مامۆستا برایم، ئایکۆنە درەوشاوەکەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد

09:19 - 2025-04-08
جەمال ئارێز
100 خوێندراوەتەوە

من هەرگیز بە خزمەتی مامۆستا برایم ئەحمەد نەگەیشتووم، بەڵام ئەوەی سەرودەرێکی لەگەڵ دنیای رۆژنامەنووسی و سیاسەتدا هەبێت لە کوردستان، بە ناوی مامۆستا برایم  ئاشنایە، چونکە ناکرێت حزبایەتی و سیاسەت لەناو گەلێکدا بکەیت، بەڵام بە ئایکۆنە دیارەکانی مێژووی ئەو گەلە ئاشنا نەبیت. 
ئەدەب و هونەری بەرگریی، دوو دەروازەی گرنگن بۆ زۆرێک لە خەباتگێڕان کە لەوێوە بە ژان و مەینەتییەکانی میللەتەکەیان ئاشناتر دەبن، بۆیە مامۆستا برایم-یش سەرەتا لەژێر کاریگەریی ئەدەبی بەرگرییەوە تێکەڵ بە کایەی خەباتی سیاسی بووە و وەک نەوجەوانێکی هاودەمی رووخاندنی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود-یش شایەتی ستەمی سیستمی پاشایەتی و دەسەڵاتی ئینگلیزەکان بووە لە شەشی ئەیلولی 1930ی بەردەرکی سەرای سلێمانیدا و  بوونەتە ماکی گەشەکردنی بیری کوردایەتی و دژایەتیی ستەم دەرهەق بە گەلەکەی.
مامۆستا هێندە راستگۆیانە کوردایەتیی کردووە، کە وەک پارێزەر و یاساناسێک ئامادەبووە لە پێناوی بەرگریی لە مافی جووتیاراندا، ببێتە پارێزەری خۆبەخش بۆ بەرگریی لێیان.
 بڕواشی وابووە کە مادام لە دەیەکانی سی و چلەکاندا ئیمکانی خەباتی چەکداریی نەبووە، ئەوا رێی خەباتی قەڵەمی گرتووەتەبەر و لەڕێی گۆڤاری گەلاوێژ و ژانرە ئەدەبییەکانەوە کوانووی خەباتی رووناکبیریی نەتەوەیی جۆشداوە و لەو پێناوەشدا دەستی لە کاری دادوەریی هەڵگرتووە، کە بە ئێستاشەوە زۆرکەس ملی خۆی بۆ پۆستی دادوەریی دەشکێنێت.
خاڵێکی دیکەی گەش لە کاری سیاسیی ئەودا خۆنەویستی و رێگەدان بووە بەوانەی چواردەوری تا پێبگەن، چونکە دەیزانی کە پێگەیشتن و گەشەکردنی ئەوان لە پایەی ئەو کەم ناکەنەوە، بەڵکو زیاتر بە نەمریی دەیهێڵێتەوە، بۆ ئەوەش دوو نموونە دەهێنمەوە: 
*کاتێک پارتی دووکەرت بوو، مامۆستا رێبەری باڵی مەکتەبی سیاسی دەبێت، بەڵام باڵەکە لەناو خەڵکی عەوامدا بە باڵی (جەلالی) ناوزەد کرا، بەڵام مامۆستا بەهیچ جۆرێک بەو تایتڵە سەغڵەت نەبووە.
*گەڵاڵەبوونی بیرۆکەی دامەزراندنی ی.ن.ك، بەری چەندین دانیشتن و گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوەی نێوان مامۆستا و مام جەلال و چەند هەڵسوڕاوێکی سیاسیی ئەو دەورانەی خەبات بووە لە شام و ئەوروپا، تەنانەت زۆربەی ئەو تیۆرییانەی یەکێتییان لەسەر بنیاتنراوە، پشتبەستوون بە نووسین و ئەدەبیاتی سیاسیی پێشکەوتنخوازانەی مامۆستا کە لە ساڵانی شەستەکاندا تەنزیری بۆ کردووە، لە تێکەڵکردنی خەباتی شاخ و شار و  هاوخەباتی لەگەڵ هێزە پێشکەوتنخوازە عەرەبی و عیراقییەکان و نەتەوە جیاوازەکانی دیکەدا، بەڵام دەبینین نە لە دامەزراندنی یەکێتی و نە لەهەڵگیرسانەوەی شۆڕش و نە لەدوای راپەڕینیش خۆی نەکردە خاوەن لێی و بۆ هاوخەبات و خوێندکارەکانی بەجێهێشت. 
ئەم دوو نموونەیە ئەوپەڕی خۆنەویستی و خاکەڕایی ئەومان بۆ دەردەخات، بەڵام سەرەڕای ئەوەش ناو و ناوبانگی بۆ دەیان نەوەی دواتریش هەر بە نەمریی دەمێنێتەوە.

وتارەکانی نوسەر