زووم

دیوە تاریکەکەی ناوبانگ

11:10 - 2023-09-04
رۆزا دڵشاد مەریوانی
231 خوێندراوەتەوە

شکۆ و خەڵاتە جیهانییەکانی سینەما زۆرجار بە نرخێکی زۆر لەسەر ئەکتەران دەکەوێت و لەسەر حیسابی تەندروستی جەستەیی و دەروونیان دەبێت، بەجۆرێک کاتێک هەندێ رۆڵ دەگێڕن بە تەواوەتی دەچنە بەرگی ئەو کاراکتەرەوە و دوای تەواوبوونی فیلمەکەش بە ئاسانی کاراکتەرەکە جێیانناهێڵێت و پاشماوەی برینی جەستەیی و دەروونیان تێدا بەجێدێڵێت.
نموونەش بۆئەوە زۆرە لەوانە کاتێک لیۆناردۆ دیکابریۆ رۆڵی لە فیلمی «The Aviator « دا گێڕا کە کاراکتەرەکە نەخۆشی وەسواسی هەیە تا ماوەیەک دوای فیلمەکە نیشانە دەروونییەکانی ئەو نەخۆشییەی تێدا دەرکەوتووە، هەروەها خواکین فینێکس کاتێک رۆڵی جۆکەری گێڕا و بەو هۆیەوە خەڵاتی ئۆسکاری وەرگرت باسی لەوە کردبوو بەهۆی ئەو رۆڵەوە خەریک بووە لەڕووی دەروونییەوە تێکبچێت، جگەلەوە ئەستێرەی دیکەی لەو شێوەیە زۆرن کاتێک بۆ تەواو بەرجەستەکردنی رۆڵەکانیان بەشێوەی زۆر ترسناک خۆیان لاواز دەکەن یان لەژیانی رۆژانەدا وەک کاراکتەرەکە رەفتار دەکەن تا تەواو لەو کەسە بچن دواجار ئەو کاراکتەرە کاریگەری نەک هەر دەروونی بگرە جەستەیی خراپیان تێدا جێدێڵێت وەک ناتالی بۆرتمان لە فیلمی بلاک سواندا دوای رۆڵەکەی پێویستی بە چارەسەری دەروونی بووە، هەروەها هیلاری سوانک لە فیلمی « Million Dollar Baby» کاتێک رۆڵی پاڵەوانێکی بۆکسێن دەگێڕێت تووشی هەوکردنی پێیەکانی بووە کار گەیشتۆتە ئەوەی بگاتە دڵی.
ئەم نموونانە دەریدەخەن تا چەند ئەو ئەکتەرانە کارەکەیان بە جددی و پڕۆفیشناڵانە وەرگرتووە و چۆن هونەر چۆتە نێو رۆحیانەوە و بووە بە بەشێک لە کەسێتیان، هاوکات جیاوازی ئەکتەرێکی سەرکەوتوو لەگەڵ ئەکتەرێکی دیکەدا چییە، جگەلەوەی لایەنی تاریکی ناوبانگ و بە ئەستێرەبوونمان پیشان دەدات، بەوەی ئەو ژیانە تەنیا رووناکی و پارە و خۆشگوزەرانی نییە و ئەو سەرکەوتنانە زۆر بەگران وەک مرۆڤ لەسەریان کەوتووە، زۆرجار ئێمەی بینەر کاتێک شاکارێکی ئەو ئەستێرانە دەبینین و چێژیان لێوەردەگرین نازانین بە چ بەها و ماندووبوونێک هاتۆتە بەرهەم، ئەگەر بیر لە پشت کامێرا و ژیانی ئەو ئەستێرانە بکەینەوە تا ئەو شاکارە بەرهەم هاتووە تێدەگەین لەوەی بۆچی هەموو کەسێک ناتوانێت هونەرمەند بێت و نواندن بکات، هەروەها بۆچی زۆرجار ئەو کەسانە تووشی چەندین کێشە و لادان دەبن وەک ئالوودەبوون بە ئەلکهول و مادە هۆشبەرەکانەوە، بۆیە هەر کاتێک فیلمێک یان نواندنێکی جوان و کاریگەری ئەکتەرێک دەبینم لە هەر نەتەوە و زمانێک بێت سەرەتا وەک مرۆڤ سەرسامی دەبم کە توانیوێتی کارێکی لەو جۆرە پێشکەش بکات، ئینجا وەک ئەکتەر و هونەرمەند سەرسامی دەبم بەوەی راستگۆیانە پیشەکەی خۆی بەهەند وەرگرتووە و توانیوێتی ئەو چێژە تایبەتە پێشکەش بە بینەران بکات.

وتارەکانی نوسەر