بۆ ماوەی پێنج هەفتەیە، جووڵەو نارەزایی ئاشتیانە هەردوو پارێزگای دەرعای باشوور و سوێدای ناوجەرگەی تایفەی دەرزی گرتۆتەوە، دژ بە سیاسەتە ئابوورییە بێ كەڵكەكەی دیمەشق، پێشبینیش دەكرێت نارەزایی و خۆپیشاندانەكان بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی رژێمی سوریا بچن لە ناوچە كەناراوییەكان و لازقییە، چاودێرانی سیاسییش باس لەوە دەكەن ئەو جووڵەیە رەنگە سوریا بگێڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخەی ساڵی 2011 تێیدا بوو، خۆپیشاندەرانیش بكەونە تەڵە دژ بەیەكەكانی رژێمی سوریا و هێزە ئەمنییەكان لە لایەك و توركیا و ئیخوانەكان لەلایەكی تر.
توڕەیی ناو كۆمەڵگەی سوریا
گۆڕانكارییە مەیدانییەكانیش لەو دوو پارێزگایە، دژە كردارە بەرامبەر بەو حاڵەتی تورەییەی كۆمەڵگەی سوریای گرتۆتەوە بەهۆی خراپبوونی بارودۆخی ئابووری و ئەو ناسەقامگیرییەی هاووڵاتیانی تێدان، كە لەنێو تاڵییەكانی جەنگدا دەژین كە وڵاتی لەتلەتكردووە و بووەتە هۆی كۆچپێكردنی زیاتر لە نیوەی گەلی سوریا، لەبەرامبەردا دەسەڵاتدارانی دیمەشق هیچ چارەسەرێكیان پێ نییە بەرامبەر بەم باوردۆخە ترسناكە و هیچ دەستپێشخەرییەكیان پێ نییە تەنها سەركوتكردن و بەكارهێنانی توندوتیژی نەبێت.
سوریا پێویستی بەهەنگاوی نوێیە
لەسایەی داڕمانی ئابووریش ئەوا سوریا بەگشتی پێویستی بە هەنگاوێكی نوێی روون هەیە، كە ئەركی كۆتاییهێنان بێت بە شەڕ و ململانێ، ئەمە چ جای گرتنەبەری هەنگاوی سیاسیی بەسوود و بەپێی نەخشەیەكی زەمەنی دیاریكراو، كە توانای گواستنەوەی وڵاتی هەبێت بەرەو دیموكراسی و پێكهێنانی سستمێكی دەستووری نوێ، كە كار بۆ بنیاتنانی سستمێكی دیموكراسی بكات كە دادپەروەری بۆ هەمووان پێ بێت، بۆ ئەوەی رێگری بكرێت لەوەی نارەزایی و خۆپیشاندانە ئاشتیخوازەكان ئاراستەیان بگۆڕێت بەرەو توندوتیژی و بەرزكردنەوەی دروشمی تایفی وەكو چۆن لە 2011ەشدا هۆكاربوو بۆ تێكدان و گۆڕینی ئامانجەكانی راپەڕینی گەلی سوریا.
ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری چەندین پرۆژەی چارەسەری پێشكەشكردووە بۆ قەیران و كیشەكانی سوریا، بەڵام جددی نەبوونی دیمەشق و پشت بەستنی بە چارەسەری دەرەكی، قەیرانەكانی قووڵتركردۆتەوە
مەترسی لای بەرپرسان دروستكردووە
وەكو راگەیەنراویشە، نارەزاییەكانی سوێدا و دەرعا مەترسی لای بەرپرسانی سوریا دروستكردووە، لەوەی بەرەو ناوچە كەناراوییەكانی سەر دەریای ناوەڕاست پەل بكێشن، كە پێگەو شوێنی كەمینەی تایفەی عەلەوییە كە بەشار ئەسەدیش سەر بەو تایفەیەیە، ئەمەش كاریگەری سلبی دەبێت لەسەر تەواوی ناوچەكانی تری سوریا، بەتایبەت كە پارێزگا هەیە یەك لەسەر سێی وێرانەیە و ناوچەش هەیە داگیركراوە و ئینتیمای بۆ سوریا نەماوە.
پرۆژەكانی ئیدارەی خۆسەری
لەبەرامبەردا ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری كوردی هەیە، كە چەندین پرۆژەی چارەسەری پێشكەشكردووە بۆ چارەسەركردنی قەیران و كیشەكانی سوریا، بەڵام جددی نەبوونی رژێمی دیمەشق و پشت بەستنی بە چارەسەری دەرەكی، قەیرانەكانی زیاتر كردووە، بەردەوامی نارەزایی دانیشتوانی سوێدا و دەرعاش هەل بۆ دەستوەردانی هەرێمی لەم دوو پارێزگایە دروست دەكات، بەتایبەت كە وڵاتانی هەرێمی بەهەموو هێزی خۆیانەوە كار لەسەر مەسەلەی تایفی لە سوریا دەكەن، ئەو وڵاتەشیان بەو بارودۆخە خراپەی ئێستا گەیاند بەهۆی دەستوەردانەكانیانەوە، ئەوەش وایكردووە بەردەوام وێنای كارەساتاوی نیشانی گەلانی سوریا بدرێت، سوریاش بەردەوام وێنەی تراجیدی نیشانی جیهان بكات، لەسایەی نەبوونی ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەر و نەبوونی نەخشەرێگایەك بۆ چارەسەركردنی قەیرانی ئەو وڵاتە لەناوخۆیدا.
نادیاری ئایندەی سوریا لە سایەی نەبوونی چارەسەری ناوخۆیی و دەرەکیدا