شەن و کەو

قسەیەک لەسەر کۆنگرەی پێنجەم

09:51 - 2023-08-24
مستەفا محەمەد
362 خوێندراوەتەوە

دیاریکردنی وادەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە لەدوایین کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لەشاری کەرکوکەوە بڕیاری لێدرا‌، خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، لە سادەترین پێناسەشدا دەکرێ بڵێین بۆ حزبێکی بنکە فراوانی جەماوەریی وەک یەکێتی، لەمڕۆدا بەستنی کۆنگرە جورئەتێکی سیاسی و پابەندییەکی گەورەیە بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەخشینی ووزەی زیاتر بە نەشونمای رێکخراوەیی لە هەیکەلی یەکێتی، بەتایبەت لەو هەلومەرجە خێرایانەی کە هەرێم و ناوچەکە بەگشتی پێیاندا تێپەڕدەبێت. 
هەڵبژاردنی رۆژی «27/9/2023» وەک وادەیەکی نزیک بۆ بەستنی کۆنگرەی پێنجەم، بەپێچەوانەی کۆنگرەکانی پێشوو، پێمان دەڵێ کە ئەمڕۆ یەکێتی لەهەر کاتێکدا مەبەستی بێت، دەتوانێ کۆنگرە بگرێت، چونکە یەک سەرچاوەی بڕیاری هەیە، وە خودی سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی بڕوای دامەزراو و پتەو و تۆکمەیان بە پرەنسیپە حزبییەکان و پابەندبوون و رێزگرتن هەیە بە کاتە پەیڕەوییەکانەوە، لەوەش زیاتر نایانەوێت لەژێر هیچ پاساوێکدا تەمەنی ئەم سەرکردایەتییەی ئێستا بەشێوەیەکی نایاسایی و ناپەیڕەویی درێژبکەنەوە.
ئەم هەنگاوە کردارییە لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتییەوە بێگومان دەبێتە خاڵی دەستپێکی راستەڕێکردنی رۆڵی ئەم حزبە لە دیاریکردنی فۆڕمێکی شایان و بەڕێخستنی پڕۆگرام و نەخشەڕێیەکی نوێ، کە لەگەڵ هەل و مەرجە بابەتییەکان و روئیای سەردەمیانەدا توانای خۆگونجاندنی بۆ پێشهاتە چاوەڕوانکراوەکان لە نێو رەوتی ڕوداوەکانی ناوچەکەدا بەگشتی هەبێت.
روونیشە کە وا بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ و لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی داهاتووشدا دوو هەڵبژاردنی چارەنوسساز و گرنگ لەعیراقدا بەڕێوەبچن، یەکێتی پێیوایە کە ئەم دوو هەڵبژادنە لە قودرەتیدایە گۆڕانکاریی ریشەیی لە پڕۆژەی نیشتمانی و پاراستنی هێڵی نەتەوەییدا بهێنێتە ئارا و نەخشەی سیاسی و شێوازی حکومڕانیش لەهەرێمدا بخاتە بۆتەی گۆڕانکارییەوە، ئەمەش لەسەر یەکێتی ئیجاب دەکات کە بە ئیرادەیەکی یەکگرتوو و بەهێزەوە ئەجیندا و بەرنامەی نوێی ئیدارەدانی ئەو مەلەفە چارەنوسسازانە تەییار و ئامادە بکات، کۆنگرەی پێنجەم پێشوەختە رێک یەکێک لە ئامانجەکانی سەرەکی و بنەڕەتییەکانی،  بۆ ئەو مەبەستەیە.
لەدوای ئەو بڕیارەوە کە مەکتەبی سیاسی لە کەرکوکی کوردانەوە تەبەننی کرد، ئەوەی پێویستە بکرێت، لەنزیکترین دەرفەتتدا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتییە، تا ئومێدی کادرانی پێشکەوتوو و قاعیدەی جەماوەریی یەکێتی لەناوەوە و دەرەوەی ئۆرگانەکانیشدا بەدیاریکردنی میکانیزمەکانی بەشداریی هەڤاڵانە و دابەزاندنی وردەکاریی ئەرکی لیژنە تایبەتمەندەکان بۆ سازکردنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو دەستکراوە بکات.

وتارەکانی نوسەر