بەشی شەشەم
رەوای شەهید جەعفەر عەبدولواحید
من وکاکە ئازاد لە تەنیشت یەکتری دانیشتبووین و دایکیشم لە بەرامبەری هەردووکمان بوو تەواو بووین لە نانی بەیانی، دایکم نەیدەویست لە بەردەمی من قسە بکات نەوەک ترس بمگریت و هەروەها نەوەک من لەبەردەم خەڵک ئەو قسانە بگێڕمەوە، وتی رەوا بچۆ سەرەوە سەرێک لە ریباز بدە، من زانییم دایکم دەیەوێت من دوور بخاتەوە لەو نهێنیانە، دەشمزانی دایکم دوێنێ قارەمانێتییەکی گەوروی تۆمارکردووە و دەبیتت وردەکارییەکانی بزانم، بە دایکمم وت باشە وا دەچم بەڵام خۆم لە پشتی دەرگای هۆڵەکە شاردەوە بۆ وەرگرتنی ئەو وەڵامانەی کە لە چەند رۆژی رابردوو هەموو سەر و گیان و مێشک و دڵمی داگیر کردبوو، ئینجا لە گێرانەوەی رۆیشتنەکەیان بۆ ئەمن و بە هەموو وردەکاریەکانییەوە زانییم لەوێ چیبووە، وتی ئازارد هەر لێرە دەرچووین وتم سەبیحە گۆێت لێبێت تۆ قەت نابێت خۆت وانیشان بدەیت کە عەربی دەزانیتت بۆ ئەوەی من خۆم بکەم بە موتەرجیم بۆ تۆ و بڵێم بۆیە من لەگەڵی هاتووم لەبەرئەوەی ئەو ژنە عەرەبی نازانێت، قەت نابێت خۆت وا نیشان بدەیت کە ئێمە زۆر دەمێکە یەکتری دەناسین و پەیوەندەییەکمان ئەوەندە بەهێزە و دەبێت خۆت زۆر بێمنەت نیشان بدەیت هەتا ترست لێ بەدیبکەن زیاتر گومانت لێدەکەن و بە هیچ شێوەیەک خۆت وا نیشان نەدەیت کە هەواڵی مێردت دەزانیت یان نامەت لەو بۆ دێ، پێیان بڵێ کە تۆ لە زمانی کوردی گەرمیانی هیچ زمانێکی تر نازانیت بۆیەش خانەقینت جێهیشتووە و هاتوویتە هەولێر لەبەرئەوەی کەس و کارت لێت عاجزن و قسەت لەگەڵ ناکەن لەبەر ئەوەی رازمەندیان نەبووە تۆ شوو بەو پیاوە بکەیت کە کاک جەبارە، وتی سەبیحەش وەکو خوێندکارێکی ژیر و عاقڵ پیت بە پیت وشە بە وشە قسەکانی منی لە گوێ دەگرت و دەیوت باش قانیعە خان، بەسەرچاو، ئیشەڵڵا لێم رازی دەبیت ئیشەڵڵا هەڵە ناکەم، وتی هەتا گەیشتینە بەردەم دەرگای ئەمنی بەلدە، کە گەیشتبوون دایکم بە حەرسی بەردەرگایەکەی وتبووسەلام و عەلەیکم، وتی بەدەم و چاوێکی پڕ نەفرت وتی هااااا، شتریدون، دایکیشم وتبووی ( نرید نشوف مدیرالامن)، وەڵامی دایکمی دابۆوە و وتبووی ( مدیرالامن )!