(10)
بە دەیان و سەدان سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە فەیسبووک و تویتەر و ئینستاگرام و تیلیگرام و بگرە لە چەند کەناڵێکی ئاسمانی-یشەوە تەرویج بەو درۆ و چەواشەکارییانە دەدرێت کە گوایە تا سەدام مابوو کەس نەیدەتوانی سنووری عیراق ببەزێنێت، بەڵام داخەکەم وەڵامێکی لمۆز شکێن لە کەسانێکی شایەتحاڵی رووداوەکانەوە نابیستین، یان ئەگەر هەشبێت زۆر شەرمنانەیە و پاساوی بێ بنەمای بۆ دەهێنرێتەوە گوایە حکومەتی هەرێم، یان ئەم حزبانەی ئێستای عیراق و کوردستان لەو رژێمە خراپترن! بەڵام ئەو چەواشەکارییە بەتەنها شێواندنی مێژوو نییە، بەڵکو شێواندنی ئایندەشە.
ئەمڕۆ 10ی ئەیلول، 39 ساڵ بەسەر رێکەوتنێکی سەدامدا تێدەپەڕێت کە لەگەڵ سەرۆکی کودەتا سەربازییەکەی تورکیادا ئیمزای کرد لەبەرامبەر رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوتی عیراق لە بۆریی کەرکوک – جەیهان-ەوە، تورکیا دەتوانێت 15 کیلۆمەتر بە ئاسمانی و پێنج کیلۆمەتر بە زەمینی سنووری عیراق ببەزێنێت بەناوی راوەدوونانی پەکەکەوە کە 26 رۆژ بوو ئیعلانی بزووتنەوەی چەکدارییان کردبوو.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باکگراوندی ئەم رێکەوتننامەیە، خودی رێکەوتنەکە و سەردانەکەی وەفدی ئەنقەرە لە مانگی ئەیلولدا، بۆ دروستکردنی گوشاربوو لەسەر بەغدا تا کۆتایی بە گفتوگۆی نێوان خۆی و ی.ن.ک بهێنێت، چونکە پەکەکە بە 26 رۆژ، هێشتا نەببووە هێزێکی ئەوتۆ کە بتوانێت مەترسی لەسەر حکومەتێکی عەسکەرتاریی وەک ئەوەی کەنعان ئیڤرین دروست بکات، بەڵام دیارە تورکیا دۆخی جەنگی عیراق – ئێرانی قۆستبۆوە کە عیراق توانای هەناردەکردنی نەوتی لە کەنداوەوە نەبوو، بۆریی نەوتی کەرکوک – بانیاسیش لە سوریا لە ساڵی 1982-ەوە پەکی کەوتبوو، بەو پێیەی دیمەشق لە جەنگەکەدا لایەنگری تاران بوو.
لەم باکگراوندەوە دەگەینە ئەو راستییەی کە سەدام نە ئەو پاڵەوانە ئەفسانەییە بووە و نە ئەو نیشتمانپەروەرە لە شکان نەهاتووە بووە کە سنووربەزاندن و ئیبتیزازی دەرودراوسێی قبووڵ نەکردبێت.
سەدام رێکەوتنەکەی جەزائیری قبووڵ کرد و هەزاران کیلۆمەتر چوارگۆشەی لە رووبەری زەوی و ئاویی عیراق بەخشییە ئێرانی حەمەڕەزا شا و سەرەڕای ئیلغاکردنەوەشی لە ساڵی 1980 و هەڵگیرسانی جەنگی عیراق – ئێران، بەڵام لە ساڵی 1990دا وەک خۆی هەمان مافی ناو رێکەوتننامەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامییش سەلماندەوە لە نامەکەی سەدامدا بۆ رەفسنجانی.
جگە لەوەش سەرباری ئەوەی تورکیا لە پێش جەنگی رزگارکردنی کوێتدا، بنکەی ئینچەرلیکی لەبەردەم فڕۆکەکانی هاوپەیماناندا واڵاکرد، بەڵام دووبارە رێکەوتنی سنووربەزاندنەکەی لە ساڵی 1990دا بە زیادەوە بۆ نوێکردەوە و لە 15 کیلۆمەتری ئاسمانییەوە بۆی کرد بە (30) کیلۆمەتر!
عەبدولقادر عوبێدی وەزیری پێشووتری بەرگریی عیراق لە دیدارێکیدا ئەوەی ئاشکرای کرد کە کاتێک عیراق 39 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە سزا نێودەوڵەتییەکاندا بڕی 39 ملیار دۆلار قەرەبوو درایەوە بە ئیسرائیل لە بەرامبەر وەڵامنەدانەوەی عیراق و ئیسرائیلیش ئەو قەرەبووەی لە دروستکردنی (کڵاوەی ئاسنین- قبه الحدیدیه)دا سەرفکرد کە سیستمێکی رادار و مووشەکیی زەمینی – ئاسمانیی پێشکەوتووە و قەوارەی ئیسرائیل لە هەر هێرشێکی مووشەکیی وڵاتانی دەوروبەری دەپارێزێت!