نه‌وزادی موهه‌ندیس
تایوان چ له‌ڕووی قه‌باره و ڕووبه‌ری خاكه‌كه‌ی 36193كم و چ له‌ڕووی ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی له‌ساڵی 2019دا 23 ملیۆن و 593 هه‌زار و 794 كه‌س و چ له‌ڕووی هێزی ئابووری و سه‌ربازییه‌وه تاساڵی 2019 ته‌نها 165 هەزار چه‌كداری هه‌بووه كه 22هه‌مین وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به هه‌موو پێودانگه‌كان وڵاتێكی بچووك و لاوازه و ته‌نانه‌ت له‌ڕووی جیۆپۆلهتیكیشهوه هه‌رچه‌نده پێگه‌كه‌ی گرنگه، به‌ڵام هه‌میشه له به‌رده‌م مه‌ترسی گه‌وره‌دا بووه له‌به‌رامبه‌ر چیندا کە بە بەشێک لە خاکی خۆی دەبینێت، بەڵام بۆچی ئه‌م وڵاته بچووكه بۆته مۆته‌كه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بۆسه‌ر ته‌واوی جیهان؟
تایوان وڵاتێكی نه‌یار
تایوان كه له چه‌ندین دوورگه‌ی بچووك پێكدێت، به‌ڵام %90 خاكه‌كه‌ی دوورگه‌ی تایوانه كه كه‌وتۆته باشووری خۆرهه‌ڵاتی چینەوه و له‌ساڵی 1949ه‌وه له‌سایه‌ی هه‌ڵهاتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی شكستخواردووی كۆماری چینه‌وه به رابه‌رایه‌تی (شیانگ كای شیكه‌وه) له‌به‌رامبه‌ر هێزه شۆڕشگێڕه کۆمۆنسیتەکان به رابه‌رایه‌تی (ماوتسی تۆنگ) و راگه‌یاندنی كۆماری چینی میللی له 1/10/1949ەوە ئه‌م دوورگه‌یه بووه جێگه و پێگه‌یه‌كی نه‌یار به‌م ده‌وڵه‌ته تازه دامه‌زراوه‌ی کۆمۆنسیتەکان. ئێستاش به نه‌یاری ماوه‌ته‌وه، هه‌رچه‌نده له‌ساڵی 1991وه حاڵه‌تی جه‌نگ له‌گه‌ڵ چیندا كۆتایی پێهاتووه، و توانیویه‌تی خۆڕا بگرێت له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌كانیدا، تایوان به ئێستاشه‌وه هه‌ر به كۆماری چین ده‌ناسرێت و تاساڵی 1971 كورسی هه‌میشه‌یی چینی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گرتبوو و دانپیادانراو بوو له‌سه‌ر ئاستی جیهان. به‌ڵام لە دوای پێدانی ئه‌و كورسیه هه‌میشه‌ییه به كۆماری چینی میللی، به‌هۆی سیاسه‌تی خاوكردنه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌رامبه‌ر چین، دژی یه‌كێتیی سۆڤیەتی جاران، ئیدی تایوان له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی نه به ئه‌ندامی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان مایه‌وه و ته‌نها 15 وڵاتیش به ره‌سمی دانیانپیاداناوه. به‌ڵام به ناڕه‌سمی زۆرینه‌ی وڵاتانی جیهان په‌یوه‌ندیی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و سه‌ربازیان له‌گه‌ڵیدا هه‌یه، به ئه‌مریكای زلهێز و وڵاتانی تری ئه‌وروپا و خۆرئاواشه‌وه.
تایوان هه‌رچه‌نده توانای سه‌ربازیی و قه‌واره و دانیشتوانی كه‌م و بچووك، به‌ڵام توانیویه‌تی له‌ڕووی ئابوورییه‌وه گه‌شه و پێشكه‌وتنی به‌رچاو بكات و سه‌رمایه‌دار و كۆمپانیای ئابووری و بازرگانی گه‌وره پێكبهێنێت و ته‌نانه‌ت لەناو چینیشدا نزیكه‌ی 60ملیار دۆلار وه‌به‌رهێنان بكات و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن تایوانی له چیندا كار ده‌كه‌ن و له‌ناو بازاڕ و كارگه پیشه‌سازییه‌كان و ئابووریی چیندا چالاك و جێگه ده‌ستیان دیاره.