، دایکیشم وتبووی بەڵێ، وتبووی بوەستن لێرە نەجووڵین هەتا دێمەوە، دایکیشم و سەبیحە خانیش زۆر بە هێزەوە وەستابوون وەکو دوو پاڵەوانی ئەفسانە کۆنەکان، دوای نیو سەعات کابرا گەڕابۆوە بۆ لایان و وتبووی بە پێشم بکەون، دایکم و سەبیحە خان لەگەڵ یەکەم شەقاوی چوونە ژوورەوەیان هەموو گیان یان ببوو بە مچوڕک و دڵیان وەکو هاوەن لێیدابوو لەتاو ترس و تەنگاوی رۆحیان و زانیبووشیان تازە هیچ رێگایەکی گەڕانەویان نەما بۆ دواوە تازە هەر دەبێت ئەو شەڕی قەدەرە بکەن و تێیدا سەربکەون لەبەر مانەوەی هەموو بەها پیرۆزە کانی کە شەهیدەکان و زیندووەکان کە لە پێناویدا جەنگاون و دەجەنگن، کابرا بە ڕێڕەوێکی تەسکدا ئەوانی بردبوو بۆ یەکێک لە ژوورە داخراوەکانی ناو ئەوقەسابخانەیە، پێیانی وتبوو لێرە دانیشن و چاوەڕێ بن، دایکم و سەبیحە خان هەر بەچاو پەیامیان گۆڕیبۆوە هەتا کابرایەکی سەرزلی سمێڵ گەورەی ناشیرین لێیان چووبووە ژوورەکەو وتبووی ( ها انتوا منو، شتریدون من مدیرالامن ) دایکم وتبووی ئێمە لەبەر بە فیڕۆ نەدانی کاتی ئێوە داوای مودیرمان کردووە وتمان یەکسەر ئیشکە کورت بکەینەوە لەبەر کەمی کاتی ئێوە، وتی من بڕیار دەدەم جەنابی مودیری ئەمن بتان بینێ یان نا، دایکیشم وتبووی خۆت چاکتر دەزانییت، وتبووی دەی بزانم ئێوە کێن، دایکیشم وتبووی لە راستیدا من هیچ ئیشکم نییە تەنها و تەنها هاتووم لەگەڵ ئەو ژنە بێکەسە وەکو موتەرجیم لەبەرئەوەی عەربییەکەی ئەو زۆر شڕە من لەو زۆر باشترم بۆیە وەکو خێرێک لەگەڵی هاتووم، ئەمنەکە وتبووی ئەوە کێیە؟ ناوی چییە؟ دایکم وتبووی بەس دەزانم ناوی سەبیحەیە، ئەمنەکەش وتبووی تۆ چۆن ئەوت ناسیوە؟ دایکیشم وتبووی ئێمە هەردراوسێین بەڵام ئەو تەنیایە لێرە غەریبە ئێمەش وەکو ژنانی گەڕەک چاوێکمان لێیەتی، ئەمنەکە وتبووی ئینجا بۆ هاتۆوە بۆ ئێرە چی دەوێت، دایکیشم وتبووی ئێوە داوای ئەوتان کردبووچەند رۆژیک پێش ئێستا چووبوون بۆ سەردانی ئەو ماڵەی کە ژوورێکی لێیان گرتووە ویستبووتان هەندێک پرسیاری لێبکەن ئەوەتا ئەو بە قاچی خۆی هاتووە بزانی ئێوە چیتان هەیە لەگەڵی، ئەمنەکە وتیبووی ئێستا دێمەوە راوەستن، رۆیشتبوو گەڕابۆوە فایلێکی گەورەی هێنابوو و بە توندی فڕێیدابووە سەر مێزەکە و وتیبووی ئێستا زانیم ئێمە بۆچی سەردانی ماڵی سەبیحەمان کردووە، سەبیحە خان زۆر ترسابوو! دایکیشم قورگی تۆزێک وشک ببوو و وتبووی بەڵێ فەرموو، ئەمنەکە دەستی دابووە تەلفۆن قسەی لەگەڵ ژوورێکی تر کردبوو و وتیبووی با فڵان کەس بێت، دایکم سەبیحە خان خوێنی جەستەیان ببوو بە ئاو لە ترسی ئەوەی نەوەک جەلادێک یان پیاوکوژێکیان لێ بهینتە ژوورەکە، وتی کە هات ئەمنێکی تر بوو کورد بوو بۆیە هێنابووی بەس تەنها بۆ ئەوەی بزانێت دایکم قسە کان وەکو خۆی تەرجومە دەکات یان بە هەڵە، ئیتر وتبووی سەبیحە تۆ خەلکی کۆێیت؟ دایکیشم دەستی کردبوو بە وەرگیڕانی هەموو پرسیارەکان وەکو خۆی بێ زیاد و کەم ، سەبیحە خانیش وەڵامی هەموو پرسیارەکانی دابۆوە، ئینجا پێی وتبو کوا هاوسەرت؟ سەبیحە خانیش وتبووی ئێوە لە من باشتر دەزانن، من ژنێکی دوو گیانی ماندوو بە منداڵێکی بچووک بێکەس و کار لە غەریبایەتی چوزانم ئەو لە کوێیە؟ وتبووی یەعنی نامەت بۆ نایە و هاوڕێی و رەفیق نایەنە سەردانت ئەویش وتبووی نا، من چۆن دەتوانم خاوەن یەک ژوورم لە حەسارێک پێشوازی لە خەڵکی بێگانە بکەم؟ ئینجا وتبووی ئێمە دەتوانین دەستگیرت بکەین، ئەویش وتبووی بە چ تاوانێک دەستگیرم دەکەیت؟ من چیم کردووە، دایکیشم ئەیوت نەمدەتوانی زۆر داکۆکی لێبکەم لەبەرئەوەی من وتوومە هەر بۆ تەرجومەکردن هاتووم، دەیوت داکۆکیم بکردبا دەچووە قاڵبێکی تر بۆیە بە هەزار شێوە دانم بەخۆمدا دەگرت و نەمدەویست خۆم بکەم بە تەرەف، وتی سەبیحە بە جواب هات و وتی من هاوسەرم لە دژی حوکمەت یاخی بووە من چیبکەم؟ بۆ چی ئێستا ئەو وەزعەی تێیدام زۆر خۆشە؟ دایکیشم وتبووی جەنابی موحەقیق من یەک پرسیار لە تۆ دەکەم، وتبووی چییە؟ وتبووی ئێستا تۆ لەو پێگە و شوێنەیت خێزانت دەتوانی بیرو باوەڕت پێ بگۆڕێت؟ وتبووی حەدی چییە من بەعسیم حیزبی بەعس لەسەرووی هەموو شتیکەوەیە، دایکیشم وتبووی ئیتر بۆچی لۆمەی ئەو ژنە دەکەیت؟ چ ژنێک توانیویەتی پیاوێک بگۆڕیت لەم گەردوونە؟ هەر داب و نەریتی ئێمە وانەبووە پیاو سەرداری ئافرەت بێت و ئافرەتیش هەتا دوا نەفس دڵسۆزی هاوسەری بێت و لە تاعەتی دەرنەچییت! وتبووی ئاخر مێردی ئەو موخەڕیبە، دایکیشم وتبووی هەرچییەک بێت کەس ناتوانی ژنێک تۆمەتبار و تاوانبار بکات لەبەر بوونی بە هاوسەری پیاوێک، ئەوە تازە بۆتە ئەمرێکی واقیع و کاتیش قەت ناگەڕیتەوە بۆ دواوە هەتا خەڵک لە هەڵبژاردن و بڕیارەکانی پێشتری پاشگەز بێتەوە، ئەمنەکە وتبووی تۆ ژنێکی زۆر قسە زانیت دەبوو پلەیەکی بەرزی حیزبیت هەبایە، دایکیشم وتبووی جەنابی موحەقیق من کچی پیاوێکی حاجی نوێژکەری خواناسم لە دەرگای ماڵمان دوورتر بۆم نەبووە بچمە هیچ شوێنێک ئێستاش ئەو ئیشە ئینسانی نەبا و تەماحی چاکەیەکم نەبێت بۆ سەر تەرازووی خوا بە ژیانم سەردانی