پێشكه‌وتنی ته‌كنۆلۆجیا و پیاده‌كردنی سیستمی دیجیتاڵی و زیره‌كی ده‌ستكرد و چالاكی رۆبۆته‌كان، وا ده‌كات له ئاینده‌دا بێكارییه‌كی زۆر دروست ببێت، كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ركه‌وته‌ی ئه‌و سیسته‌مه نوێییه به چاوی خۆمان ده‌بینین كه چ ناڕه‌زاییه‌كی لێده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌ویش به‌هۆی فه‌رامۆشكردن و لێكنه‌دانه‌وه‌ی پێشبینی و لێكه‌وته و پێشهات و كاریگه‌رییه خراپه‌كانی ئه‌و سیستمه ته‌كنۆلۆجیا نوێیه‌وه، لێره‌و له‌وێ هۆشداری ده‌درێت، كه پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدانی فراوانكردنی چالاكی زیره‌كی ده‌ستكرد، له‌لایه‌ن پسپۆڕ‌و شاره‌زایانه‌وه شیكردنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی جیاجیای بۆ بكرێت، هه‌ندێك كه‌س وای بۆ ده‌چن مه‌ترسییه‌كانی هێنده كاریگه‌ربن مرۆڤایه‌تی له‌ناو ببات، ره‌نگه ده‌ركه‌وته‌ی هه‌ندێك داهێنانی ئه‌و رۆبۆتانه له به‌كارهێنانیان بۆ راییكردنی كاروباره‌كان ئه‌رێنی و پۆزه‌تیڤ بێت، وه‌ك له هه‌ندێك ریكلام و گرته ڤیدیۆییه‌كاندا ده‌یبینین، بۆ نموونه: جوڵاندنی ئۆتۆمبێلێك له شوێنێكی رێگه پێنه‌دراو و گواستنه‌وه‌ی بۆ شوێنێكی رێگه‌پێدراو.
یان ناردن و راسپاردنی رۆبۆتێك بۆ نزیكبوونه‌وه له بۆمبێكی چێنراوو پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی، ئه‌مانه و هه‌ر داهێنانێكی له‌و جۆره ده‌كرێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی نوێی ته‌كنۆلۆجیا بۆ به‌كارهێنانی پۆلیس داهێنانێكی سوودبه‌خش بێت، به‌ڵام نه‌ك به‌كارهێنانی رۆبۆت ببێته جێگره‌وه‌ی كاركردنی مرۆڤ له خواردنگه و رێستۆرانته‌كان و كارگه‌كاندا، له‌جێی ئه‌وان كار‌و خزمه‌ت بكات و بێكاری بخوڵقێت، وه‌ك له گرته ڤیدیۆیه‌كی دیكه‌دا ئه‌وه پیشان ده‌دات، كه رۆبۆتێك له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان كاری دیلیڤه‌ری بۆ رێستۆرانته‌كان ده‌كات، ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كی ترسناكه، كه له ئاینده‌دا رۆبۆته‌كان جێی كاركردن له‌مرۆڤه‌كان بگرن.
له‌لایه‌كی تره‌وه پێشبینی مه‌ترسییه‌كان بۆ داهێنانی ته‌كنۆلۆجیای زیره‌كی ده‌ستكرد له‌سه‌ر ئاینده‌ی مرۆڤایه‌تی دروست و به‌جێیه، كاریگه‌ری سلبی ئه‌و ته‌كنۆلۆجیایه وایكردووه، په‌رله‌مانی وڵاتێكی زلهێزی وه‌ك به‌ریتانیا بهێنێته ده‌نگ و هۆشداری بداته حكومه‌ت، تا له‌وه زیاتر رێگه نه‌درێت مه‌ترسی ئه‌و ته‌كنۆلۆجیایه له‌سه‌ر مرۆڤ دروست بێت و په‌ره‌ی زیاتری پێبدرێت، هه‌روه‌ها داواش ده‌كه‌ن حكومه‌ته‌كان به یاسا رووبه‌ڕووی مه‌ترسییه‌كانی زیره‌كی ده‌ستكرد له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی ببنه‌وه، له‌و رووه‌وه به‌ریتانیا مه‌سه‌له‌كه‌ی زۆر به جدی وه‌رگرتووه و له ئێستاوه له ئاماده‌كاریدایه تا میوانداری كۆنگره‌یه‌كی جیهانی بكات و تیایدا ئه‌گه‌ر و مه‌ترسییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی ئه‌م ته‌كنۆلۆجیا تازه‌یه تاوتوێ بكرێت و رێگه‌چاره‌ی گونجاو بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده نوێیه‌دا ده‌ستنیشان بكرێت.