دۆخی هەستیاری کەرکوک

دروشمی گڕدار وەک گوللەی گڕدار زیان بەخشە

10:58 - 2023-09-04
هیوا محەمەد
307 خوێندراوەتەوە

وەک خۆیان دەڵێن لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە، ئەو هەڵاتنەی هەڵاتن تائێستاش ئاوڕیان نەداوەتەوە لە کەرکوکی( دڵی کوردستان).
زۆر بەشێنەیی کەوتنە جێبەجێکردنی ئەو پلانە درێژمەوداو و بە وردیی داڕێژراوەی کە لەم گەشتەی دواییدا، هاکان فیدان پوختەکەی دایە دەست پدک و چرای سەوزی بۆ هەڵکردن بۆ جێبەجێکردنی.
پارتی دەیزانی کە لە کەرکوک دەبێت چی بکەن؟ بۆیە پێدەچێت کە داواکەی یەکێتییان بۆ یەک لیستی لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق نارد بۆ ئەنقەرە، ئەوان خێرا رەتیان کردەوە و وتیان نەخشەڕێی خۆمانتان دەدەینێ بەم زوانە.
پارتی کەوتۆتە ناو زەلکاو، رەنگە خۆشیان خۆشحاڵ نەبن بەمە، بەڵام ناچارن هەر وەک ئەوەی لە ( 31 ی ئابدا بە ناچاری کردیان).
دەنا لانیکەم سەبارەت بە کەرکوک نەدەبا هەڵوێستیان بەو جۆرە بێت و تەنگەژە دروستبکەن تا بۆشایی بۆ نەیارەکانی کورد فراوانتر بکەن.
چیرۆکەکە روونە، پارتی لەگەڵ بەغدا ناگاتە ئەنجامی باش، چونکە بڕیاردان لای خۆیان نییە و تورکیا پێی وتوون کە نابێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی تورکیا هیچ هەنگاوێک بنێن، بە واتایەکی تر بەسەر پارتییەوە وەستاون و زوو زوو پێیدەڵێن شلی کە شلی کە، تا ئەوکاتەی دەستیان لە بنی هەمبانەکەوە دەردەکەن و لە حزبێکی هەڵگری دروشمی گڕداری نەتەوەییەوە، دەیانکەن بە حزبێکی موتیعی دەرنەچوو لەهەر فەرمانێک کە ئەوان بۆیان دابنێن.
ئێستا لەبارترین کاتە کە پارتی بە خەڵکی کورد بڵێت: بەداوای لێبووردنەوە 62 ساڵە لەژێر دروشمی یان کوردستان یان نەمان، نەمان توانی هیچتان بۆ بکەین جگە لە نەهامەتی و فەوتان.
کەرکوکی ئێستا، ژیریی سەرۆک مام جەلال-ی دەوێت، نەک خێمە سووتاندن و شەق هەڵدان و بەرد هاویشتن و چەقۆ وەشاندن کە بە شەهیدبوونی چەند لاوێکی شارەکە کۆتایی بێت و ئەوانیش لە سەری رەشەوە بسکەی سمێڵیان بێت.
ئەوە چارەسەر نییە کە لە پێکدادانێکی وەک ئەوەی لە دوێنێوە لە کەرکوک سەریهەڵداوە، بێیت و بە دروشمی گڕداری نەتەوەیی خەڵک هان بدەیت و ناکۆکییەکان قووڵتر بکەیتەوە، چونکە ئەمە لە ناوەرۆکی ئەو نەخشەڕێییەدا بە ئاشکرا هەیە کە تورکیا چی دەوێت؟ 
ئەوان دەیانەوێت بە تێکدانی دۆخەکە، هەریەک لە کورد و عەرەب درزێکی گەورەتر بکەوێتە نێوانیان و تورکمانەکان سوودی لێوەربگرن.
پارتی دەزانێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لەو شارە، ئەوەندە دەنگی نابێت کە لە رووی بێت لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت و دەنگی خۆی بدات بۆ دروستکردنی دەستەی کارگێڕیی شارەکە، لەبەر ئەوە تێکچوونی دۆخی شارەکەی بەلاوە مەبەستە و سبەینێش دەڵێت: ئێمە دەمانزانی ئەو هەڵبژاردنە لە بەرژەوەندی کورد نییە بۆیە تێکماندا، ئەمەش بە دەستکەوتی مێژوویی بۆ خۆیان هەژمار دەکەن.
پێویستە خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی دانیشتوانی کەرکوک، ئەم دۆخە لەبەرچاو بگرن و نەهێڵن پیلانەکانی دوژمنانی گەلانی عیراق بێتەدی، رێگر بن لە  فراوانتربوونی پێکدادان و یەکتر سڕینەوە، بە خوێن رشتن ناکۆکییەکان قووڵتر دەبنەوە و لە کۆنتڕۆڵ دەردەچن، ئەمڕۆ ئارام بکرێتەوە باشترە تا زیاتر تینی نەسەندووە. 
بۆ رێگریی لە پیلانی تورکیا، کاری پێکەوەیی بکەن بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیان لە کەرکوک، چونکە دواجار هەر ئەمە دەبێتە دوا بژاردەی هەموان.

شێواندنی دۆخی کەرکوک لای ئەوانەیە کە رۆڵیان لە شارەکەدا نەماوە

وتارەکانی نوسەر