شۆڕش و دەسەڵات

12:19 - 2022-04-19
ئارێز عەبدوڵڵا
429 خوێندراوەتەوە

‎شۆڕش یان بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردستان، زادەی هەلومەرج و پێویستی قۆناغە مێژووییەکان بوون و ئاشەکەیان هەمیشە بەخوێن و فرمێسک گەڕاوە.
‎ شۆڕشی نوێش کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرساوە، ئەگەر نەڵێم تا راپەڕینی 1991 ئەوا ئەو پەڕەکەی تا رووخانی رژێمی سەدام درێژەی کێشاوە. 
لەوێ بە دواوە هەلومەرجەکە گۆڕاوە و بزووتنەوەکە چۆتە قۆناغێکی نەخشە بۆ کێشراو و نوێ، شوڕش یان لایەنە شۆڕشگێڕەکان دەسەڵاتیان  وەرگرتووە، دوای هەڵبژاردن و دامەزراندنی دامودەزگا میرییەکانیش قۆناغەکە لە شەرعییەتی شۆڕشگێڕییەوە گواستراوەتەوە بۆ قۆناغی شەرعییەتی یاسایی. ئیدی هەر کارێک بە ناوی شۆڕش و شۆڕگێڕێتییەوە کرابێ جێگای گومان و تێڕامانە، چونکە ھەندێک جار بەو پاساوەوە گەندەڵی و تەنانەت تاوانیش کراوە!
بۆ شەرعییەتدان بە کاری ناڕەوا و پەنابردنە بەر چەمکی شۆڕش و شۆڕشگێڕێتی، لە لایەک سووکایەتیکردنە بە مێژووی پڕ لە سەروەریی و لە لایەکی دیکەشەوە درێژەدانە بە گەندەڵی و بێسەروبەری و وەرگرتنەوەی کرێی رابردووە بە سەدان قات.
‎لام سەیرە هەندێک کەس بە مەبەست یان لە نەزانییەوە هەردوو قۆناغی خەبات و دەسەڵاتداریی تێکەڵی یەکتری دەکەن و رابردوو بە چاوی ئەمڕۆ  وێنا دەکەنەوە.
‎کارێکی نەشیاوە ئەو هەموو پێشکەوتن و گۆڕانکارییە گرنگ و مێژووییانەی دوای راپەڕین و رووخان لە بەرامبەر گەندەڵی و هەڵە و کەموکووڕییەکان نادیدە بگیرێن. 
لە کاتێکدا هەندێ لە گەندەڵکارە زەبەلاحەکانیش، ئایا لەبەرئەوەی هێشتا بە بەشی خۆیان قایل نین یان بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە کە دەنگیان هەڵدەبڕن و تفەنگیش بە رابردووەوە دەنێن. ئەوانەش هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ ئەوانەدا نییە کە دەیانەوێ ئاییندەی پڕ لە ناز و نیعمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نەک هەر بۆ خۆیان، تەنانەت بۆ نەوەکانیشیان مسۆگەر بکەن. 
سەیرەکە ئەوەیە هەردوو لایەن واتە ئەوانەی دەیانەوێ بە پاساوی رابردووی خۆیان تا سەر باژۆن و ئەوانەیش کە لە داخی قۆناغی دەسەڵاتداریی لە رابردوو پەشیمانن ئاو دەکەنەوە یەک ئاش و ستەم لە مێژووی راستەقینەی گەل دەکەن.
‎دیارە چی کراوە و چی دەگوزەرێ، بەڵام هێشتا کاتی حەق و حساب ماوە و ئەو رۆژەش دێ کە رەش و سپی لە یەکتری جیا بکرێتەوە. 
‎ئەو کات نە پاساوی شۆڕشگێڕیی، نەخۆ بە فریشتە پیشاندان و سڕینەوەی دەستی چەوریش بە سمێلی خەڵکیتر دادی کەس نادات.

شۆڕشی نوێش کە لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرساوە، ئەگەر نەڵێم تا راپەڕینی 1991 ئەوا ئەو پەڕەکەی تا رووخانی رژێمی سەدام درێژەی کێشاوە

وتارەکانی نوسەر