ئاریان محەمەد
6
لەدەورانی شەڕی ئایینزایی عیراق و سەرهەڵدانی بزوتنەوەی ناڕازی، كۆلن پاول لەنامەیەكدا بۆ ئەنجومەنی حوكم دەنوسێت «خەونەكان لە رێگەی جادو نابنە راستی بەرجەستە، بەڵكو ماندوبوون و بەرگەگرتنی فشارەكان نزیكت دەكاتەوە لە ئامانج»، ئاماژەیەكی لەم جۆرە لە قبوڵكردنی گوشار و سووربوون لەسەر گوتار، پێشینەیەكی زۆری هەیە، تۆنی بلێر رای گشتی و گوشارەكان لە قۆناغێكدا تەنگی پێهەڵچنیو و ماكرۆن و مێركل و ئەوانی دیكەش هەموو جۆرەكانی گوشاریان لەسەر تاقیكرایەوە، مام جەلال خۆشی قوربانی ئەمجۆرە گوشارانە بووە، بەڵام وێناكردنەكەی (محەمەد حەسەنێن هەیكەل) لەبارەی خۆگری لە بەرامبەر فشارەكان باشترینە، كە وتبووی «با هەر گوشار هەبێت، گرنگە دەستبەرداری گوتار نەبین».
هێزی كاریگەر و پێشڕەو نەك هەر لە هەناوی خۆیەوە پێویستە بۆ فشارەكان خۆگر بێت، بەڵكو بۆ دەرەوە و لەودیو سنوورەكانی جوگرافیای حزبیشدا خۆڕاگری مەتڵەبێكی سەرەكییە لێی، بەتایبەت كە مەرج نییە گوشارەكان ئامانج لێی چاكەی گشتی و بەرژەوەندی خەڵك بێت، بەڵكو زۆرێك لە فۆڕمەكانی فشار هەوڵە بۆ پەكخستنی توانای رابەرایەتیكردنی قۆناغێكی مێژوویی، ئەمە هانمان دەدات بگەڕێینەوە بۆ تێز و رێچارەی جەلالیانە لە ئاوڕنەدانەوە بۆ دواوە، مام جەلال لە كۆنفرانسی رۆژنامەوانی گەڕانەوە لە ئەمریكا جارێك بە میدیاكانی راگەیاند: بۆ ئاشتی و سەقامگیریی، بۆ كوردایەتیەكی نەرم و شێنەیی، بۆ خزمەتی كۆمەڵانی خەڵك لە پێشڕەویدا دەبین و ئاوڕ لەدواوە نادەینەوە. ئێستاش وەك جاران گوشارەكان لەسەر یەكێتی بەردەوامن و یەكێتیش بە نەریتەكەی مام جەلال، نە بۆ دواوە دەگەڕێتەوە و نە واز لە گوتارەكەی دێنێت.
پارتی فەرمانڕەوای ئۆكراین بۆ نیشاندانی خۆڕاگری لە بەرامبەر گوشارەكان و سووربوون و پابەندێتی بە گوتاری مانەوە و كۆڵنەدان، لە كۆنفڕەنسێكدا پرەنسیبی گوتار لەبەرامبەر گوشاریان كردە دوورنمای ستراتیژیەتی داهاتوویان، ئەمە قەدەری زۆر پارتی سیاسییە كە كۆنگرە و كۆنفڕانس و وێستگە دیموكراسییەكانی بۆ دوو ئامانج بەكاردێنێ، یەكەمیان بۆ بەیانكردنی مانەوە و خۆڕاگری لەبەرامبەر گوشارەكان و دووەمیان بۆ رانانی ستراتیژێكی مەدروس لە گەڵاڵەكردنی گوتارێكی پڕ نێواخن بۆ وەڵامدانەوە. ئەمەی ئێستاش لەدۆخی دیموكراسی یەكێتی دەگوزەرێ و بڕیاریداوە كۆنگرەی پێنجەم ببەستێت، هەر هەمان لۆژیك و بنەمایە، ئەگەرچی دروشمی ناوەندی كۆنگرە گوشار و گوتار نییە، بەڵام جەوهەری قۆناغە مێژووییەكە و سروشتی ئەجێندا ناوخۆیی و هەرێمییەكان هەر ئەوەمان لێدەخوازێت و هەر ئەمەش دەبێتە پرسی میحوەری.
كۆنگرەی پێنجەم كاتەكەی سەروەختێكە، گوشاری هەرێمیی و عیراقی لەسەر قەوارەی هەرێم زیادیكردووە و ئابڵوقەی پارتی لەسەر قەڵەمڕەوی سەوز روو لە هەڵكشانە و فشاری دۆستانی نێودەوڵەتیش بۆ هەڵبژاردنێكی بێگەرد، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و زۆر پرسی تر رووی لە هەمووانە، كۆنگرە بۆ ئەم فشار و گوشارانە، هەر گوتارە دێرینەكەی خۆی دوپاتدەكاتەوە، كە هەرگیز بۆ ئابڵوقە و ملدان ئاوڕ لە كەس نادەینەوە و بۆ خەم و فشاری چاكەویستانیش گوتاری سەنگین و كوردانە دوپاتدەكەینەوە، كە مام جەلال ناوی نابوو خیتابی خێر و چاكەی میللی.