هه‌موو وڵاتێك گریمانه و پێشبینی ئه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت، رۆژێك له رۆژان رووبه‌ڕووی زیانه‌كانی قه‌یرانی ئابووری ببێته‌وه، دروستبوونی قه‌یرانی ئابووریش له هه‌ر وڵاتێك دۆخێكی ناسه‌قامگیر و ناجێگیر ده‌خوڵقێنێت، ئه‌و قه‌یرانه‌ش چه‌ند زیاتر درێژه بكێشێت، مه‌ترسی و كاریگه‌رییه‌كانی خراپتر و زیاتر ده‌بن، چونكه وڵات به‌ره‌و ئاڵۆزی و داڕمان و ته‌نگ‌ژه‌یه‌كی قووڵ ده‌بات و واده‌كات هاووڵاتیان له ترس و دڵه‌ڕاوكێدا بژین، به‌ڵام بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كان، ده‌بێت كاربه‌ده‌ستانی وڵات ژیرانه تاوتوێی دۆخه‌كه بكه‌ن و هۆكاری دروستبوونی قه‌یرانه‌كه لێكبده‌نه‌وه و پلان و به‌رنامه دابڕێژن بۆ چۆنێتی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه.
برسێتی و هه‌ژاری
زۆربه‌ی دروستبوونی قه‌یرانه‌كان جه‌نگ و گه‌مارۆدان و تێكچوونی په‌یوه‌ندیی نێوان وڵاتان دروستیده‌كات، هه‌ندێك جاریش به جۆرێك كاریگه‌ریی ده‌بێت، له‌وانه‌یه مه‌ترسی گرانی لێبكه‌وێته‌وه، كار و به‌رهه‌مهێنان و وه‌به‌رهێنان به‌ره‌و لاوازی ده‌ڕوات و دابینكردنی بژێوی و به‌ده‌ستهێنانی داهات بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه سه‌خت و دژوار ده‌بێت، كۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی خاوه‌ن ئابووری سه‌قامگیر و پته‌و ده‌ستپێده‌كات و ئه‌گه‌ریشی هه‌یه دۆخی ژیانی خه‌ڵك بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه و جێبەجێکردنی پڕۆژه خزمەتگوزارییەکانیش كه‌م ببێته‌وه و ژینگه‌ش به هه‌مان شێوه بەرەو پیسبوون بچێت، هه‌روه‌ها برسێتی و هه‌ژاری به‌ره‌و هه‌ڵكشان بڕوات و به‌های دراوی ئه‌و وڵاته کە قه‌یران تیایدا سه‌ریهه‌ڵدەدات لاواز ببێت به‌رامبه‌ر بەهای دراوە سەنگین و جێگیرەکانی وڵاتانی زلهێزی ئابووری.
هه‌ندێك وڵات دروستبوونی قه‌یران كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر دروست نه‌كردوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی پشتگیری و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه، قه‌زریان پێ ده‌درێت، یان سه‌رچاوه‌ی دیكه‌ی داهات و پێویستییان هه‌یه بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر قه‌یرانه ئابوورییەکان و چاره‌سه‌ركردنیدا، یاخود داهاتی یەدەکی هەیە کە دەتوانێت چەند ساڵێك خه‌ڵكەکەی له ترس و دڵه‌ڕاوكێ دووربخاتەوە، بەتایبەتی ئه‌گه‌ر نرخی كاڵاكان گرانتر و به‌رزتر ببێته‌وه، بۆئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خه‌ڵك نه‌بێت، مووچه و کرێی كار زیاد ده‌كات.
دۆخی پێش جه‌نگ
بەداخەوە هێشتا لای وڵاتانی وەک هەرێمەکەی ئێمە، هه‌ڵگرتنی داهات و نەختی یەدەک بۆ پێشهاته خراپ و مه‌ترسییه‌كانی قه‌یران نییه و پشتگوێخراوه و بەوتەی زۆرێک لە میدیاکان هه‌ندێك له به‌رپرسانیش بۆ ده‌رفه‌تێك ده‌گه‌ڕێن، داهات و سه‌رچاوه‌ی دیكه زیادبکەن، نه‌ك بۆئه‌وه‌ی وڵاتەکە له قه‌یران بپارێزن، به‌ڵكو بۆئه‌وه‌ی ره‌وانه‌ی بانكه‌كانی دەرەوەی بكه‌ن.
پێش دروستبوونی شه‌ڕی داعش قه‌یرانێكی ئەوتۆ له هه‌رێمی كوردستاندا له ئارادا نه‌بوو، خه‌ڵك سه‌رقاڵ بوو به كار و پیشه‌ی خۆیه‌وه، دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران مانگانە بە رۆتینی بەڕێوەدەچوو، سلفەی خانووبه‌ره و هاوسەریی ده‌درا به هاووڵاتیان، قه‌رز و پێشینه ده‌درا به گه‌نجان بۆ پڕۆژه‌ی بچووك، پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری له هه‌موو ناوچه‌یه‌كدا هه‌بوو، ده‌ستكه‌وت و داهات و هه‌لی كار بۆ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه دەستەبەر بوو، خه‌ڵكێكی زۆری تاراوگه له وڵاتانی ئه‌وروپاوه به یه‌كجاری ده‌گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان.
به‌شه بودجه
به‌ڵام هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕی داعش قه‌یرانێكی ئابووریی وای دروستكرد، هه‌رچی كار و پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری هه‌بوو په‌كیان كه‌وت، مووچه بۆ نیوه كه‌مكرایه‌وه، پاشه‌كه‌وت و لێبڕین و دواكه‌وتنی مووچه دروست بوو، ئێستا دوای كۆتایهاتنی ئه‌و جه‌نگه‌ش، هێشتا كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر خه‌ڵكی عیراق و كوردستان هه‌ر ماوه، ئابوورییه‌كی سه‌قامگیری وه‌ك پێشتر بۆ خه‌ڵك نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
پشكی كورد له بودجه‌ی گشتی عیراق زیاتر له تریلیۆنێك و 200 ملیاره، بۆچی به‌غدا پابه‌ند نابێت پێوه‌ی و له‌كاتی خۆیدا ناینێرێت، بێگومان له‌به‌رئه‌وه‌ی هێشتا کێشەکانی لەگەڵ لایه‌نی هەرێمدا چارەسەر نەبووە و هێزە کوردییەکانیش یەک دەنگ و یەک روئیا نین لەڕووی چۆنێتی پانەندبوون بە قانوونی بودجە و ئەو رێكه‌وتنەی لەگەڵ بەغدادا کراوە هەر له پێكهێنانی دوا کابینەی حكومه‌تی عیراقەوە تا رێکەوتن لەسەر رادەستکردنی نەوت. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه هەموو به‌رپرسانی كورد و عیراق هەوڵەکانیان بۆ دابینکردن و سەقامگیریی ئابووریی نییە، هێندەی جەختکردنەوەیە لەسەر بەدەستهێنانی پۆست و پلە و دەسەڵات.