بەستنی كۆنگرەی پێنجەم لەم كاتەدا، خۆی پەیامێکی بەهێزی یەكێتییە و هەستانەوە و نوێبوونەوەیە، لەكاتیكدا حزب هەیە دوای چەندین ساڵ كۆنگرە دەبەستێت بەبێ هیچ نوێبوونەوە و ئاڵوگۆڕێک لە بەرنامە و دیاریکردنی هیچ ئامانجێک بۆ خزمەتكردنی دۆزی كورد بەپێی ئاڵوگۆڕی دۆخە هەنووکەییەکان.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەموو هەلومەرجێكی لەباری سیاسی یان نالەباریی ناوخۆیی و ناوچەكە و جیهان توانیویەتی كۆنگرەی خۆی ببەستێ، ئەویش لەپێناوی ئەوەی كە وەك حزبێكی گەورە و گرنگ لە ناوخۆی هەرێم و ناوچەكەدا و بگرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش وا پێویستە كە خۆی كۆبكاتەوە و بە گوڕوتینێكی نوێوە بێتەوە مەیدان، بۆ ئەوەش بەستنی كۆنگرەی نوێبوونەوە بە زەروورەت دەزانێت، ئەگەرچی وادەی كۆنگرەی چوارەم بۆ پێنجەم چەند مانگێكی ماوە وەك ماوەی یاسایی، بەڵام بەستنی كۆنگرەی پێنجەم نیشانەی زیندوویی و بەهێزیی ئەم حزبەیە كە لەپێناوی نوێبوونەوە و گۆڕانكاری سیاسی و رێكخراوەیی خۆی و ئامادەکاریی بۆ پێشهاتە خێراکان خۆی رێكدەخاتەوە.
بەستنی كۆنگرەی پێنجەم لەو ماوەیەی بۆی دانراوە كە 27 ئەم مانگەیە، لە راسپاردەكانی سەرۆك مام جەلال-ە لە رابردوودا و ئێستا جێبەجێدەكرێت، كاتێک لە کۆنگرەی سێیەمدا داوایكرد دەبێت کۆنگرەکانی یەکێتی لە وادەی خۆیدا ببەسترێت.
گەشەكردنی هەر حزبێک لەهەموو روویەكەوە بەستراوە بە بەستنی كۆنگرەکانی لەوادەی خۆیدا بە تایبەتی لە دۆخێکی هەمیشە گۆڕاوی وەک هەنووکەدا تا حزب سیاسەتی نوێ بە دیدی نوێوە دابڕێژێت و بگونجێت لەگەڵ گۆڕانكارییەکان.
ئەوەی گرنگە یەكێتی لەكاتێكدا كۆنگرەی خۆی دەبەستێت كە کوردستان لە هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکان و عیراقیش دوو هەڵبژاردنی چارەنووسسازی لەپێشە کە هەردووكیان لەم كات و كەشە سیاسییە ئاڵۆزەدا گرنگن، لەبەرئەوەی كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بۆ كورد و یەكێتی گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی لە كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و عیراق و ئەوەش پێویستى بە بەرنامەیەكی تۆكمەیە بۆ بەدەستهێنانی دەنگێكی زۆر لەو شار و ناوچانە كە ئێستا بەشێوازی جیاجیا مەترسیی تەعریبکردنەوەیان لەسەرە. هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە پێویستە یەكێتی بە رێژەیەکی باش دەنگ بهێنێت کە هاوسەنگیی یاسایی و ئیداریی بگێڕێتەوە بۆ کایەی حوكمڕانیی لە هەرێمدا، تا کۆتایی بە جیاکاریی لە نێوان خزمەتگوزاریی ناوچەکان بهێنێت.
دیارە بەستنی کۆنگرەی پێنجەم لەم هەلومەرجەدا واتا بەهێزیی یەکێتی لە بڕیارداندا و بەهێزبوونی یەكێتیش واتای دوورخستنەوەی مەترسی و پاراستنی ئەزموون و قەوارەی هەرێمی كوردستان و خێراتر گەیاندنی خزمەتگوزاریی و دابینکردنی بژێوییە بۆ هاووڵاتیانی بەبێ جیاوازی، هەر ئەوەشە کە زۆرێک لە نەیارەکانی تووشی شۆک کردووە و لە ئێستاوە فاڵی بۆ دەگرنەوە و سیناریۆی سەیر و سەمەرەی بۆ دادەتاشن.