هیچ شوێنێکی حیزبی و حکومی ناکەم لەبەرئەوەی لای ئێمە نابێت ئافرەت دەربکەوێ لە هەموو جێگایەک، ئەمنەکە وتبووی سەبیحە گوێت لێم بێت من دەرفەتێکت پێدەدم بۆ ئەوەی دڵسۆزی خۆتم بۆ بسەلمێنیت، ئەگەر سەرکەوتوو بوویت باشە ئەگەر نا دەتکەین بە پەند بۆهەموو تێکدەرێکی کورد، دایکیشم وتبووی فەرموو، وتبووی هەر ئێستا تەعەهودێک پڕ دەکاتەوە ئەگەر بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان هاوسەری یان کەسێک لە لایەنی هاوسەری یان هەر کەسێک زانیاری لەسەر هاوسەری و شوێنی هاوسەری پەیدا بێت دەبێت پەیوەندیمان پێوە بکات و ئاسانکاریمان بۆ بکات بۆ دەستگیرکردنیان ئەگەر نا دڵنیابە وات لێدەکەین بە ژیانت هەتاو نەبینیتەوە، سەبیحە خانیش وتبووی باش، ئیتر هەر دە پەنجەیان پێ مۆر کردبوو و ئیزنیان دابوون و ئەوانیش تۆزە تۆزە لە ژوورەکە دەرهاتبوون بێئەوەی سەیری هیچ شتێک بکەن تەنها شەقاوی خۆیان نەبێت و بەرەو حەوشەی شوێنەکە و بەرەو دەرگای کۆڵان و بۆ سەر شەقامی گشتی هەر بە دڵ لێدانێکی زۆر توند هەر بە پێی رۆیشتبوون هەتا گەیشتبوونەوە ماڵەوە ئەمنێکش بە دوایانەوە ببوو و ماڵ و شوێنەکەیان هەموو دەستنیشان کردبوو، ئیتر گوێم لێبوو وتی ئازاد ئێستا ئیشی تۆ ئەوەیە کە پەیامێک بۆ کاک جەبار بنێیریت و تێیدا پێی رابگەیەنیت کە بە هیچ شێوەیەک چۆلەکەیەکیش نابێت سەردانمان بکات نە لە شاخ و نە لەشار هیچ کەسێک لە رێکخستنە نهێنییەکان نابێت توخنمان بکەون، ئێمە ئێستا یەک پارووین بۆ ئەمنە بەعسییەکان، ئیشی ئێمە لەو قۆناغە ئەوەیە کە گەورەترین پارێزگاری بۆ سەبیحە خان فەراهەم بکەین هەتا ئەو منداڵەی لە دایک دەبێت و ئینجا بە زووترین کات رەوانەی لای کاک جەبار بکرێت ئەو هێمنیەی بەعسیەکان هەر بۆ گەیشتنە بە ئامانجەکانیان دڵنیام سەبیحە دەستگیر دەکەن دوای منداڵبوون و دوێنێش ئەو دووگیانیەی شەفاعەتی بۆ وەرگرت و نەیهیشت سجن بکرێت، ئەگینا ئەوان وا بەئاسانی سەبیحە نانێرنەوە ئێمە دەبێت پێیشی ئەوان بکەوین لە کار و چالاکیەکانمان، کاکە ئازاد وەکو سەربازێکی ئازا و گوێڕایەڵ هەستایە سەر پێ و تەئکیدی لەهەموو قسە کانی دایکم کرد و وتی هیچ خەمت نەبێت خاڵۆژن وابزانە ئەو رێوشونانەت هەموو جێبەجێکراوە، ئینجا وتی ئەوە دوو رۆژە یایە و کاکە و مهاباد دەیانەوێ بێنە سەردانتان منم رایانم گرتووە، کەوایە با ئەمڕۆ بێن، دایکیشم وتی بەسەرچاو