کۆڕاو کۆنگرە

جیایی و جۆشدانەوە

09:51 - 2023-09-07
ئاریان محەمەد
289 خوێندراوەتەوە

4

لەناو سیستمی پلۆرال، حزب بە بەكارهێنانی میتۆدی جیاواز، دەیەوێت جیاوازییەكانی خۆی لەگەڵ ئەوانی دیكە بسەلمێنێ‌، ئەم خۆجیایی و لە یەكنەچوونە، بەشێكی بە ئایدیۆلۆژیا و دنیابینی سیاسییەوە پەیوەستە و بەشەكەی تریش بە بەدەستهێنانی متمانەی جەماوەر، واوەتر لەوەش گروپێك لە بیرمەندان دەیبەستنەوە بە سەقامگیریی و هاوسەنگی هێزەوە وەك (هێنری كیسنجەر) بۆ كۆمەڵگای ئەمریكی جیاوازییەكانی كۆماری و دیموكرات بە پۆینتی بەهێزی سەقامگیریی ناودەبات.
بەپێچەوانەی ئەزموونی خۆرئاوا، خۆجیایی پارتی سیاسی لە خۆرهەڵات زۆرێك لە شادەمارەكانی دەچێتەوە سەر ئەو سكێچە جیاوازەی كە رابەر دروستی دەكات، بەو مانایەی كە بنەڕەتەكانی جیاوازییەكە ئەوەندەی ناوبانگ و میراتی كاریزما بونیادی دەنێ و لە یادگەی ئەندامانی جێی دەهێڵێت، ئەوەندە باوەڕ و ئایدیۆلۆژیا یان ستراتیژ نییە، ئەم دیاردە خۆرهەڵاتیە ئەگەر لە دیدگای بەشێك وەك دەركەوتەیەكی نەرێنی خوێندنەوەی بۆ بكرێت، بەڵام بۆ زۆر ئەزموونی خۆجیایی حزبەكان و تەنانەت لەسەر ئاستی نەتەوەییش ئەرێنیە، ئەوەتا ناونیشانی دروستی ئێمە هەر (یەكێتیەكەی مام)ە، ئەم ناونانە ئاماژە نییە بۆ قۆناغی رابەرایەتی مام جەلال، بەڵكو نیشانەی كاریگەری باوەڕ و ئەندێشەی سەرۆك تاڵەبانیە بەسەر یەكێتیەوە.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە فەزا گشتییەكەی حزبایەتی لە كوردستان، لە یەكچوونێكی ساكار بە كۆی پارت و هێزە كوردستانییەكانی ترەوە دەیبەستێتەوە، بەڵام بە باوەڕ و دنیابینی سەنگین، بە قورسایی جەماوەری،  خۆجیایی پیشانداوە، راستیەكەشی دیزاینی ئەم جیاییە بۆ سەرەتای هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێ و دامەزراندنی یەكێتی دەگەڕێتەوە، كە هەر لە سەرەتاوە لە پێناو كوردایەتی و خەباتێكی شێنەیی، بۆ ئامانجی باڵای بەدیهێنانی ئازادی و دادی كۆمەڵایەتی، نەیویستووە لەوانی دیكە بچێت، چونكە هاوشێوەبوونەوە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەكانی تر نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ هەموو هێزێك، مانایەك بۆ مانەوەی ناهێڵێتەوە.
پرسیاری گرنگ و جەوهەری بەر لە كۆنگرە لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، كە ئاخۆ یەكێتی خۆ جیایی بۆچیە؟ لەپێناو چی دەیەوێت بە روخسار و رەفتار لەوانی تر نەچێت؟ سوودی جیاوازی و جیایی چییە ئەگەر نەبێتە سەرچاوەی ماركێتین و وەبەرهێنانی سیاسی؟ ئەمانە چەندە پرسیاری رەوان، بارتەقای ئەوەش وەڵامی رەوایان گەرەكە، رەنگە بەشێكیان لە پەیامەكەی (1/9/2023)ی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی خۆی ببینێتەوە، كە جۆشدانەوەی ئۆرگان و هەڤاڵانی یەكێتی كردۆتە ناونیشانی قۆناغەكە، هەر ئەوەندەش نا، بەڵكو لە دوو وێستگەی تر، دیداری یەكێتی و دواتریش لە راستكردنەوەی رێڕەو، یەكێتییەكانی راسپاردووە بەگەڕانەوە بۆ ناو جەماوەر، بە شانازیكردن بە مێژوو و دەستكەوتەكان خۆیان و خەڵك جۆش بدەنەوە، هەڵبەت كۆنگرەی پێنجەمیش هەر لەسەر ئەو ئاراستەیە و لە ژێر هەمان ناونیشان دەمێنێتەوە، مەگەر بۆ هێزێكی پێشڕەوی وەك یەكێتی چی لەوە گرنگترە جیایی و جۆشدانەوە بكاتە سەرەتای وێستگەیەكی نوێی دوای كۆنگرە، كە دوو هەڵبژاردن (ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق، پەرلەمانی كوردستان) چاوەڕێمانە و  سەركەوتن تیایدا بە پلە یەك بەندە بە جیاوازییەكانی ئێمە و ئەوانی دیكە و جۆش ‌و خرۆشێكی یەكێتیانەوە.

وتارەکانی نوسەر