دوای لەناوبردنی دەوڵەتی بەناو خیلافەت «داعش» و ئازادكردنی ریفی باکوور و خۆرهەڵاتی دێرەزۆر، دواتریش پێكهێنانی ئەنجوومەنە سەربازییەكان و بە ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزۆریشەوە، ئەحمەد خەبیل (ئەبو خەولە)ش كە لە عەشیرەتی عگیداتە بە سەرۆكی هاوبەشی ئەو ئەنجوومەنە دامەزرێنرا، لە هەمان كاتیشدا ئەنجوومەنێكی مەدەنی سەر بە ئیدارەی خۆسەری باكوور و خۆرهەڵاتی سوریا لەو ناوچەیە پێكهێنرا.
چاوەڕوانی خەڵك و دانیشتوانی ناوچەكەش لەهەسەدە ئەوەیە، كە دەتوانێت بارودۆخی ناوچەكەیان بگێڕێتەوە بۆ سەقامگیری پێشوو
پیلان و یاخیبوون
دوای ئەوەی بارودۆخیش لەهەموو ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری بەناوچەی دێرزۆریش ئازادكران و سەقامگیری تێدا بەدی هات، ئیدارەی مەدەنی ئەو ناوچەیەش دەستی بەكارەكانی كرد لەسەرجەم بوارەكانی پزیشكی و ئابووری و خوێندن و خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی و رۆشنبیری، پێشكەوتنێكی بەرچاویش لە هەموو ئەو سێكتەرانە بەدیهات، هێز و لایەنە نەیارەكان و دژ بە ئیدارەی خۆسەری و لەپێش هەموویانەوە توركیا و ئێران و رژێمی سوریا و خانەكانی داعش، ئەو بارودۆخەیان پێ هەزم نەكرا و بۆ ساتێكیش لەدژایەتی كورد و ئیدارەی خۆسەری نەوەستان، بۆیە دەستیان بە پیلان كرد بە ئیستغلالكردنی هۆزە عەرەبییەكان و هاندانیان بۆ دروستكردنی كێشە، ترسناكترین كاریشیان پێشێلكردنی ئەنجوومەنی سەربازی بوو، لەرێگەی ئەحمەد خەبیلەوە كە خۆی وەكو ئەمیرێك راگەیاند كە هیچ جیاوازییەكی نەبوو لە ئەمیرەكانی تری داعش، خەبیل دەستیكرد بە سەركوتكردنی خەڵكی ناوچەكە و پیاوماقوڵانی هۆزەكان و هاندانی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و قاچاخ لە نێوان هەردوو دیوی رووباری فورات، لەهەمووی ترسناكتر خەبیل پەیوەندی لەگەڵ توركیا و رژێمی ئەسەد دروستكرد و چاوەڕوانی هەل بوو بۆ دژایەتیكردن و شەڕ لەپاڵ ئەو دوو رژێمەدا دژ بە هێزەكانی سوریای دیموكرات.
پەرەسەندنی مەترسییەکان
لێپرسینەوەنەكردن بەرامبەر خەبیل و ئەوانەی لەگەڵیشیدان و دانەنانی سنوورێك بۆ ئەو دیاردە ترسناكە لەلایەن هەسەدەوە، دەگەڕێتەوە بۆ چەند ئیعتیباراتێكی تایبەت، كە ئەوەش بوو بەهۆی پەرەسەندنی زیاتر مەترسییەكان بەو جۆرەی كە بینیمان.
كاتێك سەركردایەتی هەسەدە بڕیاری روبەروبوونەوەی ئەو جوڵەیە داو دەستیكرد بە لێپرسینەوە لە خەبیل، پیلانەكە زۆر گەورەتر بوبوو، بواریش بۆ یاخیبوونی رەخسابوو بە هاوكاری هەردوو رژێمی سوریا و توركیا و میلیشیا چەكدارەكان و خانەكانی داعشیش، كە سوودی لەو بارودۆخە وەرگرت و چەندین گروپی چەكداری پێكهێنا و راستەوخۆ كەوتە شەڕ لەگەڵ هەسەدەدا، بەتایبەت دوای ئەوەی چەند لایەنێكی هەرێمی و بە هاریكاری رژێمی دیمەشق رێژەیەكی زۆر چەك و تەقەمەنییان هێنایە ناوچەكە.
لێپرسینەوە لە خەبیل لەلایەن هەسەدەوە زۆر پێویست بوو، یەكەم، بۆ رزگاركرنی دانیشتوانی ناوچەكە لە خراپەكارییەكانی و دووەم بۆ شكستپێهێنانی ئەو پیلانانەی دادەڕێژرا لەلایەن نەیارانەوە، پرۆسەی «چەسپاندنی ئاسایش»یش لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكراتەوە بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدێرەزۆر، بۆ لەناوبردنی ئەو یاخیبوونە بوو، هەروەها بۆ گێرانەوەی سەقامگیری بوو بۆ ناوچەكە.
چاوەڕوانی خەڵك و دانیشتوانی ناوچەكەش لەهەسەدە ئەوەیە، كە دەتوانێت بارودۆخی ناوچەكەیان بگێڕێتەوە سەقامگیری پێشوو، هەروەها دەتوانێت بە شێوەیەكی حەكیمانەو ئەقڵانیانە و بەكەمترین زیان، چارەسەرەی قەیرانەكە بكات و پیلانەكەش شكست پێ بهێنێت.
ئەوەی روویدا و روودەدات لەدێرەزۆر هیچ پەیوەندی بە ناكۆكی عەرەب و كوردەوە نییە، بەڵكو پرۆسەیەكی سەربازییە بۆ لەناوبردنی یاخیبووان و گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە.