ملیاری زێڕین

10:47 - 2023-08-29
فەیسەڵ عەلی
362 خوێندراوەتەوە

فەیسەڵ عەلی

(ملیاری زێڕین)، زاراوەیەکی روسییە، بۆ یەکەم جار دوای گەمارۆدانی روسیا لەلایەن خۆرئاواوە بەهۆی دەستوەردانی لە ئۆکرانیا کەوتە ناو میدیاوە. کاتێک ژمارەی دانیشتوانی گوێ زەوی گەیشتە هەشت ملیار کەس، یەک ملیاری لە دەوڵەتانی خۆرئاوای زۆر دەوڵەمەند و خۆشگوزەران دەژین، هەرچەندە رێژەکەی یەک بۆ هەشتە، ئەو ملیارە زیاتر لە حەوت ملیارەکەی تر دەرامەتەکانی زەوی بەکاردەبەن، زیاتر ژینگە پیس دەکەن، زیاتر سامانی گەلانی تر دەبەن.
ئەم ملیارە زێڕینە کە تەنها %12.5ی خەڵکی سەر زەوی پێکدەهێنن، لە %81ی نەوت و گازی سروشتی و دارستان و دەرامەتەکانی سەر زەوی بەکاردەبەن، بەهۆی ئەو بەکاربردنە زیادەڕۆییەوە، بەرپرسی پیسبوونی ژینگە و دەردانی گازی گەرم و وێرانکردنی ژینگە و نەمانی %95ی بوونەوەرەکانی سەر زەویین.
بە نموونە، لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئەمریکا کە تەنها %4ی کۆی دانیشتوانی جیهان پێکدەهێنن، بەڵام %21ی کۆی سەرچاوە نانوێبووەوەکانی سەر زەوی بەکاردەبەن. هاووڵاتی ئەمریکی دوو هێندەی هاووڵاتییەکی ژاپۆنی و سێ هێندە هاووڵاتییەکی ئیسپانی و سەد هێندەی هاووڵاتییەکی سۆماڵی کارەبا بەکاردەهێنێت. هاووڵاتییەکی بۆرۆندی پێویستیی بە نیو هیکتار زەوییە تا پێداویستییەکانی خۆی و خێزانی لە ئاو و خۆراک دابین بکات، بەڵام هاووڵاتییەکی ئەوروپایی پێویستی بە 6.28 هێکتار و ئەمریکییەک پێویستی بە 12.2 هێکتار زەوییە. سەبارەت بە ئاوی پاک، هاووڵاتییەکی ئەمریکا چوار هێندەی هاووڵاتیەکی ئەوروپی و سێزدە هێندەی هاووڵاتیەکی چادی ئاو بەکاردەبات.
لە میانی بەراوردکاری هاوشێوەدا، کە دارستان و ماسی و گۆشت دەگرێتەوە، دەردەکەوێ ئەو ملیارە زێڕینیە حەقیقەتێکی ئابووری و جیۆسیاسییە، واقیع دەریخستووە، کە سیاسەتی بازاڕ و دەستی نادیار، کە ئادەم سمس لە کتێبەکانیدا ئاماژەی بۆ کردووە، دەتوانێ ئاستی گوزەرانیی خەڵکی هەژار بەرز بکاتەوە، جگە لە خەونێکی جوان هیچیتر نییە.
هۆکارەکەی ئەوەیە، دەرامەتی سەر زەوی سنووردارە و ناتوانێ تەواوی پێداویستییە لەبن نەهاتووەکانی هەشت ملیار کەس دابین بکات، کە دەیانەوێ وەک هاووڵاتیانی دەوڵەتانی خۆرئاوا بە خۆشگوزەرانی ژیانیان بەسەر بەرن. هەسارەی زەوی ناتوانێ بەرگەی ژیانی گەلانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتین بگرێت ئەگەر بیانەوێ بە ئاستی خۆشگوزەرانیی گەلانی ئەوروپا و ئەمریکا بژین.
لە راستییدا، خۆشگوزەرانیی ملیاری زێڕین بەندە بە بەکاربردنی سامانی باشوور و وێرانکردنی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمریکای لاتینەوە.
دەوڵەتانی خۆرئاوا، بە وردی دەرک بەم راستییە دەکەن، بەردەوامیش هەوڵدەدەن، گەلانی باشوور لە ئاستێکی نزمی بەکاربردندا بژین، چونکە بەرزبوونی ئاستی گوزەرانیان بە مانای بێبەشبوونی ئەوان لەو دەرامەتە بنچینەییانە دێ کە بە نرخێکی هەرزان دەستیان دەکەوێت.
ئەمە تیۆریی پیلانگێڕی نییە، بە بەڵگەی ئەوەی فرەنسا %79ی پێداویستییەکانی کارەباکەی لەو یۆرانیۆمە دابین دەکات کە زۆربەی لە نەیجەر دەردەهێندرێت. لە کاتێکدا فرەنسا هیچ کانێکی یۆرانیۆمی نییە، هەروەها لە خاوەنداریی یەدەکی زێڕدا، فرەنسا چوارەم دەوڵەتی جیهانە، کە زۆربەی لە دەوڵەتی مالییەوە هاوردە کردووە.
سەرۆکی پێشووی فرەنسا دانی بەو راستییەدا نا، کاتێک وتی: "ئەگەر ئەفریقا نەبوایە، ئێستا فرەنسا یەکێک بوو لە دەوڵەتەکانی جیهانی سێیەم".

وتارەکانی نوسەر