وڵاتێكی نیمچه كۆماری
تایوان ئێستا به‌پێچه‌وانه‌ی كۆماری چینی میللیه‌وه سیستمێكی نیمچه كۆماری و دیموكراسی و كۆماری ده‌ستووری پیاده ده‌كات و خاوه‌ن ده‌ستوور و ئاڵا و داموده‌زگا ههڵبژێردراواكانێتی و هه‌ر چوار ساڵ جارێك په‌ڕله‌مان و سه‌رۆكی وڵات هه‌ڵده‌بژێرێت و له‌ساڵی 2000دا و دوای 50ساڵ له سیستمی دیكتاتۆرییه‌ت بۆ یه‌كه‌مجار سه‌رۆكی تایوان هه‌ڵبژێردراو (شین شوی) كه لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆبوونی تایوان بوو، خۆی به وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانێت، دوور له سه‌روه‌ریی كۆماری چینی میللی و ده‌ڵێت: ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازین له چین و هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش ئه‌م بۆچوونه‌ی بسه‌لمێنێت و ببێته ئه‌ندام له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا.
له ساڵی 2016وه تا ئێستاش و دوای هه‌ڵبژاردنی دووباره‌ی سه‌رۆكی ئێستای تایوان خاتوو تسای ئینگ ون سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی پێشكه‌وتوو DPP،كه لایه‌نگرێكی سه‌رسه‌ختی سه‌ربه‌خۆیی تایوانه و له دوایین هه‌ڵبژاردندا هەشت ملیۆن و 200 هەزار ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، به‌هۆی هه‌ڵگرتنی دروشمی سه‌ربه‌خۆیی تایوان و دژایه‌تی چین و ئه‌م پشتگیرییه‌ش مانای وایه زۆرینه‌ی تایوانییه‌كان دژی چینن و لایه‌نگری سه‌ربه‌خۆیی تایوانن. به‌م هۆیه‌شه‌وه له‌ماوه‌ی ئه‌م هەشت ساڵه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی چین و تایوان زۆر گرژ و مه‌ترسیدار بوون.
له‌به‌رامبه‌ردا كۆماری چینی میللی تاك حزب و تاك سه‌ركرده‌ی خاوه‌ن سیستمێكی شیوعی کۆمۆنیستی پیاده ده‌كات، وڵاتێكی پان و پۆڕ و گه‌وره‌یە و ژماره‌ی دانیشتوانی به نزیکەی ملیار و نیوێک کەس مەزەندە دەکرێت و نزیكه‌ی پێج ملیۆن چه‌كداری سه‌ره‌كی و یه‌ده‌گی هه‌یه و سێیه‌مین وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان لەڕووی ژماره‌ی سەربازەوە و یه‌كه‌مین وڵاته له‌سه‌ر ئاستی جیهان له‌ڕووی رووبه‌ری خاك و ژماره‌ی دانیشتوانه‌وه كه به‌ده‌یان و سه‌دان جار له تایوان گه‌وره‌تر و قه‌ره‌باڵغتره.
تایوان به به‌شێكی دانه‌بڕاو له‌خاكه‌كه‌ی ده‌زانێت و لێی جیابۆته‌وه و مافی چینه كه بیگێڕێته‌وه سه‌ر خاكه‌كه‌ی و له ساڵی 2004دا (یاسای دژه جیابوونه‌وه) ی ده‌ركرد كه رێگه به به‌كارهێنانی هۆكاره نا ئاشتییه‌كان ده‌دات دژی تایوان، ئه‌گه‌ر هه‌وڵی جیابوونه‌وه بدات و ده‌ڵێت: حكومه‌تی تایپێ ناشه‌رعییه و دروشمی (یه‌ك چینی) به‌رزكردۆته‌وه و له‌قۆناغی ساڵانی هه‌شتاكان و نه‌وه‌ده‌كانیشدا دروشمی (یه‌ك وڵات و دوو سیستمی) به‌رز كردبۆوه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه تایوانیش وه‌كو دوورگه‌ی هۆنگ كۆنگ ده‌توانێت سیستمێكی حوكمڕانی جیاوازی هه‌بێت له په‌كین، به‌ڵام هه‌ر سه‌ر به‌خاك و وڵاتی چینی یه‌كگرتوو بێت كه له‌ساڵی 1997ەوه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا گه‌ڕایه‌وه سه‌ر خاكی كۆماری چینی میللی. بۆیه ئه‌م بۆچوون و ته‌حه‌دا و درووشمانه‌ی هه‌ردوولا بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گرژی و ململانێی توند له نێوانیاندا و له هه‌ندێك قۆناغدا كارگه‌یشتۆته هه‌ڕه‌شه‌كردن و مانۆڕی سه‌ربازی و گه‌مارۆدان و...هتد.
پشتگیرییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ تایوان
تایوان خۆی وه‌كو وڵاتێكی بچووك، هه‌رگیز ناتوانێت ببێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر چینی مه‌زن، به‌ڵام كێشه‌كه له‌وه‌دایه كه ئه‌مریكای زلهێزی جیهان كه له ساڵی 1979وه په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ تایواندا پچڕاندووه، به‌ڵام ئێستا و له چوارچێوه‌ی ململانێی سیاسی و بازرگانی و ئابووری و سه‌ربازییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ بلۆكی خۆرهه‌ڵاتی به گشتی و به تایبه‌تیش روسیا و چینی دوو زلهێزدا هه‌میشه سه‌ره‌ڕای نه‌بوونی په‌یوه‌ندیی سیاسی رەسمی له‌نێوانیاندا، به‌ڵام پشتیوانی سیاسی و سه‌ربازی و ئابووری گه‌وره له هه‌ڵوێست و كار و پلان و دروشمه‌كانی تایوان ده‌كات له سه‌ربه‌خۆبوونی تایوان له چین و (پاراستنی سه‌روه‌ریی نیشتیمانی) وه‌ك دژایه‌تیكردنی چین له‌م ناوچه گرنگ و گه‌رمه‌ی جیهاندا كه به ده‌ریای چین ده‌ناسرێت و وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش دابه‌شبوونه‌یه سه‌ر هه‌ر دوو به‌ره‌ی ئه‌مریكا(ژاپۆن و كۆریای باشوور و تایوان و ...هتد) و چین و روسیا (كۆریای باكوور).
بایدن رایگه‌یاندووه كه پابهندیهكانیان به‌رامبه‌ر تایوان زۆرتوندوتۆڵه و له‌سه‌ر ئاستی سیاسی گه‌وره لێپرسراوانی ئه‌مریكا سه‌ردانی ئه‌و دوورگه‌یه‌یان كردووه و گرنگی به‌رچاویان پێداوه. هه‌موو ئه‌م یارمه‌تی و پشتیوانیانه‌ی ئه‌مریكا بۆ تایوان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ مه‌ترسی ئه‌مریكا له هەژموون و فراوانبوون و به‌هێزبوونی كۆماری چینی میللی له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه و ته‌واوی جیهانیش و به هه‌ق بۆته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌هه‌موو جیهاندا و ئێستا پێش روسیای داوه‌ته‌وه و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌ی یه‌كه‌میش له ئه‌مریكا بستێنێت و ببێته تاكه زلهێزی جیهانی كه ئه‌مه‌ش مانای پاشه‌كشه و بچووكبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكایه. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌مریكا له هه‌ر جێگه‌یه‌كی جیهان هه‌وڵی به‌ربه‌ست و ریگری و نانه‌وه‌ی كێشه و گرفتی گه‌وره ده‌دات له‌به‌رده‌م چیندا.
بۆیه ئێستا تایوان به‌م په‌یوه‌ندی و پشتگیریه‌ی ئه‌مریكا بۆته مه‌ترسیه‌كی گه‌وره بۆ سه‌ر ته‌واوی ناوچه‌كه و جیهان و له‌هه‌موو كات جیهان نزیكتره له روودانی كاره‌ساتی جه‌نگی گه‌وره‌ی جیهانی له نێوان ئه‌مریكا و ئه‌وروپا له به‌رامبه‌ر روسیا له جه‌نگی ئۆكرانیادا و گرژییه‌كانی تایوان له‌گه‌ڵ چینیشدا، بۆته هۆكارێكی تر بۆ خێراتركردنی روودانی جه‌نگ و ململانێكان جا هه‌ر كات ئه‌وه رووبدات و چین و ئه‌مریكا له‌سه‌ر تایوان به‌یه‌كدا بده‌ن و رووبه‌ڕووی یه‌كتر ببنه‌وه، ئه‌وا ته‌واوی جیهان ده‌بێته گۆڕه‌پانی جه‌نگێكی گه‌وره‌ی جیهانی ماڵوێرانكه‌ر. هه‌ربۆیه تایوان رۆڵێكی مه‌ترسیدار ده‌بینێت له خۆشكردنی ئه‌م ململانێ مه‌ترسیداره‌دا. بۆیه گه‌رچی وڵاتێكی بچووكه، به‌ڵام پڕ مه‌ترسیه بۆ سه‌ر جیهان.
له‌ولاشه‌وه چینیش وه‌ك زلهێزێكی جیهانی و ناوچه‌یی كه به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كی گه‌شه‌كردوو هه‌نگاو ده‌نێت، هه‌ق نیه هێنده گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ تایواندا تۆخبكاتهوه و بیكاته ئه‌و درزه‌ی كه نه‌یاره‌كانی لێوه‌ی بچنه ژووره‌وه و له‌ناوخۆی چینه‌وه بنكۆڵی سیستم و ده‌سه‌ڵاتی چین بكه‌ن. بۆیه هه‌ق وایه چین به به‌رده‌وامی سیاسیه‌تێكی نه‌رم و ژیرانه پیاده بكات و رێگه نه‌دات كه تایوان ببێته پوازێك له كه‌مه‌ر و جه‌سته‌ی خۆیدا و خاڵی لاوازی خۆی بدات به‌ده‌سته‌وه.
ململانێی نێوان ئەمریکا و چین سەبارەت بە تایوان