گەشە و سەرکەوتن

تەمەن و كێبڕكێ

10:57 - 2023-09-10
ئەرشەد تەحسین
351 خوێندراوەتەوە

تەمەنی هەر مرۆڤێك لەسەر سەكۆی ئەم ژیانە ئامرازێكە بۆ سەركەوتن، بیهێنە پێش چاوی خۆت ژیان مەیدانی كێبڕكێیە و تۆش كێبڕكێكار، بەوپەڕی ئیرادە و بڕوا بەخۆبوونەوە تەمەنت بكە بە ئامرازێك بۆ كێبڕكێ پەیژەیەك بەرەو سەركەوتن، ترس لەژیانت دەربكە و بەئیرادەوە بڕۆ مەیدانی كێبڕكێوە، چونكە لەهەركوێ ترس هەبێت كێبڕكێ نابێت، ترس گەورەترین رێگرییە لە سەركەوتن و ژیانیش بەبێ‌ سەركەوتنی بەردەوام هیچ نییە لە دۆڕان.
كاتێك ترس دەتوەستێنێت  و دەتخاتە پەراوێزەوە و ناهێڵێت بچیتە هیچ كێبڕكێیەكەوە، وەك ئەوانەیە كە هیچ ناكەن و خەیاڵیان ئاسوودەیە لەوەی كە تووشی گرفت بن، بەڵام  بێ دەستكەوتن لە ژیان، بەهێزەكان لەگرفت ناترسن و دەچنە كێبڕكێی ژیانەوە و سەركەوتن بەدەست دەهێنن.
 كاتێك ئامانجێكت هەیە ئەوا بەوپەڕی توانا و بڕوا بەخۆبوونەوە كێبڕكێ بكە لەپێناو  بەدەستهێنانیدا، هەرگیز لەكێبڕكێ مەترسە، ژیان ماراسۆنە، هەركات وەستایت ئەوا لەژیان دوادەكەویت و سەرەنجام ناگەیت بەسەركەوتن، لەبەرامبەریشدا كەسانێك هەن بەردەوام دەبن و بە بەرچاوی تۆوە دەگەن بەسەركەوتن.
 تەمەنت پڕ بكە لەتامەزرۆیی، لەحەز و خولیا، بەتامەزرۆییەوە لەكێبڕكێی ژیان بەردەوامبە، كاتێك مرۆڤ بەتامەزرۆییەوە هەنگاو دەنێت ئەوا هەنگاوی مەزن دەنێت و هەر هەنگاوێكیش لەكێبڕكێی ژیان پێشتری دەخات.
 بڕیار بدە و بڕیاردەرێكی باش بە، چونكە بڕیاری بوێرانە بەردەوامیت پێدەدات  لەكێبڕكێ و ئیرادەت بەهێزدەكات، هێزیش داینەمۆی سەركەوتنە.
 تەمەنت پڕ بكە لەحەز و خولیا، ویستی بەدەستهێنانی سەركەوتنی زیاتر، ئەمەش وات لێدەكات لەكێبڕكێی ژیان بەردەوام بیت، هەمیشە لەكێبڕكێدابە بۆ گەیشتن بە پێگەیەكی باشتر و بەرزتر، مەزنەكان ناترسن و بوێرانە لەكێبڕكێ دان و لەماراسۆنی ژیان دواناكەون، ئەستێرە گەشەكانی مێژووی مرۆڤایەتی هەمیشە لەكێبڕكێدان بۆ تۆماركردنی زۆرترین سەركەوتن.
  چەند مەزنن ئەوانەی هەمیشە كێبڕكێكان بەپلان و بەرنامەی تۆكمەوە درێژە پێدەدەن، ئای كە مەزنترن ئەوانەی دەتوانن بەكێبڕكێكان دۆخی ژیان و قۆناغی  تەمەنیان باشتر بكەن و مێژوویەكی جوان بۆخۆیان تۆمار دەكەن.

وتارەکانی نوسەر