لەناو رووداوەکاندا

کەرکوک، خەباتی دوور و خەیاڵی کورت

10:57 - 2023-09-04
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
340 خوێندراوەتەوە

بەدرێژایی مێژوو، هەردوو چەمکی خەبات و دروشم ــ ئاژاوە وەک دوانەیەکی ناکۆکی یەکتر لەبارەی کەرکوکەوە بینیوومانە و بیستوومانە، هەمیشە ئەم دوو چەمکە دوو دۆخی جیاوازیان بەرهەمهێناوە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان، هەرچی خەباتی راستەقینەی نەتەوەییمانە بۆ کوردستانیبوونی شارەکە بووە و نەیارەکانی کەرکوکیش دژی بوون، بەڵام دروشم و سیناریۆ ئەهریمەنییەکان دژی ئەو شارە، هەرگیز سنووری بەرژەوەندییەکانی حزب و هەندێک کەسی تێنەپەڕاندووە.
خەباتی جەماوەری و کوردستانییانە لەپێناوی کەرکوک پەیوەست نییە بە مێژوویەکی دیاریکراوەوە وەک ئەوەی ئێستا لە دروشمی هەندێک حزبدا دەبینرێت و وەبەرهێنانی بەسەرەوە دەکات، یان ئەم خەباتە پەیوەست نییە بە کات و بەپێی پێویستی حزبی لێی بڕوانرێت کە لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە دەیبینین، خەبات لەپێناوی ئەم شارە هەرئەوە نییە لەکاتی هەڵبژاردن و وەرگرتنی پۆستی پارێزگار و دەستکەوتەکانی مادەی 140دا بەبیری حزبی کوردی بێتەوە، بەپێچەوانەوە کۆی پرسێکی هەستیاری وەک کەرکوک کە وابەستەیە بە مێژوویەکی دوورەوە، بەردەوامیی خەباتی دەوێت نەک دروشم.
کارکردن بۆ کوردستانییەتی کەرکوک و دەرهێنانی کەرکوک لەناو یارییەکی ناوخۆیی و هەرێمایەتی، ئاشکراکردنی واقیعی خەبات و تێکۆشانێکی مەزنە کە لە رابردوودا کەرکوک پێویستی بووە، ئەم خەباتە دوورە هێندە ناسنامەی کەرکوک تایبەتمەند دەکات بە کوردەوە، هیچ وڵات و هێزێکی دیکە نەتوانن لە مێژووی نزیک و داهاتووشدا بۆ خۆیانی داوڕ بکەن و هەڵیبگێڕنەوە بە بارێکی دیکەدا. 
ئەم خەباتە ئەگەر نەیتوانیووە بە یەکجاری کەرکوک بکات بە شارێکی کوردستانی، بەڵام توانیویەتی کەرکوک بکات بە پرسێکی هێندە گەورەی مێژوویی، ئاسان نەبێت بۆ کەسێکی دیکە و وڵاتێکی دیکە کە ئەم خاکە بە کوردستانی نەزانێت، کە ئەمەش روونە بە دروشم و وتەی سواو و باق و بریق بەدینەهاتووە.
ئەو مێژووە دەوڵەمەند و گەورەیەی لەسەر کوردستانییەتی کەرکوک بە دەستهاتووە، دەرەنجامی خەباتێکی دوورە، خەیاڵی کورتی ناحەزان و دوژمنانی کەرکوک ناتوانێت لە واقیعی مێژوویی دایببڕێت، بە مانایەکی دیکە ئەو پایە بەهێزانەی لەسەر کەرکوک و کوردستانییەتی شارەکە لە مێژوودا جێگیرکراون، کۆمەک بە کورد دەکات کە جارێکی دیکە پیلانە جۆربەجۆرەکانی ناوخۆ و ناوچەییەکە، نەتوانن نکۆڵی لە کوردستانییەتی شارەکە بکەن و لە مێژوودا بیسڕنەوە. 
هەر سیناریۆیەک و لە رێگەی هەر حزب و لایەنێکەوە دژی کەرکوک بەگەڕ بخرێت خەیاڵێکی پوچی کورتە، چونکە پرسی ئەم شارە لە دەرەوەی هەموو ئەو سیناریۆ و دروشمبازی و زارهەڵدانەیە لە دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێی هەڵبژاردنەکانی کەرکوکیشدا، هێناویانەتە دەرگای شارەکە و دەیانەوێت دۆخە گشتییەکەی کەرکوک تێکبدەن.
سیناریۆ جیاواز و جۆربەجۆرەکان کە روبەڕووی ئەو شارە دەکرێتەوە لە رێگەی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکەیەوە، نەک کۆتایی بە نەخشەیەکی گەورەی مێژوویی ناهێنێت، بەڵکو پیشانی یار و نەیاری دەدات کە کەرکوک زیاتر لە تێڕوانینی نەیارەکانی، پایەکانی کوردستانیبوونی لە مێژووی خۆیدا داکوتیووە و بەستوویەتی بە مێژووی شاربوونەوە لەو کاتەوەی هۆزە عەرەبەکان دێنە کەرکوک و کورد جێگەیان بۆ دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر