لێم دەپرسن

10:12 - 2023-09-10
پ.ی.د.شوان ئادەم ئەیڤەس
277 خوێندراوەتەوە

13

*مەبەست لە «میدیاوان و میدیای حەمام» چییە و بەچیدا دەناسرێنەوە؟
- مەبەستی بنچینەیی «میدیاوان و میدیای حەمام» روو زەردکردنی پیشەی راگەیاندن و رۆژنامەگەرییە، لەڕێگەی گرتنەبەری شێوازی شەرمهێنەری حەمامکردن و داشۆرینی پەیامی سەنگینی میدیایی لە هەر جۆرە پێوەر و بەها و بایەخێکی میدیایی، بە ئامانجی راکێشانی سەرنج و سامانی وەرگر، تاوەکو زووتر و زیاتر رێژەی چەندێتی بەسەر چۆنایەتی بەرهەمی میدیاییدا بەرزبکەنەوە!
ئەگەرچی پێشینان وتەنی: «حەمام بە تڕ گەرم نابێت»، بەڵام بەشێک لە بەناو میدیاوان و میدیای کوردی لە هەزارەی سێیەمی مرۆڤایەتی و سەدەی نوێی تەکنۆلۆژیای زانیاریدا دەیانەوێت لەڕێگەی گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین و بەدیارخستنی بەرگ و بڕوای مرۆڤی نیاندەرتاڵ و بە وروژاندنی شێوە و شێوازی خۆگۆڕین، خۆڕووتکردنەوە، خۆشتن، خۆوشککردنەوە و وردەکاری ئەوەی لەنێو حەمامی تەنیای ماڵاندا دەگوزەرێت، بخەنە سەر شاشەی گشتی ماڵان و بازاڕی ساردی خۆیانی پێ گەرمبکەنەوە ئەوەیش بە تەواوی دژ و پێچەوانەی بنچینەی بنەما یاساییەکان و پێوەرەکانی رێسا پیشەییەکانی راگەیاندن و کاری شکۆمەندانەی رۆژنامەگەرییە.
میدیای حەمامی ئەمڕۆ، حەمامی گەرمی رۆژنامەگەریی رووزەرد (yellow journalism)ی دوێنێیە بۆ سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەیەم دەگەڕێتەوە و لەڕێگەی داتاشین و بەدیارخستنی وشە و وێنە و ڤیدیۆی سێکسی و پڕۆمۆ و پڕۆگرامی پڕ وردەکاری چیرۆکەکانی ئابڕوچوون و تاوان و دەستخستنەنێو ژیانی تایبەتی کەسەکانەوە، کەسێتی و کەسایەتییەکان بە ئامانج دەگرێت. ئەوەیش هەمان ئەو ئامانج و ئەنجامەی «میدیاوان و میدیای حەمام» دەگرێتەوە کە ساڵانێکە لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا بە بەرنامە بازاڕسازی بۆ دەکرێت و وەک نوێترین مۆدێلی میدیای کوردی بە دۆست و دوژمن دەناسێنرێت!
ئەو مۆدێلە شەرمهێنەرەی کارکردنی ئەمڕۆی بەشێک لە میدیاوان و میدیای کوردی لە دەرەوەی دەروازە و دەرگاوانی هەر جۆرە بەرژەوەندییەکی گشتی و بایەخێکی کۆمەڵایەتی و بەهایەکی هەواڵییە، ئاماژەیەکی رەشی پاشەکشێی ئازادییەکانی دەربڕین و رۆژنامەگەرییە. ئاماژەیەک کە مەبەستییەتی، پەردەپۆشی سێکوچکەی گوندەیی و گەندەیی و گەندەڵی کەس و کاری دەستەی رەفتار مافیای هەرێمی کوردستان بکات و رێگە لە هەر جۆرە رووماڵێکی پیشەیی بگرێت کە ئامانج لێی گەیشتن بە دروستی زانیارییەکان و راستەقینەیی رووداوەکان بێت. واتە بۆ لەبیربردنەوەی پرسە هەنووکەییەکان و کێشە رۆژانەییەکانی دانیشتوانی ئەم هەرێمەیە، هەرجۆرە کەس و کەسایەتی و بابەتێکی لاوەکی دەکاتە رۆژەڤی رۆژانەی میدیاکەی و دەشیەوێت وەک پرسێکی گەورە و گرنگ رۆژ، سەرنجی وەرگرەکانی پێڕابکێشێت!
جا بۆ کەمکردنەوەی رۆڵ و رەفتاری بێبەهای «میدیاوان و میدیای حەمام» هەر بە تەنیا هەڵمەتی کاتیی دەستگیرکردن، دادگایکردن و بەدناوکردنی ئەو فووتێکراوانە بەس نییە لە ژێر ناونیشانی قەبەی مۆدێل و مەیکئەپ ئارتیست و هونەرمەندی میللی و ...هتد دەشاردرێنەوە، بەڵکو لێپێچینەوەی یاسایی لە هاندەر و هاوبەش و هاوکارانیشان گرنگە و لەئاستی تاکەکەسیشدا پێویستە دەست بەسڕینەوە و پەڕاوێزخستنی تەواوی ئەو کەس و کەناڵ و مینبەر و میدیایانە بکرێت کە میزاجی کوردەواری وەرگر تێکدەدەن و دەیشێوێنن، تاوەکو لەوە زیاتر حاڵەتی ناباو و نائاسایی کەسێک یان دەستە و کۆمەڵگەیەکی دیاریکراو وەک دیاردەی باو و ئاسایی کۆی کۆمەڵگە و دانیشتوانی رووماڵ یاخود رووپۆشنەکەن!

وتارەکانی نوسەر