش، ئەو ئێوارەیە زۆر دڵ خۆش بووین و خەویکی زۆر قووڵ و هێمنیشمان کرد شەوەکەی لە سەربانی ماڵمان هەموومان دەتگوت کەوتووینە ناو بیر، ئەوەندە دڵ و دمار و مێشکمان ماندوو ببوو وەکو بەرد لێی کەوتین و خەوتین، بەیانی زوو دایکم زۆر بە ئەسپایی لە سەربان هاتە خوارەوە بۆ ئامادەکردنی نانی بەیانی، عەبای لەسەر کرد و رۆیشتە دەرەوە هەر لە ریزی دەرگای  کۆڵانمان بە دەیان شوێنی فرۆشتنی ماست و پەنیر و هێلکەی خۆمانە گوێز و بادەم و هەنگوین و میوەی وشککراوە گۆشتفرۆش و میوە فرۆش کە جۆرەها میوەی ترش و شیرینیان هەبوو، هەموویان زۆر ریزی دایکمیان لە لابوو لە بەرئەوەی لە ئەسڵدا ئەو گەڕەکە موڵکی باوکی دایکم بوو، هەموویان دەستەو سینگ بۆی دەوەستان و هەر شتێکی بکڕیبا بە حەماڵی ئەو شوێنە بۆ دایکمیان دەناردە ماڵەوە هەموو بەیانیش نانی گەرممان بۆ دەهاتە ماڵەوە لەبەرئەوە دووکانی نانەواکە کرێچی دایکم بوو ئیتر دایکم گەیشتە ماڵەوە، منیش هەتاو لەناو چاوی دەدام و شەڕی پێم دەفرۆشت تۆزێک خۆم مات دەکرد و تۆزێک تووڕە دەبووم لە هەتاوەکە و بە جارێک پەست بووم لێی و دەرچووم لەناو جێگایەکەم و هاتمە خوارەوە بە دوای دایکم دەگەڕام ، دایکم وتی رەوا ئەوە چۆن دڵت هات رێباز جێبهێڵیت لەسەربان؟ منیش وتم ئینجا چییە؟ ئەوە نییە بڵێسە و دایکی لەوێن؟ ئاگایان لێی دەبێت، ئێمە لەو قسانەدا بووین بینیمان کاکە ئازاد پەیدا بوو، دایکم وتی ئازد گیان بە خێر بێیت بەو بەیانییە زووە خێرە هاتوویت، خۆ هیچ نەبووە؟ کاکە ئازادیش وتی خاڵۆژن بە خوا من شەو هیچ خەوم لێنەکەوتووە لە تاو وەزعی ئێوە؟ هەر لۆمەی خۆمم کردووە وتومە من چۆن ئەو ماڵ و منداڵەی خاڵم وا بە جێهێشت و گەڕامەوە ماڵی خۆمان، ئەوانە دیاریی خاڵمن بە خوا من قەت پشتتان تێناکەم خاڵۆژن، بێ ئەوەی ئاگای لەو قارەمانێتییەی دایکم و سەبیحە خان بێت، دایکیشم بە زەردەخەنەیەکی شیرین وتی ئازاد خەبەرێکی خۆش، کاکە ئازاد شاگەشکە بوو دەم و چاوی هەمووی بووە هێمای تەعەجوب وتی چی بووە خاڵۆژن؟ دایکم وتی خۆم چارەسەرم کرد، دوێنی دوای رۆیشتنی تۆ خۆم لەگەڵ سەبیحە رۆیشتین بۆ ئەمنی بەلدە و خۆم و سەبیحە و تۆشم نەجات دا لەو دڵەڕاوگێیە ، کاکە ئازاد کەوتە قاقای پێکەنین چ پێکەنینێک؟ جوانترین دەم و دانی هەبوو کاتی کە پێدەکەنی دوو ریز مراوری بەدەردەکەوتن وەکو ریزە شاخێکی بەفراوی ریک بریسکەی دەهات و دووچاوی برۆ و بژانگ رەش پڕ مەستی و جوانی هەر ئەتوت کوڕە سوڵتانە خوا نە لە پێشی و نە لە دوای جوانی وای نەبەخشیوە بە بنەماڵەکمان، ئەوەندە چاوی کچی جوانی لەسەر بوو بۆیە خێری لە خۆشی نەبینی لە لووتکەی گەنجی و پیاوەتی ژیانی لە دەستدا و جوانە مەرگ بوو، هەستاوە دەستی دایکمی ماچ کرد و وتی توخواااا؟ چۆۆۆۆۆۆن، خاڵۆژن دەزانیت ئەوە چ ئیشێکە تۆ کردووتە؟ یاخوا خوا تۆ لە ئێمە نەستێنی بەڕاستی شێرە ژنیت!! بەڕاستی شانازیت پێوە دەکەم، ئیتر کاکە ئازاد نەیدەبڕییەوه بە دەیان پرسیاری لە دایکم دەکرد و دەکردەوە و دیسان پێی دووبارە دەکردەوە، ئێ خاڵۆژن ئەوان چییان وت؟ ئێوە چییتان وەڵام دایەوە؟ ئێ خاڵۆژن؟ ئێ خاڵۆژن خۆ ئەزییەتیان نەدان؟ ئیێ خاڵۆژن خۆی بێڕێزیان بەرامبەرتان نەکرد؟ ئێ خاڵۆژن؟ هەتا دایکم زەردەخەنەیەکی کرد وتی کوڕم دە راوستە با نانێک بخۆین بە خوای هەمووت لۆ باس دەکەم.

وتارەکانی نوسەر