5
رەهەندە زمانەوانییەکەی چەپك لە فەرهەنگی یەكێتیدا، لە مانا سروشتیەكەی خۆی زیاتر هەڵگری واتایە و بەکارهێنانە سیاسییەکەی دیزاینی رێكخستنی یەكێتییە لە رەنگ و دەنگی جیاواز و بیركردنەوەی جودا و کۆکردنەوەی لە ژێر یەک میچدا، بەو مانایەی چەپكە گوڵ وەك تیۆرێكی بە بەها سەرچاوەی رێنوێنی و ستراكتۆری مێژووی كاركردنی یەكێتی بووە، هەڵبەت بەرهەمهێنانی ئەم تێزە و رەنگڕێژكردنی وەك فەلسەفەی پێكەوەیی لەلایەن مام جەلالەوە بەرهەمی درووشمسازی نییە بۆ جیاكردنەوەی یەکێتی لەوانی دیكە، بەڵكو بنەمای خەیاڵباڵایی جەلالیانەیە لە گرنگی خەباتی بەرەیی و پێكەوەیی جیاوازەکان لە ژێر چەتری یەكێتیدا، یەكێتی كە هەر خۆی لە رووی مێژووییەوە زادەی چەتری كۆمەڵە و بزووتنەوە و هێڵی گشتییە و پاشتریش قۆناغی دوای راپەڕین لەرێگەی تێزی یەكخستنەوەی چەپەكان، سایە و سێبەری یەكێتی گەورەتر بووە.
فەلسەفەی چەپكەگوڵ، ئەگەرچی دێرینیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێ و دامەزراندنی یەكێتی، بەڵام لەكۆتا مانگی ساڵی (1992) جارێكی سەرۆك مام جەلال لەرێگەی پرۆژە تێزی (لەپێناو گەشەپێدانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا) پرەنسیبی پێكەوەیی بۆ كۆكردنەوە و یەكخستنەوەی هێزە پچڕ پچڕ و لێكدابڕاوەكان و یەكگرتنەوەی دووركەوتووەكان و جیابوەكان دوپاتدەكاتەوە، لەم پرۆژەیەدا مام جەلال دەنوسێت «لەجیاتی ئەوەی سەرئێشە بۆ حزبە تێكۆشەرەكەی خۆیان دروست بكەن و گیروگرفت (هەر چۆنێك بێت و هەرچەند بچوكیش بێت) بێنێتە كایەوە، یان لەجیاتی پێكەوەنانی رێكخراوێكی بچووكی كاری نەكەر لەكۆڕی خەباتی جەماهیر، باشتروایە جێگای خۆیان بەسەربەرزیەوە بەدەستڕۆیشتووییەوە كەسانی كاریگەربن»، روانینی فراوان بۆ فراوانكردنی یەكێتی لەلایەن مام جەلالەوە بە تەنها لە پرۆژەدا نەمایەوە و تا دوا قۆناغەكانی ژیانی یەكێتی هەر چەتر و سایەی هەموو ئاراستە و جەمسەرەكان مایەوە.
راڵف گۆڵدمان لە كتێبی (من الحرب إلي سیاسة الاحزاب) لە بەراوردكردنی مۆدێلی پارتە سیاسیەكان هێما بۆ دوو تایپ و شێوە دەكات، مۆدێلە كۆنباوەكان ئەوانەن كە بە جەبری دیسپلین و ناوەندگەری، حزب بە یەك رەنگ و دەنگ و بیركردنەوە بۆیە دەكەن و هەموو ئەندامان پێویستە بە نەغمە و تۆنێك قسەبكەن، لەكاتێكدا پارتی سیاسی هاوچەرخ كە ئامانجی هاوبەش ئەندامانی كۆدەكاتەوە، پانتاییەكانی جیاوازی و فرەیی تێدایە و لە شێوەی چەپكەگوڵدا خۆیان بەیاندەكەن، لەمەدا یەكێتی سەر بە قوتابخانەی دووەمە و بەدرێژایی ساڵانی تێكۆشانی هەردەم چەتر بووە. بەدڵنیاییەوە كۆنگرەی پێنجەمیش لەرووی پێكهاتەی مرۆیی و سیاسی و ئەندێشەی بیرییەوە، چەپكی بیر و جوگرافیا و رەگەز و ئایینی لە خۆیگرتووە و پارێزبەندییش بۆ چەپكە گوڵەكەی خۆی دروست دەكات.
هەمیشە سروشتی كۆنگرەكانی یەكێتی وابووە، بەگوێرەی سەردەم و پێشكەوتن، چەمك و ئایدیۆلۆژیا و باوەڕە مۆدێرنەكان پەسەند بكات و بیكات بە نەخشەڕێگای كاركردن و خەبات، راستە دیداری یەكێتی چەمك و تێزە نوێیەكانی بۆ یەكێتی پەسەندكرد، بەڵام كۆنگرەی پێنجەمیش جارێكی تر لەرێگەی دوپاتکردنەوەی هەردوو چییەکەوە، لە یەك پاكێجدا چەپك و چەمكەكە وەک سروتێکی پێشینە و فەرهەنگی مام جەلال دەپارێزێت.