یەكێتی بەرەو كۆنگرەی پێنجەم

09:56 - 2023-09-07
عەتا تەها
393 خوێندراوەتەوە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ بڕوای تەواوی بە مافی تاك و دیموكراسی و ئازادی رادەربڕین هەبووە و ئامانجی خۆشگوزەرانیی گشتی و رزگاریی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە و لە دروشم و كردارەكانیدا رەنگی داوەتەوە و خەباتی بۆ كردووە، لەم پێناوەشدا قوربانیی زۆری داوە. یەکێتی بڕوای تەواوی بە پڕۆسەی دیموكراسی و هەڵبژاردن و گۆڕانكاری ناوخۆ هەیە لەسەر بنەمای یاسایی و دەستووریی و پشتبەستن بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب. 
هەربۆیە بڕیاری بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی لەكۆتایی مانگی داهاتوودا درا.
ئەوەی جێگای دڵخۆشی  یەكێتییەكانە لە مێژووی ئەو حزبەدا، یەكەمجارە كۆنگرە لەپێش تەواوبوونی وادەی یاسایی خۆیدا بکرێت، وێڕای ئاڵۆزی سیاسی ناوچەكە و بارودۆخی تا رادەیەك نالەبار لە رووی ئابووریی کێشە و ململانێ سیاسییەکان، لە تەوقیتێكی ئاوادا كە عیراق و هەرێم لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق و پەرلەمانی كوردستاندان. جێگای تێڕامان و شۆكبوونی هەندێك لایەنی سیاسییە كە پێیانوایە ئاخۆ یەكێتی لەم كاتە هەستیارەدا چۆن توانی بڕیارێكی وا قورس بدات؟ لێرەوە یەكێتی دەیەوێت بە هەموو ئەو هێز و لایەنانە بڵێت هەمووكات ئامادەیە و بڕوای تەواوی بە هەڵبژاردن و پڕۆسەی دیموكراسی هەیە و هەرگیز سڵ لە هیچ ناكاتەوە و دۆخەکان بە سەرکەوتوویی تێدەپەڕێنێت.
لەلایەكی ترەوە پەیامێكی بە كەركوك و كەركوكییەكاندا كە یەكێتی و كەركوك دوانەیەكی لە یەك دانەبڕاون و بە هەموانی وت هەرگیز لە مافە نەتەوەییەكانی كورد سازش ناكات. ئاماژەكان وا دەخوێندرێنەوە بەستنی كۆنگرەی پێنجەم و پێشخستنی بە چەند مانگێك لەوادەی خۆی، چەند گرنگ بێت بۆ ناوخۆی حزب، ئەوا زیاتریش پەیامێكی فرە رەهەندی سیاسی بوو وەك هێمای بەهێزی و خۆڕاگریی بەرامبەر هەموو ئاستەنگەکان.

وتارەکانی نوسەر