مێژووی بزووتنەوە چەكدارییەكانی دوو سەدەی رابردوو ئەوەی سەلماندووە ئەو خەبات و مقاوەمەتەی میرنشینەكان لەبەردەم هێرش و پەلاماری عوسمانییەكان و سەفەوییەكان و هێزە بەكرێگیراوەكانیاندا كردوویانە، قۆناغێكی شەڕی بەرگریی بووە لە مانەوە، بەڵام لە رۆژی شەشی گەشی ئەیلول، لەبەر دەركی سەرای سلێمانییەوە، وەرچەرخانێك لە شێوازی خەباتدا هاتەدی كە خەباتە لە چوارچێوەی هۆشیاریی نەتەوەییدا دژبە داگیركەرانی بیانی و ناوچەیی و بە سەرەتای بزوانی هەستی نەتەوەیی و دەستپێكی خەباتی نەتەوەیی ئەژمار دەكرێت.
ئەگەر شەڕی بەرگریی لە قەوارە و میرنشینەكان لە سەدەی 19 دا بەرگریی بووبن لە مانەوە بەبێ ئامانجێكی سیاسیی نەتەوەیی، ئەوا رۆژی شەشی ئەیلولی 1930 خەباتێكی مەدەنیی سیاسی بوو بە ئامانجێكی روونەوە كە لە ئەنجامی لكاندنی ویلایەتی موسڵ بە عیراقەوە لەلایەن ئینگلیزەكانەوە هاتەكایەوە و لەوێوە نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان لە باشوور، هاوشێوەی نەتەوەكانی دیكەی، كەڵكەڵە و خواستی سیاسیی نەتەوەیی و بۆ پێكهێنانی قەوارەی سەربەخۆ كەوتە سەرییەوە.
داگیركەرانی سەركەوتووی جەنگی یەكەمی جیهان، ویستیان ئەو لكاندنە بە خودی پیاوماقووڵان و رووناكبیرانی قسەڕۆیشتووی ئەو رۆژگارەی كوردەواری بكەن بە ئەمری واقیع، بەڵام شۆڕشی جەماوەریی شەشی ئەیلول ئەو خەونەی لەگۆڕنا، بەڵێ سەپێندرا، بەڵام رابەرانی خۆپیشاندانەكە نەچوونە ژێرباری ئەو ستەمە مێژووییەوە.
بۆیە رۆژی شەشی ئەیلول وەرچەرخان بوو لە شێوازی خەباتدا بەگوێرەی ئەم پێدراوانەی خوارەوە:
*بۆ یەكەمجار بوو كورد، جگە لەچەك پەنا بۆ خەباتی مەدەنی و خۆپیشاندان ببات بە كۆمەڵێك دروشمی سیاسییەوە كە دەرخەری ئەوەن ئیدی كورد وەك نەتەوە خۆی ناسیووە لە دەرەوەی قۆزاخەی عوسمانی و سەفەوی.
*بۆ یەكەمجار بوو كورد خەبات لەناو شارەوە بەڕێگەی شارستانی و هاوپشتیی نێوان چین و توێژە جیاجیاكان بكات، كە ناو و پێگەی رابەرانی خۆپیشاندانەكە گەواهیی ئەو راستییە دەدەن.
*داگیركەران و ستەمكاران باكیان بەوە نییە بەرەنگاریی ستەملێكراوان لەڕێی خەباتی چەكدارییەوەیە یان خەباتی مەدەنی، بەڵكو كاتێك توانای وەڵامدانەوەیان نابێت بە لۆجیكی دیالۆگ، پەنا بۆ دڕندانەترین شێوازی سەركوت دەبەن.
*ئینگلیز و حكومەتی پاشایەتی لە رۆژی 6ی ئەیلولدا توانییان راپەڕین و خۆپیشاندانەكە سەركوت بكەن، بەڵام ئامانجی راپەڕینەكە نەك خامۆش نەبۆوە، بەڵكو بووە سەرەتای دەستپێكی قۆناغێكی نوێی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی كە لە بەردەركی سەرای سلێمانییەوە پرشنگی بە هەموو باشووری كوردستاندا پەخش بۆوە و تائێستاش سلێمانی كردۆتە مەكۆی یاخیبوون لە ستەمكاری و خوێندنگەی بیری نەتەوەیی هاوچەرخ و سلێمانی بووە ئیلهامبەخشی هەموو شۆڕشەكانی دواتری باشووری كوردستان و تێكۆشەرانی كوردایەتی و كوردەواریی لە پارچەكانی دیكەی كوردستانیش.
ئەمڕۆش سلێمانی وێڕای ئەوەی پایتەختی رۆشنبیریی باشووری كوردستانە، بۆتە پێگەی هەر بزووتنەوەیەكی سیاسیی هاوچەرخانەش كە نایەوێت دیلی رابردوو بێت و بەردەوام داوای نوێگەریی و چاكسازیی دەكات. بەجۆرێك هۆشیارییە سیاسییەكەی لەئاستێكدایە كە چەندە خوازیاری گۆڕانكاریی و چاكسازییە، هێندەش بە وریاییەوە مامەڵە دەكات لە جیاكردنەوەی بەرەی چاكسازیی راستەقینە كە بەكردار چاكسازیی دەكات لەو بزاڤ و جووڵانەوە پۆپۆلیستییانەی كە تەنها جامبازی دروشمن و لە پراكتیكدا نەك هیچیان لەبارەدا نییە، بەڵكو هیچ روئیا و بەرنامەیەكی روونیشیان نییە.