ئێمەش زۆر بیریان دەکەین بە خێربێن، کاکە ئازاد رۆیشت بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دایکم و بۆ ئێوارە ئەوان هاتنە لامان و زۆر دڵ خۆش بووین هەموومان بە بینینی یەکتری هەموو بە چاک و خۆشی و بە زمان شیرین و گفتی خۆش دانیشتنەکە بەردەوام بوو، دایکم چەندەها جۆر شیرینی دروست کرد و سەماوەریان هەڵکرد و چای پڕ گۆڵاو ئامادەکرا کە بۆنی هەموو ماڵەکەی داگیرکردبوو، بۆ هەر لایەک دەڕۆیشتی بۆن و بەرامی میوەی هاوینی بوو لە شووتی و کاڵەک و ترۆزی و قەیسی، ئەو ئێوارەیە هەر بە دەم پێکەنین و گفتی خۆش بەڕێ کرا، ئیتر سەعات لە دوای سەعات هەتا دەهات جەستەی سەبیحە خان قورستر دەبوو و کاک جەباریش هەواڵی سەبیحە خانی بۆ ماڵی باوکی خۆی ناردبوو بۆ گەیشتن بە هانای سەبیحە خان و یارمەتیدانی لەو دووگیانییەی هەتا بەیانییەکیان لەسەرنانی بەیانی بووین و لە دەرگای حەوشە درا منیش وەکو پیشەی هەمیشەییم بەرەو دەرگا هەنگاوم نا، لەبەرئەوەی زۆر بێ خوشک برا بووم زۆر دەترسام لە تەنیایی هەموو کات حەزم لە پێشوازیکردنی خەڵک بوو پێم خۆش بوو ئاسمان خەڵک ببارینێ ومنیش کۆیان بکەمەوە، ئیتردەرگام کردەوە چیم بیینی! ژنێک لە چەشنی فریشتە، حۆری بەهەشت، شاژنی وڵاتی جوانی، حەزرەتی حەوا بە گۆشت و رۆحەوە، ژنێکی سەنگین و سەلاری سەرپۆش رەش و جل رەش ئەتوت لە خەزێنەی پاشاکان دەرهاتووە، نێوچەوان بڵندی سەربەرزی قامەت جوانی باڵا عەرعەری، ئااااای خوایە بۆچی دانەیەکی تریشت دروست نەکرد لەو زاتە موبارکە؟ دوودانە کچی چاوو برۆ رەشی گەنم رەنگی قورس و گران و کوڕێکی لە من گەورەتر بە سێ چوار ساڵان بەشەرم و حەیا و کۆمەڵێک دەست و دیاری جوان و بەقیمەت، چاک و چۆنی کرد بە زمانێک یەکەم جارم بوو گوێم لێبێت، قەت ئاشنایم نەبوو لەگەڵ زمانی گەرمیانی، منیش نەمزانی چی بڵێم وەکو بتێکی بە هەناسە سەیری ئەو ژنە نازدارەم دەکرد هەتا دایکم گەیشتە سەرسەرم وتی رەوا ئەتو لۆ ئەوها راوەستاوی؟ منیش هەر سەیری ئەو ژنە میهرەبانە پڕ نوورەم دەکرد و دایکیشم سەیری کردن و وتی فەرموون ئەمر بکەن، ئەوان لە وەڵامدانەوە بوون بڵێسە بە راکردن هات و وتی ( نەنە ، نەنە ، نەنە) هەتا خۆی بۆیان فڕێدا وئەوانیش وەکو پارچە قوماشێکی سەر مەرقەد بۆن و ماچی بڵێسەیان دەکرد، ئیتر من و دایکم تێگەیشتین کە ئەوانە دۆستن و کەس و کارێکی نزیکی بڵیسە و سەبیحە خانن.