لە روانگەی یاساوە

تاوانی سواڵکردن

09:47 - 2023-09-07
شۆخان‎ عەبدوڵڵا ‌ سەمین
519 خوێندراوەتەوە

 سواڵکردن یان دەرۆزەکردن، یەکێکە لەو دیاردانەی یەخەی زۆرینەی وڵاتانی گرتووە بەتایبەت وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست  لە ناویشیاندا عیراق و هەرێمی کوردستان، ئەوەش بەڕوونی دەبینرێت کاتێک گوزەر دەکەیت بەناو شوێنە گشتییەکان و چوار ریانەکانی شاردا.
ئێستا سواڵکردن بەشێوەی ئەلیکترۆنیش بوونی هەیە بە بەکارهێنانی دیمەنی داماوی و هەژارانەی منداڵ یان نەخۆش یان ژن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا و کۆکردنەوەی پاڵپشتی دارایی لە رێگەیانەوە، لە سەرجەم بارەکاندا دەرئەنجامی ترسناک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، چونکە هۆکاری سەرەکییە بۆ بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی بازرگانی بە مرۆڤ هەروەها هۆکارە بۆ زیادبوونی بێکاری و تەمەڵی، چونکە دواجار سواڵکردن ناچێتە ژێر پێناسەی کارەوە.
قانوون و تاوانی سواڵکردن
 قانوونی سزادانی عیراقی ژمارە 111ی ساڵی 1969ی هەموارکراو لە مادەکانی 390 و391 و 392 باسی سزای تاوانی سواڵکردن دەکات.
لە بڕگەی یەکەمی مادەی(390) دا هاتووە " بە گرتن سزا دەدرێت کە لە ماوەی یەک مانگ کەمتر نەبێت ‌و لە سێ مانگ زیاتر نەبێت، هەر کەسێک تەمەنی (18)ساڵی تەواو کردبێت‌ و داهاتێکی رەوای هەبێت‌ و پێی بژی، یاخود دەیتوانی بە کارکردن ئەم داهاتە بەدەست بهێنێت، بەڵام لە شوێن و رێگا گشتییەکان سواڵی کردبێت، یاخود بەبێ مۆڵەت چووبێتە ماڵێک بۆ سواڵکردن. سزاکەی دەبێتە بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (1)ساڵ زیاتر نەبێت، ئەگەر هاتوو سواڵکەر خۆی بریندار کردبێت، یاخود خۆی کەم ئەندام کردبێت، یان برینەکە و کەم ئەندامییەکەی، یان هەر شتێکی تری دەرخستبێت، یاخود هەر رێگایەکی تری هەڵخەڵەتاندنی بەکارهێنابێت بۆ بەدەستهێنانی خێری خەڵک ‌و پارە.
لە بڕگەی دووەمی ماددەکەدا هاتووە( ئەگەر هاتوو بکەری ئەو کارە تەمەنی لە (18)ساڵ کەمتر بێت، ئەوا ئەحکامەکانی بەرپرسیاریەتی نەوجەوانانی لەسەر جێبەجێ دەبێت.
لە ماددەی (391)دا هاتووە (دادگا بۆی هەیە لەبری دەرکردنی حوکمی سزادان بەسەر سواڵکەر بەو سزایەی لە ماددەی پێشووتر هاتووە (ماددەی390)، فەرمان بکات بە دانانی سواڵکەر لە خانەی خستنەکار بۆ ماوەی ساڵێک، ئەوە ئەگەر هاتوو سواڵکەر توانای کارکردنی هەبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو سواڵکەر توانای کارکردنی نەبێت ‌و هیچ داراییەکی نەبێت کەپێی بژی، ئەوا دەکرێت سواڵکەرەکە بخرێتە شوێنێک، یاخود خانەی پەککەوتەکان، یان دەزگایەکی خێرخوازی دانپێنراو، یاخود هەر کاتێک دادگا بەشیاوی دانابێت، کە کەسەکە لەو شوێنانە دابنرێت)
ماددەی (392)ی یاساکە باسی ئەو منداڵانە دەکات لەلایەن کەسانێک، یاخود کەسوکاریانەوە سواڵیان پێدەکرێت و لە ماددەکەدا هاتووە (بە گرتن سزا دەدرێت لە (3) مانگ زیاتر نەبێت و بە پێبژاردن لە (45)هەزار دینار زیاتر نەبێت، یاخود سزا دەدرێت بە یەکێک لەو دوو سزایە، هەر کەسێک هانی منداڵێک بدات، یاخود کاری دەرۆزەی پێ بکات. سزای کەسەکە زیاد دەبێت بۆ بەندکردن بۆ ماوەیەک لە (6) مانگ زیاتر نەبێت، هەروەها پێبژاردن بە بڕی (225) هەزار دینار، یاخود سزا دەدرێت بە یەکێک لەو سزایە، ئەگەر هاتوو کەسە هاندەر و کارپێکەرەکە باوکی منداڵەکە بوو، یاخود سەرپەرشتیاری بوو، یاخود چاودێری منداڵەکە بێت.
چارەسەر
دۆزینەوەی کار بۆ ئەو کەسانەی دڵنیابوون و شایستەن بە کارکردن گرتنەبەری رێکاری توندو گونجاو لە رێگەی  قانوونی سەردەمیانە و  دامەزراوە و کەسانی شارەزا  دژی ئەو بکەرانەی تاوانەکە دەکەن و سزادانیان بە ئەندازەی مەترسی تاوانەکە.

وتارەکانی نوسەر