ژن وەك بەهرە و توانا بۆ پەرەپێدان

10:21 - 2023-09-11
دڵسۆز رەسوڵ
587 خوێندراوەتەوە

پەرەپێدان و پێشخستنی وڵات پێویستی بە دورستكردنی ژێرخان وسەرخانێكی بەهێز هەیە، خودی مرۆڤ و بەهرەكانی سامانێكی گرنگە بۆ بەشداری لەو پێشخستن و بونیادنانەدا، ئێستا لە زانستی كارگێڕیدا سامانی مرۆیی وەك یەكەیەكی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت و هەوڵی زۆر دەدرێت بۆئەوەی زرۆترین سوودی لێ ببینرێت، بەشێوەیەك بتوانرێت ئەوپەڕی وەبەرهێنان لەم سامانە لەبن نەهاتووەدا بكرێت، چەمكی سامانی مرۆیی لەپێش هەموو شتێكەوە واتا سوود وەرگرتن لە توانا مرۆییەكان لەگشت روویەكەوە بەبێ جیاوازی رەگەز و پسپۆڕی و لێهاتویی خستنەگەڕی هەریەكەیان لەشوێن و پێگەی شایستەی خۆیدا.
ژنان وەك بەشێكی كۆمەڵگە و بەشێكی مرۆڤایەتی بنەمایەكی گرنگی سامانی مرۆیی پێكدەهێنن، بەوپێیەی ژن پێكهێنەرێكی گرنگی كۆمەڵگەیە و ئێستا لەگشت بوارەكاندا دەرفەتی خۆپێگەیاندنی هەیە بۆیە توانای ئەوەی هەیە ببێتە رەگەزێكی سەرەكی بۆئەوەی بەشداربێت لە پەرەپێدان و پێشخستنی كۆمەڵگەدا، لە گەشەپێدانی دەزگا دەوڵەتی و حزبی و دەزگاكانی تری كۆمەڵگەی مەدەنیدا، ژن فاكتەرێكی گرنگ بێت لە پاراستنی خێزان و روبەڕوبوونەوەی توندوتیژی و نەریتە دواكەوتووەكانی كۆمەڵگەدا، ببنە بناغەیەكی بەهێز لە بونیادنانی ئاشتی و ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەدا بەرەو ئاشتی و سەقامگیری.
ئەگەر تەماشا بكەین لەو كۆمەڵگەیانەدا كە رۆڵ و پێگە بە ژنان دەدرێت و بەشدارییان پێ دەكرێت لەكایە جیاوازەكاندا ئەو كۆمەڵگەیانە باشتر بەرەنگاری گرفتەكان دەبنەوە و باشتر دەتوانن بەسەر كۆسپ و تەگەرەكاندا زاڵ ببن، بۆ نموونە بەشداری پێكردنی ژنان لە كایەی سیاسی و كارگێڕیدا دەبێتە مایەی هێنانەدی هاوسەنگی لە دەزگا و دامەزراوەكاندا و وادەكات كەمترین جیاوازی رەگەزی و پێشێلكاری بێتەكایەوە ئەگەر لێرە و لەوێ پێشێلكاری رووبدەن ئەوا بەشێوەی دادپەروەرانە چارەسەر دەكرێن، هەروەها بایەخدان بەڕۆڵی ژنان دەبێتە هۆی ئەوەی سوود لەگشت تواناكانی كۆمەڵگا وەربگیرێت و هیچ بەشێك لە سامانی مرۆیی وڵات بەفیڕۆنەچێت لە ئەنجامی پەراوێزخستنی ژنەوە.
لەو كۆمەڵگەیانەی كەمتر دەرفەت بەژن دەدرێت یان هەر دەرفەتی پێ نادرێت و تواكانی نادیدە دەگیرێن، كۆمەڵگای ناهاوسەنگ دێتەكایەوە، گەورەترین سامانی وڵات كە مرۆڤەكانیەتی بەشێكیان توانا و لێهاتووییەكانیان بەفیڕۆ دەچێت و سوودیان لێ وەرناگیرێت، سیستمە دواكەوتوو و دژە ژنەكان بیانووی زۆر دێننەوە بۆ پەراوێزخستنی ژن و سنوورداركردنی دەرفەتەكانی بەردەمیان، كە هەموویان یەك دەرئەنجامیان هەیە ئەویش دروستكردنی كۆمەڵگەیەكی تاك رەهەند و تاك جەمسەرە كە ژن هیچ رۆڵێكی تیادا نابینێت، نە لە دروستكردن و نە لە پەرەپێدانیدا ئەمەش لەكۆتاییدا نایەكسانی و ستەم و چەوسانەوە بەرهەم دەهێنێت، ئەگەرچی بەڕووكەش كۆمەڵگەیەكی خۆشگوزەرانیش بێت لەڕووی سامانی مادیەوە دەوڵەمەند بێت،وەك ئەوەی لەهەندێک وڵاتدا هەیە.
لێرەوە دەڵێین ژنان و بەهرە و تواناكانیان پێویستە وەك سەرمایەیەكی گرنگی كۆمەڵگە تەماشا بكرێن، بەشدارێكی كارابن لە بوارە جیاوازەكانی ژیانی سیاسی و ئیداری و حزبیدا، لەم روانگەیەشەوە حزبە مۆدێرنەكانی لە نموونەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەركی قورسترە و زۆرتر جێی هیوای ژنانن كە پاڵپشتیان بێت و توانا و لێهاتووییەكانیان لەبەرچاو بگرێت و نەهێڵێت ئەو توێژە گرنگ و خاوەن توانایەی وڵات پەراوێز بخرێن، بەمەش هەم ژنان دەبنە فاكتەری پێشخستنی حزب و دامەزراوە ئیدارییەكان و هەمیش حزب و دامەزراوەكان سوود لەتوانا و لێهاتوویی و بەهرەكانی ژنان دەبینن و پێشدەكەون و پەرەسەندن و ئەكتیڤ بوون دەبێتە دەرئەنجامیان.

وتارەکانی نوسەر